riklam

نەفەوتا، نۆتە رزگاری کرد

بیروڕا 03:56 PM - 2026-05-23
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

شەستەکانی سەددەی رابردوو، ئەو کاتەی هێشتا ئیمپراتۆریا پانووپۆڕ و کەنەفتەکەی ‏یەکێتی سۆڤێت مابوو، کەس نەیدەزانی ئەم ئەزموونە روو لە کوێ دەکا و لە کوێ ‏دەگیرسێتەوە؟ هێشتا نزیکەی سی ساڵ مابوو کە مامۆستای گەورە حەمەی مەلا کەریم، لە ‏پەنا خەباتی فیکری و سیاسی لە خزمەتی رەوتی سۆشیالیستی بە بژاردەی سۆڤێتی، لە ‏کایەی ئەدەب و ساغکردنەوەی دەستنووس و دیوانا خزمەتی دەکرد، هێشتا نامیلکە ‏نازدارەکەی ئەدەبیاتی شیوعی (یەکێتی سۆڤێت بەرەو کوێ وا مل ئەنێ) ی نەنووسیبوو، ‏ئا پێش ئەو کاتە بە ماوەیەکی زۆر، کچێک لە خانەوادەیەکی رەسەنی ئێزدی و ‏کوردپەروەر، فەرهەنگ پەروەر کە بە خاو و خێزانەوە، بە دایک و باوک، کوڕ و كچەوە، ‏لەودیو قەفقاس ئیشیان بۆ نەتەوە دەکرد و فەرشی سەبریان دەچنی و بەناو تۆڕی ‏سانسۆری سۆڤێتیدا ئەوی پێیان دەکرا لە فەرهەنگ و ئەدەب و مێژوو کۆیان دەکردەوە و ‏لەسەریان دەنووسی، ئەم کچە کە پرۆلیتاریای فۆلکلۆری کوردی و خزمەتکاری بەشی ‏کوردی رادیۆی یەریڤان بوو، بۆ دوارۆژ و ئاسۆی داهاتوو گۆرانییەکانی دەنووسییەوە و ‏مۆسیقاکانی رێکدەخست.

خاتوو جەمیلە جەلیلی کچی مامۆستا جاسمی جەلیلی و خوشکی ‏مێژوونووسان جەلیلی جەلیلی و ئۆردوخانی جەلیلی لەناو ئەو خانەوادە رەسەنە تەنکە ‏رێچکەی باریکی کۆکردنەوە و نۆتە نووسینی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکانی ئەودیو قەفقاس و ‏تەواوی کوردستانی کرمانجی گرتەبەر. خانم جەمیلە ئەوی پێیکرا نووسییەوە و نۆتەسازی ‏بۆ کرد، لە چنگی فەرامۆشی و بزر بوون و لەدەست گوشاری ئەتاتورکی و تۆرانییەکان و ‏سانسۆری دژواری نەتەوە سەردەستەکان دەربازی کرد. بۆ داهاتوو نووسی و چاپی کرد تا ‏بزر نەبێ. ئەم خوشکە گەورەیەمان روخانی ئۆردوی شەرقی و لەتلەتی و پەرتی کوردی ‏بەلەنگازی سۆڤێت و بەشەکەی ئەرمینیای بینی و بەرهەمە بژاردەکەی لەدەست رۆژگارانی ‏بێ رەحم و ژینگەی نەخۆش و ناخۆشی دژی نەتەوەکەمانی نەجات دا.

دوای نزیکەی ‏شەست ساڵ ئەم بەرهەمە نەجات دراوەی فەرهەنگمان نەجاتێکی دڵسۆزی خۆی دۆزییەوە، ‏مامۆستا نەجات ئەمین ئەم نۆتە تۆمارە، ئەم گەنجینە بێدەنگەی هێنایە قسە دایڕشتەوە ‏بۆ ئۆرکێسترای ژێدار. گوڵبژارێکی ناوازەی لە چێوەی سیدییەکی رێکوپێکدا پێشکەشی ‏وڵات کرد، ژمارەی دەگمەنی بە ناوی(مینیاتووری فۆلکلۆری کوردی_ کۆکردنەوە و ‏نووسینی: جەمیلە جاسم جەلیل، داڕشتن بۆ ئۆرکێسترای ژێدار: نەجات ئەمین) لە ‏بڵاوکراوەکانی ئینستیتیوتی کەلەپوری کورد بە سەرۆکایەتی مامۆستا مەزهەری خالقی ‏وەرگرت. ‏

بێگومان فەرهەنگی سەنگین و بەنرخ هەتا ئەگەر مۆسیقا و کۆنسێرت و بە دەنگ و ‏رەنگیش بێت، لەناو قەومی بەسیتا کەم دەنگی دێ و کەم باس دەکرێ. ئەگەرچی زۆرجار ‏وەک پاشخانی بەرنامەی تیڤی پارچەی وەردەگیرێ! بەڵام گرنگ ئەوەیە بە کاغەز و بە ‏نۆتە پارێزرا تا تۆمار کرا.‏

وەک گوێگرێکی فەقیری مۆسیقا چاوەڕێی دیاری بەلاشم نەکرد، خۆم زۆرم لێ کڕی و ‏هەندێکیم لێ کردە دیاری یار و بێگانە کە دەهاتنە لام، لە بنکەی کوردستانی نوێ، وتم ‏لەجێی ئەوەی بە کوردی و کرمانجی باسی کورد و کوردستانیان بۆ بکەم و لەوانەیە ‏ئیجتهادی هەڵەم لێ بقەومێ، مۆسیقای خاتوو جەمیلە جەلیلیم بە کۆششی نەجات ئەمین ‏و خەڵات سیدی ئینیستیتیوتەکەی مامۆستا خالقیم پێ دەبەخشین.

تەنانەت جارێک لە ‏جارەکانی تەجەلی سەردانەکانم بۆ لای عەلامەی گەورە و، بە قەولی ئەکادیمی ئەمڕۆ ‏پرۆفیسۆر د. عیزەددین مستەفا رەسوڵ، لەپای ئەوەی خەزینی مەعریفەی مێژوو و ‏فەرهەنگی خۆی بۆ دەکردمەوە و ماریفەتی گوێگرتن لە رەخنە و توانجەکانمی سەبارەت بە ‏تەجرەبەی سۆڤێت دەنواند، دوو سیدی دیاریم پێشکەش کرد. گوتم: مامۆستا زۆر باسی ‏خزمەتەکانی بنەماڵەی جەلیلی و خزمانی قەفقاس دەکەیت، ئەم سیدیە لە ئیشەکانی ‏خوارزای خۆتان خاتوو جەمیلەیە و فەرموو گوێی لێ بگرە. تەنانەت دەرفەتی ئەوەم ‏قۆستەوە شاندێکی فەرهەنگی راگەیاندنی یەکێتی چوونە ئەرمینیا و لە خزمەتی خاتوون ‏بوون، دانەیەکی سیدیەکەم بۆی نارد و پێشکەش کرد. خاتوو کەنار قاسم لە راپۆرتێکی ‏ئەو کاتەدا خانم جەمیلە جەلیلی دواند کە دیارە زۆر دڵخۆشە بە بەرهەمەکەی ‏ئینستیتیوتی کەلەپوری کورد و سوپاسی مامۆستا مەزهەری خالقی دەکات.‏

حیکایەت لە عیبرەت و تاقیکردنەوە دایە، خەزینی فۆلکلۆر و رەنجی نەتەوە پێش هەموو ‏شتێک کۆکردنەوەی دەوێت، جەمیلە خان کە ئەم بەرهەمە جوانانەی دەدیت لە رادیۆی ‏یەریڤان، دڵی بەوە ئاوی نەدەخواردەوە کاک کەرەمی سەیادی تۆماری بکات، دەیزانی ‏زۆرمان بزر بووە و کەممان لە فەوتان رزگاری بووە، بۆیە لەپاڵ چەندین کتێب لەسەر ‏کەلامی کوردان بڕیاری خۆی دا نۆتەکانیان بنووسێتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو ببنە ‏گەنجینەی دەوڵەمەند. باوکی کاک جاسمی جەلیل بلوێری کرمانجی زۆری ژەند و خۆشی ‏پیانۆی سۆڤێتی بۆ خستەگەڕ. مەعلومە ئاواز و گۆرانی تاسەر لە ئەندێشە نامێنێتەوە ‏ئەگەر نەکەونە ناو تۆماری زانست و یاداشتی نۆتەوە. ‏

ئێستا کە ئەو بەرهەمە ئیمزای داڕشتنەوەی مامۆستا نەجات ئەمینی لەسەرە هیلالی ‏کەلامی کوردان تەواو کاملە و نەخشی خۆی گێڕاوە: لە باکوور بۆ ئەودیو قەفقاس، ‏گەشتێکە بۆ باشوور و رۆژهەڵات و دواجار بۆ لاپەڕە زێڕینەکانی نەتەوەی سەرفرازی کورد

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket