riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 11:36 AM - 2026-06-07
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی بیست و دووەم

حزبایەتی گواستنەوەیەکی جەوهەرییە
لە کوردەواریدا

پرسیاری مەنتقی و رەوا هاتنە گۆڕێ و هاتنە بەردەم ئەم زنجیرە نووسینە کە:‏
‏-داخۆ مەبەست چییە لە‎ ‌‏ هاوشانی و یەکسانیکردنی کوردایەتی لەگەڵ سیاسەت و ‏جموجۆڵی سیاسی؟ ئایا لە گۆڕەپانی کوردستان هەر کوردایەتی هەیە و کەسی تر ‏سیاسەت بۆ کۆمەڵ و بۆ وڵات و دیموکراسی و سۆسیالیزم ناکات، وا کۆی باس بە ‏کوردایەتییەوە گرێدراوە؟ وەڵامی نووسەر ئەوەیە وا سەد ساڵە ئەوی جموجۆڵی سیاسی ‏دەکات، خۆی ناوی کوردایەتی لێ دەنێ و لەوە دەچێ کەس نەتوانێ رەنجی خەباتی بۆ ‏خەڵک روون بکاتەوە،  ئەگەر بە ناوی مەشهور و خۆشناوی کوردایەتییەوە گرێی نەدات، تا ‏ئەوەی لە فۆلکلۆری سیاسی کوردەواریدا هەموو جوولەیەکی سیاسی بۆ ئازادی و داد و ‏مافەکان پەیوەستی کوردایەتی بووە و ئیتر کەس ناتوانێ حاشای لێ بکات و خۆی تووشی ‏سەر ئێشەی گشتی بکات.
بەو حاڵەشەوە وەکو نووسەرێکی سیاسی، ئیدیعا دەکەم ئەم ‏پرس و ئیلتباسەم لە نامیلکەیەکی خنجیلانەدا شەرح کردووە کە خۆتان و هەڤاڵان دەتوانن بچنەوە ‏لای، نامیلەکەی (چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، چاپی ساڵی 2020). 

‌‏-ئینجا بۆچی کوردایەتی بەو هەموو مێژووە و بەو هەموو رەهەندە فراوان و قووڵەی باسی ‏دەکەم وا تەنگی دەکەمەوە، یەکسانی دەکەم لەگەڵ حزبایەتی لە کوردستان؟ 
هەمیشە ناوی ‏حزبایەتی لەگەڵ حزبحزبێنە و ململانێ و ناکۆکی توند و زبر و خوێناوی تێکەڵی گۆشت و ‏خوێنن، بێگومان ئەگەر هیچ کام لەو روانگە گشتیانەی لەسەر حزبایەتی و ناکۆکی حزب ‏حزبێنە هەیە، راستیش نەبن هیچ گومانی تیا نییە هەرخۆی وشەی حزب (پارت) بە مانای ‌‏(بەشێک) لە گشتی کامڵ دێت و ئەم بەشەش چەند گەورە و ژمارەی زۆر بێت، هێشتا ناکاتە ‏فرەیی و زۆری کوردەواری و زۆرینەی گەلی کوردستان.

هیچ گومانم لەوە نییە کە (بەش) ‏ناکات و ناگاتە (هەموو)، بەڵام دیتنم وایە هەر لەبەر ئەو (بەشە) ماهیەتی حزبایەتی و ‏مەزنییەکەی لە ژیانی نەتەوەدا روون دەبێتەوە، بەش دەستەبژێرە و ئەقڵ و هۆشی میللەتە ‏و ئەوە کە دەڵێین بەش ئەقڵ و هۆشە مانای ئەوە نییە هەر ئەو (بەشە) هۆشدار و ‏عاقڵن و خوانەخواستە (گشت) وا نین، بەڵکو مەبەست لێرە ئەوەیە ئەو(بەشە) هەرخۆی ‏موڵکی ئەو میللەتەیە و لێی دابڕاو نییە، دەستەبژێر نیشانەی بێ کەڵکی گشتی نییە، ‏بەڵکو ئاماژەی مەزنی نەتەوەیە کە توانیویەتی و دەتوانێ وەک نەتەوە خواپێداوەکانی تر، خاوەنی دەستەبژێر و دەستەی ‏ئاقڵ و هۆشیاری خۆی بێت.‏

لێرەوە شرۆڤەی وردتر یارمەتیدەر دەبێت لەجێی ئەوەی ئاڵۆز ساز و گرفتدار بێت.
* * *

لە رووی زنجیرەی رووداو و بەسەرهاتەوە، کوردەواری وەک جموجۆڵی ژیانە و گەشەی ‏هەموو ئاراستەکانی کۆمەڵگە پێش کوردایەتی کەوتووە، بە رۆژگارانێکی زۆرترەوە، چونکە ‏جموجۆڵی ژیان ئیدارە دەخوازێ و ئیدارەش یانی سیاسەت و رامیاری و ئەم دوانەش لە ‏کوردستانی ئێمەدا واتای کوردایەتی دەگەیەنن، مادام کوردی خۆمانی و کۆمەڵی خۆماڵی ‏پێی رادەبن.
ئێستا با ئەم دەربڕینە رۆمانسییەش بڵێم کە پێش پێشمەرگە و خەباتی ‏پیشمەرگانەش، شاخەکانی کوردستان و رووبارەکانی و دەشتودەر و کانیاوەکانی هەر ‏هەبوون، پێش پێشمەرگەی جامانە و کلێتە بەسەر، بە خۆیان و چەکیانەوە، وەک باسکی ‏بەهێزی بزووتنەوە نەتەوەییەکەمان، هەزاران  جەنگاوەری ماد و گۆتی و چی و چی ‏هەبوون، کە نەبەردییان دەکرد و دەزگا و دەوڵەتیان بۆ باب و باپیرانی دێرین دادەمەزراند، بەڵام ئیتر لەگەڵ کوردایەتی مۆدێرن و حزبایەتی حەریفدا شایەدی شتێکی تر دەبین، کە ‏مێژووی هاوچەرخ قسەی لەسەری هەیە و رەنگی بزووتنەوەیەکی سیاسی و خەباتێکی بێ ‏وچانی گرتووە کە خوێن و رەنجی بۆ دراوە.

بەوەڕا کە قەت ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین، پێش حزبایەتی کوردایەتی و خەبات و شەهادەت ‏هەر هەبووە و بە ئێستاشەوە تەمەنی کوردایەتی خۆڕسک و خۆماڵی لە تەمەنی کوردایەتی ‏هاوچەرخ و مۆدێرن زیاترە، کوردایەتی خۆڕسک جگە لە کۆنینەیی، تەنانەت لە دەرەوەی ‏کاری دەستەجەمعی بزووتنەوەکانی پێشووشەوە هەر هەیە و بەشێکە لە مێژووی رەسەن و ‏دێرۆکی شانازی نەتەوە، بەڵام کوردایەتی لەم زەمەنەی ئێستا و هیچ نەبێ بە ئەزموونی ‏سەد ساڵی رابردوو، بزووتنەوەیەکی گەورە و ئەرکدار و فراوان و ئاڵۆزە کە دامەزراوەی ‏سەنگین و پتەوی دەوێت، حزبیش سەرەکیترین دامەزراوەیەتی.‏

‏ بەڵێ وایە و گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی لە دەرەوەی حزبایەتیش هەیە، بەربڵاو و فراوانە و دێرین و نەمرترە، بەڵام لە دەرەوەی حزبایەتی وێڵ و سەرگەردانە و بە بادا ‏دەچێ، سامانی زۆر و زەبەندی دەم بایە و دامەزراوەی حەریفی وەک حزبایەتی دەوێت کە ‏خڕی بکاتەوە و بۆ رۆژانی داهاتوو دابینی بکات، ئاوی زوڵال و رووباری شینە بەنداوی ‏گەورەی دەوێت بۆ وشکە ساڵی و پاشەکشێی رۆژگاران گلی بداتەوە و لە رۆژی ئێستاشدا ‏کارا و چالاکی بکات، هەر تەنیا لەناو حزبایەتیدایە کە تێکۆشەری حزبی وەک خۆی و ‏لەگەڵ هەڤاڵەکانی، رێکخەرە، هاندەرە و بانگەوازخوازە، چالاک و کاریگەر و ئاگادارە.‏


PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket