گەشـــتوگوزار لە خــزمەتی نیشــتماندا
بیروڕا 12:00 PM - 2026-05-25
(1-2)
لە كۆتاییهكانی ساڵی 2020دا بەرپرسیارێتی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانم گرتە ئەستۆ، ئەوکات کە جیهان و ناوچەکە لەبەردەم کۆمەڵێک بەربەستی گەورەی ئابووری و تەندروستیدا بوو بههۆی كۆرۆناوە، بەڵام بە پلانێکی تۆکمە و دیدگایەکی روونەوە توانیمان ئەو کەرتە لە سێکتەرێکی لاوەکییەوە بکەینە پایەیەکی سەرەکیی داهات و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم لەڕێگەی ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمەوە بە گەشتیاران.
به ئهركی خۆمی دەزانم لەم رووەوە سوپاسی هاوئاهەنگی و هاوکاریی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانیی هەرێم بکەم و لەسەروو هەمووشیانەوە سوپاس و پێزانینم ئاراستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بكهم، کە لەو چەند ساڵەدا بە دیدگایەکی روونەوە بۆ پهرهپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێم، لە نزیکەوە چاودێریی کارەکانی دەستەکەمانی کردووە و جگە لەلایەنی کارگێڕی، بە راسپاردە و پێشنیاز و سەرنجیش هاوکارمان بووە لە داڕشتنی ستراتیژیی کاردا.
ئەو گرنگیپێدانە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان.
لێرەوە بە پێویستمزانی وەک جێبەجێکردنی چەمکی شەفافییەت پوختەیەک لە کار و چالاکییەکانی ئەو چەند ساڵە بخەمەڕوو:
یەکەم: بازدانی گەورەی ئاماری گەشتیاران
لەو ماوەیەدا رێڕەوی گەشەی گەشتیاریی ساڵ لەدوای ساڵ ژمارهی گهشتیاران بەڕادەیەکی زۆر زیادیکرد بۆ نموونە:
* ساڵی 2021 ژمارەی گەشتیاران 4,189,596 گەشتیار.
* ساڵی 2022 - 6,035,057 گەشتیار.
* ساڵی 2023 - 7,279,913 گەشتیار.
*هەردوو ساڵی 2024 و 2025، زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار بۆ هەر ساڵێک.
*گەشتوگوزاری ناوخۆییش بووژانەوەی گەورەی بەخۆوە بینی و ژمارەی سەردانیکارانی ناوخۆ گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار. کە ئەمەش نیشانەی متمانەی هاونیشتمانییانە بە ژێرخانی گەشتیاریی کوردستان.
دووەم: پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری
ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی تۆڕێکی بەهێزی خزمەتگوزارییە کە پێکدێت لە زیاتر لە 3000 شوێن و بنکەی گەشتیاری جۆراوجۆر، لەوانە:
*480 هۆتێل و 282 مۆتێل بە کوالێتی جیاواز.
*44 کۆمەڵگەی گەشتیاری و 20 گوندی گەشتیاریی مۆدێرن.
*نزیکەی هەزار رێستورانت و خواردنگەی خواردنی خێرا و 700 کافتریای گەشتیاری.
*28 شاری یاری و زیاتر لە 500 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری.
توانای وهرگرتن به شێویهكی بهرچاو بهرزبووهوه، به جۆرێك ئێستا ههرێمی كوردستان توانای له خۆگرتنی زیاتر له 70 ههزار گهشتیاری ههیه له ههر شهوێكدا.
سێیەم: بهنیشتمانیکردنی دەستی کار و رەخساندنی هەلی کار
پەیوەستکردنی کەرتی گەشتیاری بە بژێویی خەڵکەوە لە کارە هەرە لەپێشینەکانمان بوو، بۆیە ئێستا شانازی دەکەین کە:
- رێژەی دەستی کاری ناوخۆیی گەیشتە 85.96 ٪، کە ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە.
- لە کۆی 21,325 کارمەند لەم کەرتەدا، 18,332یان کارمەندی ناوخۆیین و تەنها 2,993یان بیانین.
- بە هەماهەنگی لەگەڵ UNDP و بە پاڵپشتیی دارایی USAID، توانیمان 170 گەنج لە بواری کارە دەستییە گەشتیارییەکاندا پێبگەیەنین.
- کارمان کردووە بۆ دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری و پێگەیاندنی رێبەری گەشتیاری بەپێی ستانداردە جیهانییەکان.
چوارەم: شۆڕشی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاردا
بەهۆی ئەو ئاسانکاری و هاندانەی به ههماههنگی لهگهڵ دهستهی وهبهرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانمان دەستەبەر کرد، کەرتی گەشتوگوزار بووە جێگەی متمانەی وهبهرهێنهران. لە تەمموزی 2019 تا کۆتایی 2025، قەبارەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا گەیشتە 7,555,305,000 (حەوت ملیار و پێنج سەد و پەنجا و پێنج ملیۆن) دۆلار. بەمەش گەشتوگوزار پلەی یەکەمی لەنێوان هەموو سێکتەرەکانی دیکەدا گرت بە رێژەی زیاتر لە ٪40ی کۆی وەبەرهێنانی گشتی.
ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان (رێبەری دەرفەتەکانی وەبەرهێنان) مان ئامادەکردووە، بۆئەوەی وەبەرهێنەران بزانن لە چ شوێنێک و لە چ پڕۆژەیەکدا سەرمایەگوزاری بکەن.
پێنجەم: زمانی کوردی وەک شوناس
گەشتوگوزار بۆ ئێمە تەنها پیشەسازییەک نەبوو بۆ کۆکردنەوەی داهات، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەر بوو بۆ پاراستن و نیشاندانی فەرهەنگ و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان بە جیهان. لە ناوجەرگەی ئەم ناسنامەیەشدا، «زمانی دایک» وەک پیرۆزترین و بەهێزترین توخم دەمێنێتەوە وەک کۆتاییهێنان بە فەرامۆشکردنی زمانی دایک.
بەداخەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ لە بنکە و دامەزراوە گەشتیارییەکاندا، زمانی کوردی وەک پێویست جێگەی بایەخ نەبوو و تەنانەت لە زۆر شوێن فەرامۆش کرابوو. ئەمە نەک هەر زیانێکی فەرهەنگی بوو، بەڵکو جۆرێک بوو لە نامۆکردنی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانیش لەو ژینگە فەرهەنگییەی کە تێیدایە. ئێمە باوەڕمان وابوو کە گەشتیار کاتێک سەردانی کوردستان دەکات، دەبێت هەست بە رەسەنایەتی و جیاوازیی ئەم خاکە بکات، کە ئەمەش لە رێگەی «زمان»ەوە دەستپێدەکات.
هەنگاوێکی دەستووری و مێژوویی
لەپێناو پاراستنی مافی دەستووریی زمانەکەمان، لە ساڵی 2022دا بڕیارێکی مێژووییمان دەرکرد. بە پاڵپشت بە یاسای ژمارە6ی ساڵی 2014 - یاسای زمانە فەرمییەکان) کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە) سەرجەم بنکە گەشتیارییەکانمان (هۆتێل، ڕێستورانت، مۆتێل، كۆمپانیاكان و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان) پابەندکرد بەوەی زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم و سەرەکی بەکاربهێنن، ئەوەش تەنیا دروشم نەبوو، بەڵکو بەدواداچوونی وردمان بۆ کرد تا زمانی کوردی لەم سێ ئاستەدا ببێتە زمانی یەکەم:
1 - تابلۆ و ڕێبەرەکان: ناوی بنکە و تابلۆ رێنماییەکان دەبێت بە کوردییەکی پاراو بنووسرێن.
2 - لیستی خواردن و خزمەتگوزارییەکان (Menu) کە جاران زۆربەیان تەنها بە زمانە بیانییەکان بوون، ئێستا دەبێت زمانی دایک تێیاندا باڵادەست بێت.
3 - پسووڵە و مامەڵە داراییەکان: بۆئەوەی گەشتیار و هاووڵاتی بزانن چییان خواردووە و چەند خەرجییان کردووە بە زمانی خۆیان.
*بایەخی زمانی دایک وەک زامنی شوناس
زمانی دایک تەنها ئامرازێکی ئاخاوتن نییە، بەڵکو ڕوحی نەتەوەیەکە. کاتێک زمانی کوردی لە کەرتی گەشتیاریدا دەبێتە زمانی یەکەم، ئێمە پەیامێکی روون بە هەمووان دەدەین کە کوردستان خاوەنی شوناس و فەرهەنگیی خۆیەتی. ئەم هەنگاوە وایکرد کە گەشتیارانی بیانیش بە رێز و بایەخەوە لە زمانەکەمان بڕوانن و وەک بەشێک لە ئەزموونی گەشتەکەیان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
*دەستکەوتێک بۆ مێژوو
ئەمڕۆ لە کۆتایی ئەرکەکەمدا، بە شانازییەوە رایدەگەیەنم کە رێژەی پابەندبوونی بنکە و دامەزراوە گەشتیارییەکان بەم بڕیارەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٪100، ئەمە تەنها سەرکەوتنی دەستەی گەشتوگوزار نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو کوردپەروەرانەیە کە دەیانەوێت زمانی دایک لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
شەشەم: شۆڕشی یاسا و رێنماییەکان
بۆ ڕێکخستنەوەی كهرتی گهشتوگوزار و بهیاسایی كردنی چالاكییهكانی ئهم كهرته، یاسای گهشتوگوزار ژمارەیەکی زۆر رێنماییمان دەرکرد کە پێشتر لەئارادا نەبوون، لەوانە:
*پەسەندکردنی یاسای گەشتوگوزار ژمارە 9ی ساڵی 2022.
*دەرکردنی رێنماییەکانی (رێبەری گەشتیاری، ئاهەنگگێڕان، نوێکردنەوەی پێوەرەکانی پۆلێنکردنی هۆتێلەکان لە 1 بۆ 5 ئەستێرە، کەپرە گەشتیارییەکان و پاراستنی سەلامەتیی گهشتیاران ...هتد).
*ئامادەکردنی رەشنووسی رێنماییە نوێیەکان بۆ: (کۆنترۆڵکردنی دەنگ، مافەکانی گەشتیار، گەشتوکاڵ، گەشتوگوزاری ئاوی و تەنانەت گەشتوگوزاری سەرکێشی وەک ئۆتۆمبێلی دریفت و ئەسپسواری).
حەوتەم: پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و تەکنۆلۆژیا
*بە ئەلیکترۆنیکردن: کارمان کرد بۆ نەهێشتنی رۆتین لە رێگەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتەکان و سیستمی پشکنین.
*ستانداردی جیهانی: پەیڕەوکردنی سیستمی ISO بۆ بەڕێوەبردنی جۆری.
*خولی مەشق و راهێنان: دەیان خولمان لە بوارەکانی مارکێتینگی ئەلیکترۆنی، پلاندانان و گەشتوگوزاری ژینگەیی بۆ فەرمانبەران و کەرتی تایبەت کردەوە.
هەشتەم: بەبازاڕکردن و ناساندنی کوردستان
بەبڕوای ئێمە، گەشتوگوزار باشترین جۆری دیپلۆماسییە بۆ ناساندنی گەلان. هەربۆیە، یەکێک لە گەورەترین بهربهستهكانی بەردەممان ئەوەبوو کە چۆن ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وەک «رووگەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش» بچەسپێنین.
سەرەڕای نەبوونی بودجەی پێویست، ئاڵای کوردستانمان لە گەورەترین پێشانگەکانی جیهاندا شەکاندەوە. تەنها کارمان لە ناوخۆدا نەکرد، بەڵکو کوردستانمان بردە سهر نەخشەی گەشتیاریی جیهان لە رێگەی بەشداریی کارا لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی (مەدرید، بەرلین، ئیستانبوڵ و دوبەی). ههروهها پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاریمان لە ههرێمی كوردستان کردەوە.
*بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان: بەشدارییەکی کارا و پڕ بایەخمان هەبوو لە گەورەترین پێشانگە گەشتیارییەکانی جیهاندا، لەوانە:
-پێشانگەی مەدرید (FITUR) لە ئیسپانیا: کە یەکێکە لە گەورەترین پێشانگەکانی جیهان.
-پێشانگەی بەرلین (ITB) لە ئەڵمانیا: وەک ناوەندی بڕیاری گەشتیاریی ئەوروپا.
-پێشانگەی ئیستانبوڵ (EMITT): بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە گەشتیارییە هەرێمییەکان.
-پێشانگەی دوبەی (ATM): بۆ راکێشانی گەشتیار و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی کەنداو و جیهانی عەرەبی.
لە هەموو ئەم وێستگانەدا، تەنها وەک بەشداربوو نەبووین، بەڵکو وەک نوێنەری نیشتمانێک کە خاوەنی مێژوو، سروشت و میواندۆستییەکی بێوێنەیە، پەیامی ئاشتی و ئارامیی کوردستانمان گەیاندە هەزاران کۆمپانیا و گەشتیاری بیانی.
*هێنانە ناوەوەی جیهان بۆ کوردستان: هاوتەریب لەگەڵ چالاکییە دەرەکییەکان، توانیمان چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لەناو هەرێمی کوردستاندا رێکبخەین. ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، چونکە رێگەی خۆشکرد بۆئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و میدیا جیهانییەکان لە نزیکەوە ئارامی و جوانییەکانی کوردستان ببینن و متمانەیان بۆ دروست ببێت. ئەم پێشانگەیانە تەنها نمایش نەبوون، بەڵکو بازاڕێکی گەورەی «پەیوەندی و گرێبەست» بوون لەنێوان کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم بەبازاڕکردنە نێودەوڵەتییە کاریگەرییەکی راستەوخۆی هەبوو لەسەر:
-شکاندنی ئەو وێنا چەوتەی کە بەهۆی جەنگەکانی ناوچەکەوە لەسەر کوردستان دروستببوو.
-راکێشانی سەرنجی میدیا جیهانییەکان بۆ نووسین لەسەر کوردستان.
-زیادکردنی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هێنانی پڕۆژەی گەورە بۆ هەرێم.
ئەمڕۆ کوردستان وەک رووگەیەکی گەشتیاریی ناسراو لە ئاستی جیهاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەمەش بەرهەمی ئەو تێکۆشانە بەردەوامەیە کە لە سەختترین دۆخە داراییەکاندا کردمان.
نۆیهم: بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ میدیاکاندا
بهوپێیهی کەرتی گەشتیاری پێش هەر شتێک لەسەر «وێنە و تێڕوانین» بنیاتنراوە، ئێمە میدیاکانمان وەک هاوبەشێکی راستەقینە و ستراتیژی خۆمان دەبینی، نەک تەنها وەک ئامرازێکی گواستنەوەی هەواڵ. لە ماوەی کارکردنماندا، چەندین هەنگاوی گرنگمان لەم بوارەدا نا:
* بڕیارماندا کە دەستەیەکی کراوە بین بە رووی میدیاکاندا. لە سەرجەم سەکۆ میدیاییەکان (بینراو، بیسترا و خوێندراو) بەشدارییەکی کارا و بەردەواممان هەبوو. ئامانجمان تەنها باسکردنی چالاکییەکان نەبوو، بەڵکو گەیاندنی «دیدگای گەشتوگوزار» بوو بە هاونیشتمانیان، تا هەمووان پێکەوە هەست بە گرنگیی ئەم کەرتە بکەین وەک سەرچاوەیەکی داهات و هێمایەکی شارستانی.
*لە رێگەی میدیاکانەوە کارمان کرد بۆ راستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان و نیشاندانی سیمای راستەقینەی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام، سەقامگیر و دڵڕفێن. لەمەدا میدیاکان رۆڵێکی بێوێنەیان گێڕا لە گەیاندنی پەیامی ئێمە بە گەشتیارانی دەرەوە و ناوەوە.
*میدیاکان هاوکارێکی گەورەمان بوون لە بڵاوکردنەوەی کەلتوری «هۆشیاریی گەشتیاری» و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیاران و پاراستنی ژینگە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرزکردنەوەی ناوبانگی هەرێمەکەمان دهبێت.
*بەردەوامبوونی ئێمە لەسەر شاشەکان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، پردێکی متمانەی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیان و وەبەرهێنەراندا دروستکرد و میدیاکانمان کردە ئاوێنەیەک تێیدا دەستکەوتەکان ببینرێن و کەم و کورتییەکانیش بۆ چاکسازی بخرێنەڕوو.
سەرۆکی پێشووی دەستەی گەشتوگوزار
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

