riklam

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر پڕچەككردنی پێشمەرگە دەنگیدا

کوردستان 08:52 PM - 2015-05-03
بەرەی توركمانی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كرد

بەرەی توركمانی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كرد

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەنگیان بەپرۆژە بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكادا لەبارەی پڕچەككردنی پێشمەرگەو هێزە سوننەكان لەعیراق و كوتلەی توركمانیش بایكۆتی كۆبونەوەكەیان كرد.
 
لەكۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا كە ئەمڕۆ 2015/5/3 لەهۆڵی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو بەسەرپەرشتی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت بەڕێوەچوو،پێشنیازێكی لیستی برایەتی كەركوك خرایەڕوو بۆ دەربڕینی پشتیوانی پرۆژە بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ پڕ چەككردنی پێشمەرگەو هێزە سوننەكان لەعیراق لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بەداعش.

لەكۆبونەوەكەدا رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت رایگەیاند:پشتیوانی تەواوی ئەو پرۆسەیە دەكەین بۆ پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە و عەشیرەتە سوننەكان بۆ وەستانەوە دژ بەداعش، ئەگەر بێت و پرۆسەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریكاوە جێبەجێ بكرێت، خوازیاریشین كە حكومەتی فیدراڵ لەسەر شێوازێك بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكادا بكرێت.
 لەو نێوەندەدا كوتلەی توركمانی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پاشەكشەیان لەكۆبونەوەكە كردو هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت.

پاشان پڕۆژە بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.

هەر ئەمڕۆ كوتلەی بەرەی توركمانی لەئەنجومەنی پارێزگا بەیاننامەیەكیان لەبارەی پاشەكشەكەیان لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بڵاوكردەوەو ئەوەیان رونكردوەتەوە كە پاشەكشەیان بەهۆی ئەوەوە بووە كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت پێچەوانەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵسوكەوتی كردوە كەپرۆژەكەی رەتكردوەتەوە.

راشیانگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت رای خۆی بەسەر ئەنجومەنەكەدا فەرز كردوە كاتێك پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆژە بڕیارەكە نیشانداوە بێ ئەوەی گوێبیستی رای كوتلەكانی تر بێت لەئەنجومەنەكەدا لەكاتێكدا ئەنجومەنە لەچەند كوتلەیەك پێكهاتووە.

لەبەرامبەردا رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە PUKmediaی راگەیاند: دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو پرۆژە بڕیارە لانی كەمی پشتیوانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە بۆ پرۆسەی پڕ چەككردنی هێزی پێشمەرگەو هێزە سوننەكان بۆ وەستانەوە لەدژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

وتیشی: بەغدا خۆی ئەو هێزانە چەكدار ناكات و ناشیەوێت چەكدار بكرێن، بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك بتوانین شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەین، ئەو سەردەمەش بەسەرچوو هاوشێوەی سەردەمەكانی رابردوو هەموو بڕیارەكان لەناوەندەوە بەسەر پارێزگاكاندا بسەپێندرێت.

تاڵەبانی رونیشكردەوە: جێی سەڕسورمانیە كوتلەی توركمانی لەدژی بڕیارەكە وەستانەوە، لەكاتێكدا هەمووان دەزانین كەكەركوك پێشمەرگە دەیپارێزێت و ئەوە پێشمەرگەیە كەتوركمانیشی پاراستوە، وەك ئەوەی كەكوردو مەسیحی و عەرەبیشی لەشارەكەمان پاراستوە، چاوەڕوانی ئەوە بوین كە كوتلەی بەرەی توركمانیش وەكو ئێمە هاوهەڵوێست بونایە كە پێویستە پێشمەرگەو هێزە سوننەكان پڕ چەكبكرێن نەك لەدژی رابوەستن.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket