لەنێوان جام و نەی و بێدەنگییدا
بیروڕا 10:45 AM - 2026-07-13
هەندێك شەو هەن كە بێدەنگی زیاتر لە هەر ئاوازێك قسە دەكات. جامێك بەسەر مێزێكەوە بێجووڵە راوەستاوە، لە دوورەوە دەنگی نەی بە ئارامی ناڵە دەكات، مانگ تیشكی خۆی بەسەر رووی زەویدا دەڕژێنێت و با لە گوێی دارەكاندا زیكری خۆی دووپات دەكاتەوە. لەو ساتانەدا هەست دەكەم مرۆڤ لەنێوان سێ هێمای هەمیشەییدو دەژی: جام، نەی و بێدەنگی؛ یەكێك تینوێتیی رۆحە، یەكێك ناڵەی جودایی و سێیەمیش خاڵی گەیشتن بە راستی.
هەر كاتێك بێدەنگی دەچێتە ناو دڵمەوە، بیرم بۆ رووباری ئەڵوەن دەگەڕێتەوە؛ بۆ خانەقین و جەلەوە، بۆ سەرەتای ژیان و بۆ ئەو رۆژانەی كە دنیا هێشتا بە رەنگی منداڵی دەدرەوشایەوە. لەژێر سێبەری دارخورماكان دەخەوتم و لەسەر بەردە گەرمەكانی كەناری رووبار بە پێی پەتی دەرۆیشتم، پێش ئەوەی فێری خوێندنەوەی كتێب ببم، فێری خوێندنەوەی ئاو بووم. ئەڵوەن مامۆستایەك بوو كە نە قوتابخانەی هەبوو، نە پەڕەی كتێب، بەڵام هەر شەپۆلێكی وانەیەكی هەتاهەتایی فێر دەكردم.
ئەڵوەن هەمیشە دەیگوت: «بڕۆ!»، نە بە توندیی لافاو، نە لە ترسی خنكان، بەڵكو بە ئارامی، بە متمانە و بە بەرگری لە پاكیی خۆت. ساڵانی دواتر، كاتێك ژیان رێگەیەكی قورس و پڕ لە تاقیكردنەوەی پیشاندام، تێگەیشتم ئەڵوەن هەر لە تافی منداڵییەوە فێری خۆڕاگریی كردبووم. فێری ئەوەی كە راستی هەمیشە نرخێكی هەیە، بەڵام هەرگیز نرخی لەدەستدانی ویژدان نییە.
لە درێژەی تەمەنمدا شوێنەكان گۆڕان، رووخسارەكان ون بوون، هاوڕێیان هاتن و چوون و خەونەكانیش گەورەتر، یان بچووكتر بوون، بەڵام ئەو منداڵەی كەناری ئەڵوەن هێشتا لە ناخمدا دەژی. جاروبار لە بێدەنگیی شەواندا، هەست دەكەم لە دوورەوە سەیرم دەكات. هیچ قسەیەك ناكات؛ تەنها چاوەكانم دەخوێنێتەوە و بەبێ وشە دەپرسێت: «ئایا هێشتا هەمان مرۆڤیت؟»
لەو چركەساتانەدا، وتەیەكی حافزی شیرازی لە هۆشمدا دەدرەوشێتەوە كە عیشق بە رێگەی رزگاریی دەزانێت و پاشان دەنگی نەیی مەولانا جەلالەدینی رۆمی لە ناخمدا هەڵدەستێت:
«گوێ لە نەی بگرە، چۆن چیرۆكی دابڕان دەگێڕێتەوە»، بەڵام پێش ئەوەی مرۆڤ گوێ لە ناڵەی نەی بگرێت، گوێ لە دەنگی دڵی دایك دەگرێت؛ یەكەم نەغمەی ژیان لە سنگی ئەوەوە دەست پێدەكات. لەوانەیە یەكەم دابڕانی مرۆڤیش، نە لە نیشتمان، نە لە یار، بەڵكو لە باوەشی دایكی بێت؛ ئەو چركەساتەی كە منداڵ لە گەرمیی جەستەی ئەو و لە ئارامیی دڵی ئەو جیادەبێتەوە و دەچێتە ناو جیهانی پڕ لە دەنگ و تاقیكردنەوەوە. لەوانەیە هەموو دڵتەنگییەكانی ژیان، هەر گەڕانێكی نادیار بن بۆ دۆزینەوەی هەمان ئارامیی یەكەم، بۆ هەمان هەناسەی كە لە باوەشی دایكیدا هەستی پێدەكرد. لەبەر ئەوەشە ناڵەی نەی، لە قووڵایی رۆحی مرۆڤدا، تەنها چیرۆكی دابڕان لە قامیشەڵان ناگێڕێتەوە، بەڵكو یادی ئەو یەكەم جوداییەش دەكاتەوە كە مرۆڤ لە دڵی دایكییەوە دەستی پێكرد و هێشتا بەتەواوی لە خەفەتی ئەو دابڕانە نەگەڕاوەتەوە. ئەوسا تێدەگەم كە تەواوی ژیانی مرۆڤ، چیرۆكی گەڕانەوەیە. گەڕانەوە بۆ شوێنێك كە نییە؛ بۆ دڵێك كە بەر لە برینی پاكی، هێشتا لە سەرچاوەكەی خۆیدا ماوە. ئێستا بۆم روونبووەتەوە كە جام تەنها پەیمانەی مەی نییە؛ پەیمانەی تینوێتیی رۆحە. نەی تەنها پارچەیەك قامیشی بۆش و كونكراو نییە؛ دەنگی دڵێكە كە لە سەرچاوەی خۆی دابڕاوە. بێدەنگییش نەبوونی دەنگ نییە؛ ئەو پیرۆزترین شوێنە كە وشەكان تێیدا كۆتاییان دێت و حەقیقەت دەست بە قسەكردن دەكات.
سروشت هەمیشە بێدەنگترین مامۆستای ژیان بووە. گوڵ بۆ ئەوە جوانە كە بانگەشە بۆ جوانیی خۆی ناكات. خۆر بۆ ئەوە گەورەیە كە تۆڵە لە تاریكی ناسەنێتەوە. رووبار بۆ ئەوە دەگاتە دەریا كە لە جووڵانەوە ناكەوێ. مرۆڤیش هەر كاتێك دڵی لە كینە و فێڵ و چاوچنۆكی پاراست، گەورەترین سەركەوتنی بەدەستهێناوە؛ سەركەوتنێك كە هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت بیبەخشێت و هیچ كاتێكیش ناتوانێت لێی بسەنێتەوە. ساڵەكان فێریان كردم كە دادپەروەریی لە دادگاوە دەست پێ ناكات؛ لە ویژدانەوە دەست پێدەكات. ئاشتی لە سنوورەكاندا دروست نابێت؛ لە ناخی مرۆڤدا لەدایك دەبێت. هەر بۆیە زۆرجار باشترین وەڵامەكانم لە بێدەنگییدا دۆزیوەتەوە، نەك لە قسەكردندا.
لە ئێوارەی تەمەندا، مرۆڤ دەزانێت ئەوەی بەدوایەوە بووە، زۆرجار لە سەرەتادا هەبووە. ئەو ئارامییەی ئێستا بەدوایدا دەگەڕێم، رۆژێك لە كەناری ئەڵوەن هەمبوو. ئەو پاكییەی ئێستا لە كتێب و فەلسەفەدا بۆیدەگەڕێم، لە چاوی منداڵێكدا دەدرەوشایەوە. لەڕاستیدا ژیان گەشتێكی دوور نییە؛ سووڕانەوەیەكی درێژە بۆ ئەو شوێنەی یەكەم جار رۆحمان لەوێ هەناسەی پاكی هەڵمژیوە.
باوەڕم وایە لە كاتی دوا ساتەكانی گەشتكردنمدا، «گەوهەر»ی دایكم لێم ناپرسێت چەند دەسەڵاتم بینی، یان چەند سەركەوتنم تۆمار كرد. لەوانەیە تەنها بە ئارامی بڵێت: «كاتێك دڵت دەخوێنمەوە، هێشتا بۆنی ئەڵوەنی منداڵیت لێ دێت؟!» ئەوسا، ئەوا مرۆڤ نەك تەنها ژیاوە، بەڵكو رۆحی خۆشی پاراستووە. ئینجا دەزانێت كە هەموو تەمەنی مرۆڤ، هەرچەندە 70 ساڵیش بێت، تەنها گەشتێك بووە بۆ دۆزینەوەی سێ هاوڕێی كۆنی خۆی: جامێك كە تینوێتیی رۆح بشكێنێت، نەیەك كە جودایی بگۆڕێت بە نزا و بێدەنگییەك كە تێیدا دەنگی دایكی، لە هەموو وشەیەك روونتر ببیسترێت و لە هەموو كەس باشتر رێنمایی بكات.
ئینجا دەزانێت، كۆتایی هەر گەشتێكی راستەقینە دەستپێكی گەڕانەوەیە؛ گەڕانەوە بۆ ئەو منداڵەی هێشتا لە كەناری رووباری ئەڵوەن راوەستاوە، دەستی لە رووبارەكەدایە و بە دڵێكی بێگەردەوە، هێشتا چاوەڕوانی دایكی دەكات!
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
دکتۆرێکی کورد بوەتە هیوا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مێشک
10:07 PM - 2026-07-13 -
سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال جەمال سیرینی بەسەردەکاتەوە
08:48 PM - 2026-07-13 -
خشتەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاوکرایەوە
07:46 PM - 2026-07-13 -
بانکی ناوەندیی پاکێجێکی نوێی رێنمایی بۆ رێکخستنی راکێشانی دۆلار بڵاودەکاتەوە
03:42 PM - 2026-07-13
زۆرترین خوێنراو
-
ناونووسین بۆ حهج دهستپێدهكات
کوردستان 02:33 PM - 2026-07-13 -
مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال تێکۆشەرێکى دێرینییان بەسەرکردەوە
کوردستان 01:43 PM - 2026-07-13 -
لە چوارچێوەی دۆسیەى گەندەڵی عەدنان جومەیلی دەست بەسەر 9 باڵەخانە و 3 کارگە و 7 بارهەڵگردا گیرا
عیراق 12:24 PM - 2026-07-13 -
+ 18
بیروڕا 10:49 AM - 2026-07-13 -
لەنێوان جام و نەی و بێدەنگییدا
بیروڕا 10:45 AM - 2026-07-13 -
بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێم 358کغم زێڕ لەدۆسیەی جومەیلی گەڕێندراوەتەوە
عیراق 10:01 AM - 2026-07-13 -
سەرۆک وەزیرانى عیراق بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت
عیراق 09:49 AM - 2026-07-13 -
182هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 09:31 AM - 2026-07-13




دابەزێنە

