riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 10:26 AM - 2026-05-20
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

کۆبوونەوە و هەماهەنگی حزبی
(14)
چالاکی ناوخۆیی حزبی چۆن رایی دەکرێت؟

زۆر گرنگە گفتوگۆیەکی جددی لەسەر ئەم پرسە بکرێت، چونکە رۆژانە و لە هەموو دەرفەتێکی باسی حزبایەتیدا گوێتان لێ دەبێت، گوایە ئەمڕۆ ئەم جۆرە حزبایەتییە باوی نەماوە و پێویستە حزب یان حزبەکان دەستبەرداری ئەم شێوە تەقلیدییەی کاری حزبی ببن. بەڵام روون نییە ئەو شێوە تەقلیدییە چییە کە ئەبێ وازی لێ بهێنرێت؟ لە چیدا تەقلیدییە و رەخنەگرانی ئەم کایە حزبییە چیمان بۆ پێشنیاز دەکەن، یان چی ئامرازگەلێک ئەخەنە جێی، گوایە، شێوازە تەقلیدییەکانی چالاکی حزبی؟

لە جێی کۆبوونەوە چی بکەین؟ کۆبوونەوەی فراوان، یان کۆبوونەوەی ئۆنلاین، یاخود گروپی واتسئاپ یان چۆن؟
لە راستیدا پرسی کۆبوونەوە هەر تەقسێکی هەڤاڵانە و حزبیانە نییە، هەر چالاکییەکی ناچاری نییە، بەڵکو بەشێکە لە راپەراندنی ئەرکی پەیوەندی و بیروڕا و زانیاری گۆڕینەوە. لە نێوان هەڤاڵان کە بێ ئەم هەماهەنگی و پێکەوەییە، هیچ شتێک نامێنێ بەناوی کاری حزبییەوە.

لەرێی کۆبوونەوە و پەیوەندیی حزبییەوە، تواناکان یەک دەخرێن و هەر هەڤاڵێک شان دەداتە شانی هەڤاڵەکەی تری، بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەرکە حزبییانەی کاری جەماعییە و بە تاک جێبەجێ نابێت، بۆیە هەر کەسێک و هەر گروپێک بانگەواز بۆ وازهێنانی حزبایەتی کلاسیکی و رێکخستنی تەقلیدی دەکات دەبێ ئەلتەرناتیڤی هەبێ و جێگرەوەی کۆبوونەوەی نەریتی پێ بێت.

پێشنیازی ئێمە ئەوەیە شێوازی کۆبوونەوە و گردبوونەوەی حزبی پەرەی پێ بدرێت، بۆ نموونە کۆبوونەوە وەک کەرەستەی پەیوەندیی نەریتی تێکەڵ بکرێت لەگەڵ پەیوەندی بە ئامرازی نوێوە.

دەکرێ کۆبوونەوی ئۆنلاین و زووم و وەتسئاپ بکرێت بە بەردەوامی و ئینجا کۆبوونەوەیەکی مانگانەی رووبەڕووی هەڤاڵانە بکرێت، کە ئیشەکانی بە راسپاردەی ئۆنلاین و زووم و مەسنجەر و واتسئەپ کراون، لەو کۆبوونەوە گشتییە مانگانەیە، هەڵسەنگاندنی ئیشی کۆبوونەوە ئۆنلاینە رۆژانەییەکان بکرێت، پێداچوونەوەی جێبەجێکردنی بکرێت و بڕیارەکانی دراون بە رەسمی پەسەند بکرێن و لە تۆماری کۆبوونەوەدا وەک راپۆرت و نووسراوی رەسمی بنووسرێت و رەوانەی ئۆرگانی سەروو بکرێت، کە ئەمە پەلەکردن و رووبەڕوویی دەدات، بە ئەرکە حزبییەکان و لە هەمان کاتیشدا دیداری کلاسیکی هەڤاڵانە وەک نەریتێکی دێرین دەپارێزێ.

ئامرازەکانی پێکگەیشتنی حزبی

1 - لە نێوان ژینگە و نەریتی حزبی دێرین و فراوانبوونی ئامرازەکانی پەیوەندی، هاوسەنگی دروست بکرێت.
2 - رێکخستنەوەی ئامرازەکان لە نێوان بازنەکان بە گوێرەی پێویستی و بە گوێرەی تواناکانی ئامرازەکە.
3 - بەکارهێنانی ئامرازەکان وەکو پەیوەندیی حزب و هەندێکجاریش وەکو یەدەک لە فریاگوزاریدا.
4 - دابەشکردنی ئامرازەکانی وەکو (زووم، مەسنجەر، ئۆنلاین و واتسئەپ) و دانانیان وەک بەشێکی رەسەن لە حزبایەتی و ئیعتراف پێکردنیان وەک کەرەستەی حزبی، کە ئەم ئیعترافە دەکرێت لە پەیڕەو یان تەنانەت بە بڕیاری حزبی پەسەند و پەخش بکرێت بۆ ئەوەی ئوسوڵی حزبی خۆی وەربگرێت.
شایانی باسە حزب دەتوانێت لە رێگەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ورد، کارێک بکات کە نەک بۆ کۆبوونەوەی حزبی، بەڵکو بۆ تێکرای کاری حزبی پەرە بە شێوازەکانی کاری خۆی بدات.
1 - بە گوژمە بڕیار لەسەر هەموو ئامرازە تازەکانی پەیوەندی بدات و پەسەندیان بکات، کە ببنە کەرەستەی کاری حزبی بۆ نموونە:
-بڵاوکردنەوەی کتێبی دیجیتاڵی لەپاڵ کتێبی چاپکراوی ناو کتێبخانەی ئۆرگانەکان
-خۆرۆشنبیرکردن بە کتێبی دەنگی و دروستکردنی کتێبخانەی دەنگی حزب. 
-کتێبخانەی یوتوبی
-کتێبخانەی دیجیتاڵی 
-بەکارهێنانی ئامرازە تازەکانی پەیوەندی، بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بارەگا و دامەزراوەکان و ئۆرگانەکان بە گوێرەی بەرنامەیەکی شێنەیی.
2 - نوێکردنەوەی دامەزراوە سەرەکییەکانی حزب بە هەموو ئامرازەکانی تەکنۆلۆژیای نوێ، بۆ مۆدێرنکردنی دەزگاکان و پەرەپێدانی هاوشانی دامەزراوەکان.
3 - دیاریکردنی رێوشوێنی دەوری، بۆ هێشتنەوەی بەشێک لە نەریتە کۆنەکانی حزبایەتی و کۆبوونەوە: وەکو شوێنە دێرینەکانی کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان، پاراستنی لۆگۆ و دروشم و کەرەستە کۆنەکانی حزبایەتی، بۆ بیرهێنانەوە و بۆ نەمرکردن و ئینجاش بۆ بەراوردکردنی شێوە دێرینەکانی حزبایەتی لەگەڵ تازەکان و دیاریکردنی ئاراستەی گۆڕانکاری و گەشەکردنیان.
درێژەی هەیە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket