کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:33 AM - 2026-05-25
بەشی حەڤدەهەم
هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی و حزبی بنچینەیە
بە داخەوە ئێستا سەرنجێکی
هەڵە و چەوت و ناڕەوا لە نێوەندی سیاسی بە گشتی و نێوەندی حزبایەتی بە تایبەتی
بڵاوبۆتەوە کە رۆشنبیری و هۆشیاری لە کایەی سیاسی و فیکری، وەک کاری دەستەبژێر و
کەسانی گۆشەگیر و خەیاڵپڵاو دەناسێنن، گوایا کەسانی دەستوپێ سپی و هیچ لەبارا
نەبوون لە بواری پراکتیک و کاری مەیدانیدا.
ئەو ئاراستە نا راست و تەشەنەسەندو و خراپە، هۆشیاری سیاسی و فیکری
ئەندامانی حزب و هەڤاڵەکانی ئەفرۆزە دەکات و وەک باسی ئەفسانە و شیعر و
حیکایەتخوانی وێنای دەکات، لە کاتێکدا هەرگیز مەبەست لە هۆشیاری سیاسی و رۆشنبیری
فیکری ئەوە نییە کایەی ئەدەب و کەلتوور و هونەرە جوانەکان بێت، کە ئەم کایانەش بۆ
ژیار و بۆ کۆمەڵ و بۆ ژیان گرنگن و فەرهەنگی بەرزن و ئەوی دژیان دەبێت، هی ئەوەیە
رەخنەباران بکرێن و بیرۆکە دواکەوتووەکانیان رەشبکرێتەوە.
بێگومان (ئەدیب)ەکان و زەحمەتکێشانی هونەرە جوانەکان خۆیان بە غیرەتن
و دەتوانن داکۆکی لە خۆیان بکەن، بەڵام مەبەستی ئێمە بە تایبەتی هۆشیاری سیاسی،
رۆشنبیری حزبی و رێکخراوەیی و تێگەیشتنە لە رەوتی مێژووی نەتەوە و کۆمەڵگە و
ئەزموونی خۆیی و ئەزموونی گەلان، کە بێ ئەم هۆشیارییە چۆنایەتییە هەرگیز کادیری
سیاسی و هەڤاڵی حزبی توانا و لێهاتووییان بەرز نابێتەوە و بەشی ئەرکە سیاسییەکانی
حزب لەناو مەعمەعەی ململانێی سیاسی لەگەڵ نەیاران ناکات.
پێغەمبەری موسڵمانان، درودی خوای لەسەر بێ، بە (أقرأ) دەستی پێکرد،
هەموو فیکر و بزووتنەوەیەکیش بە فیکر و ئەندێشە دەست پێدەکات و ئینجا وەکو
ئەسپسواری ناو رۆمانەکان لەسەر زەمینی واقیع رمبازێن و ئەسپسواری دەکا و دەباتەوە،
مام جەلال گەورەترین و بەتەمەنترین تێکۆشەری بواری حزب لە زمانی ئەدەبیاتی چەپەوە
دەڵێ: نووسین و بیرکردنەوەش کار و کردارە. بۆیەش دەستەواژەی رەنجدەرانی بیروبازووی
لە ئەدەبیاتی حزبیدا داهێنا.
ئەسڵەن لەپای نەبوونی هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی حزبییە، دەبینین زۆر
تێکۆشەری دڵسۆز و ئازا و خەباتگێڕ تووشی لەرێ لادان و چوونە سەرجادەی خۆڵ و نەریتی
بتپەرستی و خودپەرستی و پیاو پیاوێنە دەبێت.
بێ ئەم پاشخانە هۆشیاری و رۆشنبیرییە لە بواری فەرهەنگی حزبی و
تێگەیشتنی سیاسی، هەرگیز کادیرێکی حەریفمان دەست ناکەوێت کە تەنها پشت بە
ئەزموونی رۆژانە و بەرجەستە و تاقیکردنەوەی هەڵە و راستکردنەوە ببەستێت، رۆشنبیری
سیاسی و حزبی وەک هەر رۆشنبیرییەکی تر ئەزموون و دەرفەت کورت دەکاتەوە و دەیکاتە
شتێکی بەردەست و چڕبۆوە کە یارمەتی سەرکەوتن و بردنەوە دەدات.
رۆشنبیریی سیاسی و فیکری خەزینێکی بەدەست هاتووە، بەهرە و توانای زاتی
گەشە پێدەدات. وادەکات بەهرە، ئەگەر هەبێ، بەو رۆشنبیرییە سەد قات گەشە بکات و،
ئەگەر نەشبێ، بە هەر پلە و جۆرێک بێت دەتوانێ بە ئەزموون قەرەبووی بێ بەهرەیی
بکاتەوە.
بەهرە بۆ حزبایەتی و هەڤاڵ و کادری حزبی مەرجی یەکەم و سەرەکی نییە،
چونکە حزب هەزاران ئەندامی هەیە کە مەرج نییە یەکسان بێت بە هەزاران بەهرە، بەڵام
گرنگە یەکسان بێت بە هەزاران دڵسۆز و وەفادار و خەباتگێڕی بە هیممەت کە رۆشنبیری
سیاسی و فیکری رێگایان بۆ کورت دەکاتەوە، ئەزموونیان بۆ دێنێتە بەردەم ماڵ و مەقەڕ.
بابەتی رۆشنبیری لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئاساییدا، ژیانی کورتی
مرۆڤەکان درێژ و فراوان دەکات و ئەزموونی سەربار دەبێت، بێگومان بۆ رۆشنبیری حزبی
و رۆشنبیری هەڤاڵان هەروا دەبێت. رۆشنبیری حزبی ئەزموون کورت دەکاتەوە و تەمەنی
هەڤاڵ لە حزب و تەمەنی حزبیش لە کاریگەری ناو کۆمەڵ زیاتر و زیاتر دەکات، رێ لە
هەڵە و پەڵەی چاوەڕوانکراو دەگرێت، چونکە ئەزموونی دووبارە رەت دەکاتەوە.
سەرەنجام رۆشنبیری سیاسی و فیکری کە لە هەموو کایەکانی ژیانی
حزبایەتیدا پێویستن، پەرۆشی خۆڕسکانە و نییەتی خزمەتکردنی دەوێت. بەڵام ئەم
رۆشنبیرییە پێویست و گرنگە نابێ بۆ رێککەوت و لەناکاو و گوایە(هەرچۆنێک بێت) بەجێ
بهێڵدرێت.
دەبێ حزب بەرنامەی بۆ دابنێ و خۆی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە دروستکردن و
پەرەپێدانیدا، هەرچەندە بوونی ئەم پەرۆشییە، یاخود نەبوونی، وەک پرسیارێکی ئەزەلی
ژیان دەمێنێتەوە، مام جەلال لە سیمیناری پێویستی دانانی بەرنامەی رۆشنبیری حزبیدا،
دوای ئەوەی زنجیرەیەک ناونیشان و چۆنێتی خوێندەوەیان دیاری دەکات، لە کۆتاییدا بە
زمان و هەناسەی هەڤاڵێکی پەرۆشی حزبی دەڵێت:(لە کۆتاییدا خۆ رۆشنبیرکردن بابەتێکی
زاتییە کە دەبێ کادر خۆشی خەمی لێ بخوات و بە دڵنیاییەوە بەدوای چارەسەریدا
بگەڕێت).
درێژەی هەیە
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

