riklam

كورد دەبێت پڕۆژەی كوردانەی خۆی هەبێت

بیروڕا 08:59 PM - 2022-01-21

            گەلەكەمان لەوەتە لەگەڵ ئەم عێراقە دەژی هەر بەشی چەوسانەوە و بەدبەختی و ماڵ لەسەر پشتان بووە، جارێ (70) ساڵ بەدەستی رژێمە یەك لەدوای یەكەكان كە لەسەر سونەكان حساب بوون، هەرچی خوای گەورە لەسەر روی ئەم زەمینە پێی ناخۆشە بووە پێیان كردووین،  بە جۆرێك بەسێ كوچكەی بەعەرەباندن بە بەعساندن و دەربەدەركردنیش دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە، كیمیاوی و وەیشومەی ئەنفالیشیان ئەنجامدا و سیاسەتی زەوی سوتاندنیشیان پیادەكرد، بۆ هەژدە ساڵیش دەچێت كە دوا رژێمی دكتاتۆری روخێنراو لەگۆڕنرا، لەژێر رۆشنایی پێكهاتەی عێراق  لەبەر زۆرینە بوونیان شیعەكان بوونە سەرمەشقی حكومڕانی، بەڕوكەش هەندێك گۆڕانكاری رویدا، وەك هەڵبژاردن و دەستوری تازە و بەشداری پێكردنی هەموو لایەنەكان                    لەحكومڕأنی تەنانەت ساغ بوونەوەی سەرۆكی كۆماریش وەزو عورف بۆ كورد، بەڵام بەڕاستی لەجەوهەردا ئەو عەقلیەتەی لەپێشدا هەبوو و حكومڕانی دەكرد هەر وەك خۆی مایەوە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەوەندە ساڵە تێپەڕی، كۆمەڵێك كێشەی بوونیادی یەكلانەكراونەتەوە  و وەكو خۆیان ماونەتەوە، لەنێو ئەوانەدا بەدیاریكراوی ماددەی (58) یاسای پۆل بریمەر كە درێژكراوەكەی ماددەی (140) دەستوری عێراقی هەمیشەییە هەروەها یاسای نەوت و گاز و هێزی پێشمەرگە و وردەكاری زۆر شتریش پەیوەست بەگەلی كوردستان و پێكهاتەكانیتر، بە بڕوای خۆم ئەوانەی ئێستا لەحكومدان ئەگەر لەدەستیان بێت، ئەوەی كردوویانە لەرابردوودا وەك ئەوەی بەرامبەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیتر كردیان زۆر زیاتر دەكەن، رەنگە بگاتە ئەوانەی دكتاتۆریەت لە رابردوودا دەیكرد، هەموشی لەژێر پاساوی دیموكراتیەت و زۆرینە و كەمینە، چەند جاریش خۆیان لەقەرەی ئەو تاقیكردنەوەدایە وەك ماددەی (28) یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2008 كە دژ بەكەركوك ویستیان بیكەن، ئەوەی نەختێك رێگر بووە لێیان یەكڕیزی كورد بووە، بێگومان ئەگەر بزانن كورد پەرتەوازەیە، هیچ ئاو لەو نیازە خراپە ناخۆنەوە كە  لە هزر و دەرونیاندا بەرامبەر بەم گەلە هەیانە، لە راستیدا ئەم بۆچونەم لەسەر ئەوەیە خەریكە خۆمان و گەلەكەمان و كێشە بوونیادیەكانمان لەبیر دەكەین،  لەولاوە بە قسە  و گفت و لفتی روپۆشكراوی ئەم و ئەو هەڵسوكەوت دەكەین.
        ئێستا عێراق و ئەوانەی نوێنەرایەتی دەكەن لەگەڵ یەكتردا دەكوڵێن و قوڵب دەدەن، بەتەنیا شیعەكان بوونەتە چوار بەش، بەشێكیان چەپ و شوعی بەشەكیتر سەدریەكانن كە لە رواڵەتدا خۆیان بەشیعەی عێراق دەناسێنن، هەندێكیتریان ولائین و زیاتر وابەستەی ئێرانن، بەشی هەرە زۆریشیان خۆڵەمێشین ، سونەكانیش راستە خۆیان وا دەنوێنن كە یەكگرتون، بەڵام لەراستیدا ئەوانیش وابەستەی كۆمەڵێك بەرژەوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتین، لەو روانگەیەوە كورد بە جیاجیا مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێك بكات لەدەرەوەی یەك وتاری كات كوشتن و كەڵەكەبوونی زیاتری كێشەكانە و هیچی لێ شین نابێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت سەردەكێشی بۆ لێكەوتەی زۆر خراپ كە رەنگە جێگەی باوەڕ نەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا سەدر و ئەوانەی وابەستەی ئەو باوەڕن، تا ئەم ساتە هێلێكی راستی سیاسەتیان نیشان نەداوە، هەر جارێ لەسەر ژێیەك یاریان كردووە، خۆشیان لە بنەڕەتدا زۆرینەی شیعە نین چونكە لەدوا هەڵبژاردندا نزیكەی 800.000 هەشت سەد هەزار دەنگیان هێناوە، لەبەرامبەردا ولائیەكان ئەجیندای دیار و ئاشكرایان هەیە ئەگەر بۆیان بچێـتەسەر سیستەمی ( ولایەتی فەقی ) پەیرەو دەكەن، ئەو دەم كێشەیەك لەلایان نامێنی بەناوی كورد و ئەوانیتر، رەنگە بەیەكجاری بیكەنە شیعەستان، سونەش مەنەفێستیان دیارە كە بەدرێژایی حكومڕانی چیان بەسەر ئەم عێراقە لە نێو عێراقیش بەسەر كوردیان هێناوە، بەدڵنیاییەوە هەر لەسەر ئەو رێچكەش دەبن، ئەگەر زەمەن یاریان بێت رەنگە خراپتریش بكەن، بەپاساوی ئەوەی كورد رۆڵی بەرچاوی لەروخانی  رژێمی دكتاتۆری و هێنانە كایەی ئەو سیستەمە تازەیە هەبووە، ئەمە بەڕاستی واقیعی حاڵی عێراقە خۆ لێ لادان یان چاونقاندن لەبەرامبەری، وەكو ئەوە وایە بتەوێت خۆت بكوژیت و ئەوەی هەتبووە بیخەیتە ئاوەوە ، بۆیە تەنیا چارەسەر ئەوەیە، كورد دەبێت پڕۆژەی كوردانەی خۆی هەبێت، بەوەوە بچێتە مەیدانەكە و بردنەوەكە مسۆگەر دەبێت ، لەدەرەوەی ئەوە هەرچی بوترێت و بەڵێنی سور و سپی بدرێت، بە كاتیش شتێكی ئەوتۆی لێ شین نابێت نەك چارەسەر و مافە ئەساسیەكان .  
 PUKmedia  ن: عەبدولواحێد محەمەد 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket