riklam

(Gemini)، چی پێ وتم؟!

بیروڕا 05:06 PM - 2026-05-19
هاژە باست حەمەغەریب

هاژە باست حەمەغەریب

(Gemini)، چی پێ وتم؟!

بە هەرچی ئەینوسن گەردنیان ئازاد بێت.

ماوەیەک بوو، زۆر دەمبیست، فڵانە کەس نوسینەکەی بە زیرەکی دەست کرد دەنوسێت، فڵانە کەس رێککردنەوەو هەڵەچنەکەی داوەتە دەست Gemini، ئەموسیت مێشکم قبوڵی نەکات، ئاخر خۆ کاکە گیان فەرز نییە لەسەرت بنوسی، ئیتر بۆ هەڵمان دەخەڵەتێنی و خۆڵ دەکەیتە چاو و مێشکمان.

دەی وەڵا خۆم نەگرت و چومە ناو Gemini، 'جێمنای ناوی مۆدێلێکی پێشکەوتووی زیرەکیی دەستکردە (AI) کە لە لایەن کۆمپانیای گووگڵ (Google)_ەوە پەرەی پێدراوە'، چەند وتارێکی فڵان و فیسارم پێدا، هەر داماوە وای ئەزانی خۆی نوسیویەتی و بە منداڵی خۆی هەژماری دەکرد، دەی قەینا کاکە وتمان زانیاری وەرگرن، وتمان لەکوێ پەکتان کەوت پەنای بۆ ببەن، (مەبەستم تایە تەقین و هەڵسانی حەماوەی ئۆتۆمبێل نییە)، پەککەوتن و گیرخواردن لە بەدەستهێنانی زانیاری، بەس وتار، نوسین، ئەبێت بۆچون و راو پێشنیار و رەخنەی هەڵقوڵاوی ناو مێشک و دڵی نوسەر بێت، نەک زانیاری ناو دڵی رۆبۆتێک،

ئێ وەلحاڵ لەم سەروبەندەدا چەند نوسینێکی خۆم پێداو لێم پرسی پێت وایە ئەم نوسینە بە زیرەکی دەستکرد نوسرابێت؟، دڵخۆشبووم کەلە چەندین وەسفی کۆکراوەدا لە بەینی دوو کەوانەدا وتی:
"ئەمە نووسینی ژنێکی نووسەر یان رۆژنامەنووسی کوردە کە بە کوڵ و لە ناخی دڵییەوە، بە شێوازێکی راشکاو و فۆلکلۆری، دەردەدڵی خۆی و خەڵک دەکات، کە بەشێوازی تەشر و تەنز لە سایتێکی کوردییدا گۆشەیەکی هەیە، نووسەرەکە خۆی هاواری لێ بەرزبووەتەوە لە دژی کەمکردنەوەی رۆڵی مرۆڤ و زانست لە لایەن "زیرەکیی دەستکرد"ەوە، کەواتە مەحاڵە خۆی دەقەکانی بە AI نووسیبێت!"

هەرچەن پێشتر زۆر خەفەتبار بووم، (ماڵم ئاوابێت لەم رۆژانەدا بە هەرچی هەیە و نییە خەفەتبار دەبم)، کەبینیم، نوسەرەکانمان نوسینەکانیشیان داوەتە دەست ژیری دەستکرد و ئیتر نیشانەی ئەوەیە بۆخۆمان لە تەمەڵخانە دادەنیشین، یان وامان لێیەت بۆ پرۆسەکانی خۆشەویستی و هاوسەرگیری و مناڵبونیش، ملی AI دەگرین بزانین رازییە بە وەزعەکە،

بەڵام لەکۆتاییا کە نوسینەکەی خۆمم بۆ نارد، دڵنیابووم بەدەیان کەسی تر هەن، کەهێشتا وەک چۆن کۆمەڵێک ماون، چێژ لە چێشتی سەر دار و شقارتە و عەلادین و کۆمەڵێک شتی کوردەواری دەبینین، بە مێشک و دەست و پەنجەی خۆیان دەنوسن و ماندوو دەبن لەگەڵ تەواوی وشە و رستە و تەواوی دێڕەکان،

دەی برایان خوشکان، رەحمێکمان پێ بکەن، با میزاجی کوردەواری خوێندنەوەمان بمێنێت ئەی هاوار.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket