riklam

لیژنەی یاسایی پەرلەمان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان 04:40 PM - 2015-08-03
.

.

بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەسەر هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/8/3 لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی لیژنەكە كە لەشەش ئەندام پێكهاتبون كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە بەسەرپەرشتی د.بەهار عەبدولڕەحمان جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی و گۆران ئازاد بڕیاردەری لیژنەكە بەڕێوەچوو، رەشنوسی راپۆرتی لیژنەی كاروباری یاسایی لەسەر هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خرایەڕوو.

بەر لە دەستپێكردنی بڕگەو ماددەكانی رەشنوسی راپۆرتەكە، لەلایەن سەرپەرشتیارانی كۆبوونەوەكە ئەوە رونكرایەوە كە مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەو ئامادەكردنی راپۆرت، نە دژ بەهیچ لایەنێكە و نەدژی سازانیشە، بەڵكو ئەوان وەك پەرلەمانتارو لیژنەی یاسایی كاری پیشەیی پەرلەمانتاری و ئەركە سەرەكییەكانی لیژنەكە رادەپەڕێنن و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی لیژنەكەیان راپۆرتی خۆیان دەربارەی ئەو پڕۆژە پێشكەشكراوانە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمان بەرز دەكەنەوە.

 هەروەك ئەوەشخرایەڕوو، كە لەكاتی گەیشتنە رێككەوتن و ئەنجامدانی سازان لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، دەكرێت بۆچون پێشنیازی ئەوانیش لەڕێگەی نوێنەرو فراكسیۆنەكانەوە بخرێنە بەردەم پەرلەمان و جێبكرێنەوە، بۆیە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە نابێتە هۆی وەستاندنی سازان.

دواتر یەكە بەیەكەی بڕگەو ماددەكانی رەشنوسی راپۆرتەكە گفتوگۆی لەسەر كراو بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو سەرجەم ماددەو بڕگەكان دوای داڕشتنەوەی چەند بڕگەیەك و لابردنیان لەگەڵا جێكردنەوەی پێشنیازی نوێ لەڕاپۆرتی لیژنەكە جێگیركران.

بەپێی راپۆرتی كۆتایی لیژنەی یاسایی، هەشت ماددەی ئەسڵی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 كە بریتیبون لە ماددەكانی (1 و 2 و 4 و 5 و 9 و 10 و 15 و16) هەمواركراونەتەوەو ماددەكانی (7 و 8 و 13)ی ئەسڵیی هەمان یاساش هەڵوەشێنراونەتەوەو سەر لەنوێ دارێژڕاونەتەوەو ماددەی شەشەمی ئەسڵی یاساكەش لابراوە و سێ ماددەی دیكەش بۆ یاساكە زیادكراوە. كۆی گشتی راپۆرتەكەش لە 18 ماددە پێكهاتووە و بڕیاریشە لە زووترین كاتدا بەڕەسمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت و لە دوای پێشكەشكردنی راپۆرتەكەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دوای تێپەڕبوونی 48 سەعات سەرۆكایەتی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنی بۆ ئەنجامبدات بەمەبەستی دەنگدان و پەسەندكردنی.

گۆڕانكارییە سەرەكییەكان بەپێی راپۆرتی لیژنەی یاسایی كە سوودی لێوەرگرتووە لە هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005، كە لە دانیشتنەكانی پێشوودا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان و لەدەورەی یەكەم بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، لەكاتی بەدەستنەهێنانی ئەو رێژەیەشدا لە دەورەی دووەمی دەنگدان بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتی سەربازیش گوازراوەتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها دوو جێگریشی دەبێت.

لەكۆی 11 ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش تەنها 6 ئەندام ئامادەی كۆبوونووەكە بوون كە ژمارەی یاسایی گرێدانی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان تەواو كردوەو پەرلەمانتارانی ئامادەبووش بریتی بوون لە د.بەهار عەبدولڕەحمان و گۆران ئازاد ‌و ئەنوەر قادرو تەلار لەتیف و گەشە داراو ئەبوبەكر هەڵًەدنی.

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket