riklam

ئەڵمانیا 500 ملیۆن یۆرۆ دەداتە عیراق

عیراق 08:03 PM - 2016-02-11
ئەڵمانیا لەهاوكاریكردنی سەربازی حكومەتی عیراق بەردەوامدەبێت

ئەڵمانیا لەهاوكاریكردنی سەربازی حكومەتی عیراق بەردەوامدەبێت

سەرۆك وەزیرانی عیراق و راوێژكاری ئەڵمانیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەبەرلین  جەختیان لەسەر پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا و عیراق كردەوەو پشتیوانی ئەڵمانیا لەشەڕی داعشدا بۆ گەلانی عیراق بەگرنگ وەسفكرا.

ئەمڕۆ 2016/2/11 هەریەك لەئەنگێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیاو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبەرلین جەختیان لەسەر هاوكاری و پشتیوانی هێزە عیراقیەكان كردەوە لەشەڕی دژی داعشداو حەیدەر عەبادی هیوای خواست ئەڵمانیا هاوكاری باشتریان بكات و پەیوەندیەكانی هەردوولا زیاتر گەشە پێبدەن.

لەمیانەی قسەكانیدا ئاماژەی بەڕەوشی سیاسی و ئابوری عیراقداو باسی لەسەركەوتنەكانی هێزە عیراقیەكان كرد بەپشتیوانی فڕۆكەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان و نمونەی بەڕومادی و چەندین شوێنی تر هێنایەوەو سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە لەو شەڕەدا پشتیوانیان بوە بەچەك و راوێژكارو مەشق و راهێنانی سەربازی رۆڵێكی گرنگیان بینیوە.

لەبەشێكی تریدا باسی لەقەیرانە ئابورییەكانی عیراق كردو لەوەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەبڕینی موچەی كوردستان و هێزی پێشمەرگە عەبادی رایگەیاند:ئەوان رێگەیانداوە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٦٥٠ بەرمیل نەوت دەفرۆشن، بۆیە دەبێ هەرێمی كوردستان خۆیان موچەی خۆیان و پێشمەرگە دابین بكەن، چونكە عیراق خۆی لەقەیراندایە.

باسی لەهەنگاوەكانی چاكسازی كردو نمونەی بەپرۆژەی بوژاندنەوەی ئابوریدا بەشێوەیەك كە چیتر پشت بەنەوت نەبەسترێ.

عەبادی لەوەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بەڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ جیابوونەوە پێیوابوو سەركردەكانی كورد نایانەوێ جیاببنەوەو ئێمە پێویستیمان بەیەكەو تەواوكەری یەكترین، خوازیاری پەیوەندیەكی باشترین لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵام بڕیاری سەركردەیەك سەبارەت ریفراندۆم بەبێ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵك جگە لەشكست هیچی تر نابێ.

سەبارەت بەپرسی پەنابەران وەك سەروەتێكی نیشتمانی عیراق، عەبادی پێیوابوو دەبێ پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و خزمەت بكەن بەتایبەتی لەقۆناغی بنیاتنانەوەی عیراقدا.

 میدیای ئەڵمانیا ئەم هەڵوێستەی عەبادی وا لێكدەدەنەوە كەسازش بووە لەپێناو بەدەستهێنانی مادی.

دواتر لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا ئەنگێلا مێركل رایگەیاند: ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ بەقەرز دەدەنە عیراق و ئەو قەرزەش بۆ هەموو عیراقە بەبێ جیاوازی، وەك ئاماژەیەك بۆ هەرێمی كوردستان..

عەبادی لەكۆنگرەكەدا داوای بەردەوامی مەشق و راهێنانی هێزەكانی كرد لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوەو داوایكرد هاوكاری ئاوارەكان بكەن، لەبەرامبەردا مێركل رایگەیاند ئەڵمانیا پشتیوانی عیراق دەبێ لەشەڕی دژی داعشداو راهێنان و مەشقی سەربازی بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بەئاوارەكانیش رایگەیاند: لەگەڵ عەبادی باسیان لەچەند پرۆژەیەك كردووە، رونیشیكردەوە پشتیوانی و هاوكاری هێزی پێشمەرگەمان كردووە بەڕەزامەندی و ئاگاداری عیراق، ستایشی رۆڵی هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەی كردو هەڵوێستی ئەڵمانیای  بۆپشتیوانی دوپاتكردەوە.

ئەم سەردانەی عەبادی لەمیانەی بەشداریكردنی كۆنگرەی (میونخ بۆ ئاسایش) كە بڕیارە رۆژانی 12 بۆ 14ی شوبات لەموینشنی پایتەختی هەرێمی باڤاریا بەڕێوەبچێت و پرسی سەرەكی كۆنگرەكە كێشەی سوریاو شەڕی داعش و عیراق و قەیرانی ئابوری هەرێمی كوردستانە، بڕیاریشە مەسعود بارزانی بەنوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا بەشداری بكات.

PUKmedia شیهاب عوسمان - ئەڵمانیا

 

70171122016_90008.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket