riklam

مەتەڵەكەی توركیا

بیروڕا 12:06 PM - 2015-03-04
هێمن بیاوێڵەیی

هێمن بیاوێڵەیی

توركیا دەوڵەتێكی یەكجار عەجیب و غەریبی ناو دنیای سیاسەت و ئابووری ئەمڕۆیە، نەك هەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی سیاسەتێكی ناڕوون و فرە جەمسەر پیادە دەكات، سەیرەكەش لەوەدایە هەمووان لێی قبوڵ ئەكەن و جارجارەش شیعرو شانامەی بەباڵادا دەخوێننەوە.

زۆرجار كە سەیری وێنەی ئەو پردە گەورەیەی توركیا ئەكەم كە بەشی ئاسیاو ئەوروپای ئەو وڵاتەی بەیەكەوە گرێداوە، راستەوخۆ وێنەكە گەورە ئەكەم و دەبینم لەبەرچاومدا توركیایەك دروست دەبێت كە بووەتە گرێی نێوان وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین، گرێكە جاری وا هەیە زوو دەكرێتەوە ئەگەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیانی تیابێت، هەندێجاریش ئەو گرێكوێرەیە كە خۆی باش باش جەڕاندوویەتی، دەخاتە دەستی ئەوانی تر بۆ ئەوەی بیكەنەوەو مەتەڵەكەی هەڵبێنن!

ئەمڕۆ دەوڵەتەكەی ئەردۆغان گەمەكەرێكی ئاقڵ و ژیری ناو جیهانی تاریكی سیاسەتە، رۆژێك دژی پڕۆژەی ئەمریكی و جولەكەیە لەناوچەكە و رۆژێكیش ڕێكەوتننامەیان لەگەڵ ئیمزا دەكات، دەڵێت ڕژێمی ئەسەد ڕژێمێكی دیكتاتۆرو تیرۆرست و نابووتە، كەچی خۆی لەژێرەوە گەورەترین داینەمۆی پشتگیری سیاسی و تەنانەت سەربازی و لۆجستیشە بۆ داعش كە گروپێكی تاسەر مۆخ تیرۆرست و توندڕەون، هەرچی كارێك مرۆڤایەتی نەفرەتی لێكردبێت ئەوان دەیكەن. رۆژێك لەگەڵ ئێران لەسەر مەزهەبگەرایی تێدەگیرێ‌ و ڕۆژێكیش دژی لەسێدارەدان تەوعیەی ئاینی و كۆمەڵایەتی دەكات، لەمسەریشەوە نە بەرامبەر بە كورد و نە بەرامبەر بە عیراقیەكانرڕۆژێك نەبووە ڕاستی كردبێت، ئەوان هەرچی بزووتنەوە و حزب و لایەنی كوردی هەر چوار پارچەكەی كوردستان هەیە بە داردەست و تیرۆرست و ئەڵقە لەگوێی ئەمەریكاو جولەكەی دەزانن، هەڵوێستیان بەرامبەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردانی باكوورو لەناویشیانادا پەكەكە هەمیشە پاسیڤ بووە، كەچی لەملاوە تەپڵی ئەوەمان بۆ دەكوتن كە لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و بەرهەمدارو ستراتیژییان لەگەڵ هەرێمدا هەیە، ئاخر خۆ ئەوانیش كوردو ئێمەش هەر كورد! ئەدی ئەم دوو فاقیە بۆ خەڵەتاندنی كێیە؟! توركیا هەردەم باوەڕی بە سەروەری  سیاسەت و ئابووری  هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەوە ئێمەین بۆیان دەپۆشین و پێمانوایە جوانمان پێكاوە، لەكاتێكدا دەمانەوێت دوای شكستی دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا لەبەرامبەر ئەو هەموو بارگرانی و بێ‌ مووچەیی و دۆخە شپرزەدا، توركیا ببێتە پەنجەرەی سەرەكی ئابووری و سیاسی و  ئیقلیمیمان، كە ئەوەش مێژوو سەلماندویەتی خەوێكی خۆش و خەیاڵێكی هەرزەكارانەیە.

توركیای ئەمڕۆ لەبەرامبەر هەموو دنیادا ئامادە نییە بەڕستەیەكیش بێت ئیدانەی داعش و كارەكانیان بكات، كە ئەمڕۆ شەڕ لەدژی كوردانی باشوورو ڕۆژئاوا دەكەن و رەنگە سبەی دوو سبەیش رۆژهەڵات و باكووریش بخەنە بەردەم مەترسیە وەحشیگەرییەكانیان، ئاخۆ ئەبێت ئەوەی لێ‌ چاوەڕوان بكەین كە هەموو خەونەكانی خۆمانی بدەینە دەست و چاوەڕێ‌ بكەین ئەو تەفسیریان بكات و بۆمان بكاتە واقیع؟

لەم كاتەدا كە خەڵكی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران و فەرمانبەران بەدۆخێكی ئابووری سەختدا گوزەر دەكەن، بەغدا بڕستی ئابووری هەرێمی بڕیوەو هەر ڕۆژە قەوانێكمان بۆ لێدەدات، داعش لەمێژە بانگی شەڕو قەتڵ‌وعامی كوردی داوە و بەتەمای تروكانی هێلكەی دەوڵەتی بەناو ئیسلامیە لەسەر بەشێك لەخاكی كوردستان كە كەركوكە، كەچی توركیا ئامادەی ئەوەش نییە كە تەنیا تۆزقاڵێك هاوكاری سەربازی و ئابووری كوردستان بكات، نەك ئامادەی هاوكاریش نیە، بەڵكو سەر تا خوار دژی هەر هاوكارییەكی پەكەكەو پەیەدەو لایەنە كوردییەكانی تریشە كە ئەگەر هاوكاری پێشمەرگە بكەن لەجەنگی دژی داعش، ئەوە ئەو توركیا لیبراڵ و ئازادیخوازەیە كە ڕۆژانە گروپ گروپ تیرۆرست ئاودیوی خاكی سووریاو عێراق دەكات و خۆیشی شەرمنانە رەخنەی بریقەدار لەتوندڕەوی و دەمارگیری تائیفی و ئاینی و بیری تەكفیری و تیرۆرو تۆقاندن دەگرێت.

توركیا گەمەكەرێكی چاونەترسە بەتەنیا بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی نەك بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسییەكانی كورد، ئەوەشی لەڕابردوودا بەڵێنی داوەو ڕایگەیاندوە كە لەگەڵ هەرێم هاوكارو دۆستی سیاسی و ئابووریە، ئەوە هەر لەسیاقی  ئەو مەتەڵەدایە كە دوێنێ‌ بۆ سووریاو ئیسرائیل و ئێران گرەوی لەسەر دەكردو ئەمڕۆش لەسەر هەرێمی كوردستان تۆختری دەكاتەوە، دەنا توركیا یەك لەو دەوڵەتانەی دنیایە كە هەرگیز پێی لەگەڵ پێی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسیەكانی خەڵكی كوردستاندا نەبووە، مەگەر هەر لەو كاتانەدا نەبێت كە پشتگیری رای كەسانێكی كرد كە هاتنی شەڕڤانان و گەریلاكانی پارچەكانی تری كوردستانیان بۆ باشوور و بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش بەنایاسایی و نادەستووری دایە قەڵەم، بێگومان لەمەیاندا زووتر هاتە سەر خەت و جوانتریش ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست.

لێرەو لەوێ هەبوون هاتنی شەڕڤانانیان بۆ باشوور پرۆتستۆ دەكردو دەیانگوت دروست نییەو شكاندنی سەروەری سیادی و سنووری كوردستانی باشوورە، ئەوەش هەر لەبەر زەوقی سیاسی و دەروونی دەوڵەتەكەی ئەردۆغان بوو نەك هیچی تر، ئەگەر وانیە فەرموو با لەدۆخێكی چەقبەستووی ئابووریانەی وەك ئێستادا كە هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێ‌ هیچ نەبێت ئەو دەوڵەتە گوڕێك بەخۆی بداو  لایەكی خێرمان لێبكەنەوە. ئەگینا ئەگەر مەسەلەكە هەر فڕێدانی دەستەواژەی خەمخۆری و هاوسۆزی تیمساحیانە بێت لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە بەرامبەر بەكورد، خۆ ئەوە دوژمنەكانی پێشووتریش لەناوخۆو دەرەوە زۆریان ڕێسا، بەڵام دواتر وەتاریكی كەوتن و تێیان تەقاند. بێگومان مەتەڵەكەی توركیاش هەر لەو سەرچاوەیەو بڕوام نییە هیچی لێ‌ شین بێت.

 

هێمن بیاوێڵەیی

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket