riklam

پەنجا ساڵ، نەبەردی و نەبەزین و نەوەستان

بیروڕا 07:44 PM - 2025-05-31
*رەفعەت عەبدوڵڵا

*رەفعەت عەبدوڵڵا

یۆبیلی زێڕینی (ی.ن.ک) و یادی پەنجا ساڵەی ئەم هێزە گەورەو نیشتمانیە، تەنها یادێکی حزبی و تایبەت نیە بەیەکێتی و هەڤاڵ و ئەندامەکانی، بەڵکو یادی یەکێتی، بەدەر لەبازنە حیزبیەكەى، وەك قەوارەیەكى نیشتیمانی و نەتەوەیى سەیربکەین و پاراستن و گەشەكردنیشى ببێتە ئەركێكى نیشتمانیى و نەتەوەیى، چونکە یەکێتی، بۆ (کوردو نیشتمان و کوردستانە).
سەربارى ئەوەى مێژووى پڕە لەدەسكەوتى گەورەو شانازی مێژوویی، بەڵام پێمان وایە زۆر دەسكەوت و ئەرکی گەورەتر ماون كەلەئایندەی نزیک و دووردا هەر لەسەر دەستى یەكێتى دێتەدی.

حزبی سەروەریەکانی ڕابردوو بین، یان حزبی دەسکەوتەکانی ئایندە؟
پێوستە هەموومان خۆمان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەی سەرەوەو پرسیارەکانی تریش بکەینەوە: کەئایا ئێمە دەمانەوێت هەمیشە شانازییەکانی مێژوو بگێڕینەوەو تەنها ڕوومان لەڕابردوو بێت؟ یان دەمانەوێت سەرمایەی پڕ سەروەری مێژووییمان بکەینە پردی بەستنەوە بەئایندەمانەوە؟ هەمیشە یادی (ی.ن.ک) بکەینە گێڕانەوەی داستانە گەورەکان، یان قسە لەوە بکەین بەرنامەو پلانمان چیە بۆ ئێستاو ئایندە؟ ئایا سەرمایەی پڕشانازی یەکێتی و مێژووەکەی دەکەینە دەستمایە بۆ تەواوکردنی ئەرکە گەورەو ستراتیژییەکانمان؟ ئێمە بەردەوام ئەو دەسکەوتانە بژمێرین کەلەپێشوودا بەدەستهاتوون، یان دەبێت چاومان لەبردنەوەی دەسکەوتەکانی ئێستاو ئایندەبێت؟ چۆن بتوانین وەبەرهێنان لەو مێژووە پرشنگدارەی (ی.ن.ک) بکەین هەتا بەکەمترین زەرەرو شکستەوە هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی پڕ دەسکەوت بنێین؟
ئامانجی ڕاستەقینەی یەکێتی، ئەوەیە نامانەوێت بەشێکبین لەمێژوو، بەڵکو ئامانجمانە بەشێکبین لەهێزی دروستکردنی مێژوو، (شانازی و دەسکەوتەکانی ڕابردومان، خەزێنەی ئەزمونێکی دەوڵەمەندو سەرمایەیەکی گەورەو بەنرخن کەدڵۆپ دڵۆپ بەخوێن و خەبات بەدەستمان هێناون، بەڵام ڕوومان لەئایندەیەو تاودانەوەو ڕێکخستنەوەی ژیانی حزبیمان، بۆ ئەوەیە دەسکەوتەکانی ئایندە مسۆگەر بکەین و بەهیمەت و هەڵمەتی یەکێتیانە، پێشمەرگەی ئەو ئایندەیە دەبین).

دوای پەنجا ساڵ، یەکێتی نیشتمانی بۆچی؟
پێویستە یەکێتی نیشتمانی بۆچی؟، پرسیاری جەوهەری هەموو قۆناغە جیاجیاکانی خەباتمان بێت.
ئێستا کەهەلومەرجی نوێ لەعێراق و هەرێم و ناوچەکەو جیهان بەگشتی هاتوەتە ئاراوە، گۆڕانکاری و نوێبونەوە بانگمان دەکات و لەدەرگامان دەدات، ئێمە چۆن یەکێتی توانادارتر بکەین، کەئاڵنگاریی و مەترسیەکان بگۆڕین بۆ دەرفەت و چانس و دەسکەوت؟ چۆن سیاسەت و ڕوانگەکانی یەکێتی تەوزیف بکەین لەقۆناغی ئایندەدا؟ چۆن وەبەرهێنان لەهێزی یەکێتیدا بکەین بۆ ئەوەی ئێستامان لەڕابردوو باشتربێت و لەداهاتووش کوردو کوردایەتی و کوردستان و یەکێتی دڵنیاو سەرفرازبن؟ یەک بۆچی و دەیان ئەرک و سەدان وەڵام و بەرپرسیاری زیاتر.
لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکیەکە (یەکێتی نیشتمانی بۆچی؟) یەکێتیەکان، پاڵپشت بەڕێبازو کلتوری سەرۆک مام جەلال و بەڕابەرایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهەڵسەنگاندن و روونکردنەوەی هەلومەرجی ئێستامان لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا، وەڵامی پرسیاری یەکێتی نیشتمانی بۆچی دەدەنەوە.
یۆبیلی زێڕین، دەکەینە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی و دەرفەتی بەخۆداچوونەوە، هەتا یەکێتی هەر پێشڕەوی کوردایەتی و حزبی کۆمەڵانی خەڵک بێت، بەدیدگایەکی نوێوە هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی گەشتر دەنێین لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە.

دروود بۆ رۆحی بەرزی شەهیدانی کوردستان، سڵاو لەرۆحی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر، سڵاو لەماندونەناسان و تێکۆشەرانی خەباتی پەنجا ساڵەی یەکێتی، ئێوەش هەرشادو سەرکەوتوو سەرفرازبن.

*جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket