riklam

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ‌

بیروڕا 11:02 AM - 2015-07-05
د.به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌

د.به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌

دوای‌ مانگێك له‌پشووی‌ هاوینه‌، سه‌ره‌نجام له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ته‌مموزدا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌كوردستانه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز، ئه‌وشوێنه‌ی‌ كه‌ تێیدا دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌ساڵی‌ دووه‌می‌ خولی‌ سێیه‌می‌ یاساداناندا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
وه‌نه‌بێ‌ هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌مه‌ی‌ یه‌كه‌م هاتن یان گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد بووبێت بۆ پایته‌خت، به‌ڵكو له‌دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1921 ده‌یان ده‌سته‌ له‌نوێنه‌رو وه‌فدی‌ كوردستان به‌ڕێگه‌ی‌ جیاوازو له‌شه‌قل و به‌رگی‌ هه‌مه‌ڕه‌نگدا، هه‌ر له‌وه‌فدی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و عه‌شایه‌ری‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ وه‌فدی‌ سیاسی‌ و حكومی‌ له‌كوردستانه‌وه‌ هاتوون بۆ شاره‌كه‌ی‌ ئه‌بو نه‌واس، به‌ڵام نه‌ك بۆ ماسی‌ خواردن، به‌ڵكو بۆ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و هه‌ڵوه‌دای‌ ئه‌وه‌ بوون كه‌ شتێك بۆ كورد له‌م ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵبكڕێنن.
هه‌رچه‌ند وه‌ك مامه‌ پیره‌مێرد ده‌فه‌رمووێ‌ وه‌فدی‌ كوردستان میلله‌ت فرۆشان، هه‌رزه‌ وه‌كیلی‌ شاری‌ خامۆشان. له‌ناو ئه‌م وه‌فدانه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ كوردیشدا كه‌موكورتی‌ له‌به‌رنامه‌و له‌هونه‌ری‌ دانوساندن و لاوازی‌ له‌دیپلۆماسییه‌ت هه‌بووه‌، به‌ڵام ته‌مه‌نا ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد، دواهه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی‌ كورده‌كان بین كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ به‌غدامان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ شه‌ڕی‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و جێبه‌جێكردنی‌ مافه‌خوراوه‌كانی كورد بكه‌ین. ته‌مه‌نایه‌ك كه‌ له‌لای‌ برام ستران عه‌بدوڵڵا بووه‌ته‌ شتێكی‌ یه‌قین و داوایكرد یاداشته‌كانمان بنووسینه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌بینه‌ دواهه‌مین ده‌سته‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ كوردو ئیتر عیراق به‌ره‌و پارچه‌ پارچه‌ بوون ده‌ڕوات و هه‌ر به‌ته‌نها به‌رگه‌ی‌ ئه‌م سێ‌ ساڵه‌ی‌ خوله‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌گرێت.
نایشارمه‌وه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌گۆشه‌یه‌كی‌ نیومانگی‌ به‌ناوی‌ سه‌كۆی‌ به‌غدا، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ عه‌مه‌لی‌ و مه‌یدانی‌ دیوی‌ ناوه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ ناو هۆڵی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق و پرۆسێسی‌ سیاسی‌ و كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق و حكومه‌ته‌ ئیتیحادییه‌كه‌ی‌ بۆ خوێنه‌ری‌ كوردو شه‌قامی‌ كوردستان بگوازێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریداو ده‌رهاویشته‌ی‌ فكره‌ی‌ لێكترازانی‌ پێكهاته‌كانی‌ عیراق و نزیكبونه‌وه‌یه‌ له‌پڕۆژه‌ی‌ دابه‌شبوون كه‌ مسته‌ر بایدن ده‌مێكه‌ فڕێی داوه‌ته‌ ناو مێزی‌ دانیشتنی‌ سه‌ركرده‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی‌ نهێنی‌ و ناوخۆیی‌ حیزبه‌كان، به‌نیو هێنده‌ گۆشه‌یه‌كی‌ شرۆڤه‌كاری‌ لێكه‌وته‌ سیاسییه‌كان نییه‌و ده‌یه‌وێت ببێته‌ دوا نوێنه‌ری‌ كورد له‌به‌غدا كه‌ پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كجاری‌ بۆ كوردستان رووداوه‌كان بۆ خوێنه‌ره‌كانی‌ ئه‌دگار بكات.
به‌هه‌رحاڵ، له‌كۆتاییه‌كانی‌ مانگی‌ رابردوودا له‌دوای‌ شه‌ڕه‌ بۆكسێنی‌ شیعه‌كان له‌ناوخۆیان له‌سه‌ر گۆڕینی‌ پۆستی‌ وه‌زاری‌ و هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌ بۆكسێنی‌ سوننه‌كان له‌ناوخۆیاندا له‌سه‌ر متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌پارێزگاری‌ موسڵ، شكوور بۆخوا پشووه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌پێیی‌ ده‌ستوور ده‌ستیپێكردو سه‌ره‌ نه‌هاته‌ سه‌ر كورد، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا به‌هۆی‌ پرسی‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ سیاسییه‌وه‌ كه‌شێكی‌ ئاڵۆزو دردۆنگ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌ بۆ ناو هۆڵی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا گورزێكی‌ توند ده‌بێت له‌پرۆسه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كجاریمان بۆ كوردستان و خه‌ونه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌مان (ده‌وڵه‌ت). هه‌روه‌ك له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م وه‌رزه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك یاسای‌ گرنگمان له‌به‌رده‌سته‌ وه‌ك پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌ و یاسای‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ و یاسای‌ حیزبه‌كان كه‌ له‌ئه‌ڵقه‌كانی‌ داهاتوودا تیشكیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.


د.به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket