riklam

خۆراگری و نه‌به‌ردی شه‌ڕه‌ڤانان و پێشمه‌رگه‌ كۆبانێ-ی رزگاركرد

کوردستان 01:16 PM - 2015-01-27
كۆبانێ سومبولێك بۆ به‌رخۆدان

كۆبانێ سومبولێك بۆ به‌رخۆدان

پاككردنه‌وه‌ی كۆبانێ له‌ تیرۆرستانی داعش، مایه‌ی دڵخۆشی بوو بۆ هه‌موو كوردێكی دڵسۆز به‌تایبه‌ت و بۆ هه‌موو جیهان به‌گشتی، ئه‌و جه‌نگه‌ی ماوه‌ی  132 رۆژی خایاند له‌ ئه‌نجامدا به‌سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كۆتایی پێهات.


شاری كۆبانێ 30 كم له‌ رۆژهه‌ڵاتی روباری دیجله‌وه‌ دووره‌و 150كم له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌ب-ی سوریاوه‌ دووره‌، دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2004 نزیكه‌ی 45 هه‌زار كه‌س نیشته‌جیَی ئه‌و شاره‌ن، هه‌رچه‌نده‌ هاووڵاتیانی كۆبانێ ئه‌و ئاماره‌یان زۆر پێ راست نیه‌و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كوردانی كۆبانێ مافی ره‌وای خۆیان پێنه‌دراوه‌و له‌ كاتی سه‌رژمێریدا ژماره‌كان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌.


له‌به‌رواری 16-9-2014، تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر سنوری كۆبانێ، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌و جه‌نگه‌و دوای ئه‌وه‌ی تیرۆرستان توانیان گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆبانێ داگیربكه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتی ئه‌و گوندانه‌ ئاواره‌بوون و نزیكه‌ی 800 كه‌سیش بێ سه‌روشوێن بوون، تیرۆرستانی داعش به‌ داگیركردنی ئه‌و گوندانه‌وه‌ رانه‌وه‌ستان و هه‌وڵیاندا سه‌نته‌ری شاری كۆبانێ داگیربكه‌ن و جه‌نگه‌كه‌ش رۆژ به‌ڕۆژ قورستر ده‌بوو.


له‌به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی تیرۆرستانی داعش، نزیكه‌ی 200 هه‌زار كوردی دانیشتوی كۆبانێ ئاواره‌ی سنوری توركیا بوون چونكه‌ هیچ رێگه‌یه‌كی تر نه‌بوو بۆ خۆ رزگاركردن، ئه‌وانه‌ی ئاواره‌بوون پیرو ژن و منداڵ بوون، ئاواره‌كان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ له‌سه‌ر سنور، روبه‌ڕوی ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاردان بونه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی توركیا له‌سه‌ره‌تادا رێگه‌ی نه‌دا كه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ بچنه‌ ناو خاكه‌كه‌ی، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی توركیا ناڕه‌زای زۆری لێكه‌وته‌وه‌ تا له‌ئه‌نجامدا كه‌مپی نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر سنور بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ دروستكرا.


شه‌ڕوپێكدادان به‌رده‌وامبوو شه‌ڕه‌ڤانانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌، داوای یارمه‌تی سه‌ربازی و پزیشكیان كرد، هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری خۆیان بۆ كۆبانێ دووپاتكرده‌وه‌و چه‌ندین رێپێوان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدا، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا كه‌ هێزێك بۆ پشتگیری له‌ هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل، ره‌وانه‌ی كۆبانێ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش رێگری هه‌بوو كه‌ راسته‌وخۆ هێزه‌كه‌ نه‌یتوانی به‌ره‌و كۆبانێ به‌ڕێبكه‌وێت، تاكه‌ رێگه‌ بۆ چونه‌ ناو كۆبانێ، خاكی توركیا بوو، حكومه‌تی هه‌رێم و توركیا دوای گفتوگۆیه‌كی زۆر رێككه‌وتن و حكومه‌تی توركیا ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ناو خاكه‌كه‌ی دا بچێته‌ ناو كۆبانێ، له‌ به‌رواری 29-10-2014 یه‌كه‌م كاروانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ناو خاكی توركیاداو تێپه‌ڕی و دوای چه‌ند رۆژێك گه‌یشتنه‌ ناو كۆبانێ.


هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونیدا به‌ناو خاكی توركیا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیان پێشوازیان لێكرا، كورده‌كانی كوردستانی توركیا به‌ ئاڵای كوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌یان به‌ڕێكرد، دوای گه‌یشتنی ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ش بۆ كۆبانێ، هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی گه‌ل به‌هاوكاری پێشمه‌رگه‌ له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش به‌رده‌وامبوون، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان یارمه‌تی ده‌رێكی باشی شه‌ڕه‌ڤانانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ بوون.


ئه‌مریكاو وڵاتانی هاوپه‌یمانانی، له‌ڕێگه‌ی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانه‌وه‌ یارمه‌تی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل-یان داو گورزی سه‌ربازییان له‌ داعش وه‌شاندو به‌رده‌وامبووون له‌ بۆردومانكردنی مۆڵگه‌كانی داعش، ئه‌مه‌ش هاوكارییه‌كی زۆر باشبوو بۆ وه‌ستاندنی پێشڕه‌ویه‌كانی تیرۆرستانی داعش.


ئه‌م جه‌نگه‌ ماوه‌ی 132 رۆژی خایاندو شه‌وی 26-1-2015، هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌ هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ناو سه‌نته‌ری شاری كۆبانێ سه‌ركه‌وتنیان راگه‌یاند و له‌ئێستاشدا پێشڕه‌وییه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆبانێ له‌ تیرۆرستانی داعش.


هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی گه‌ل له‌دوو به‌ش پێكدێن (یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌)، هێزی یه‌په‌ژه‌ سه‌رجه‌میان ژنی قاره‌مانه‌كانی كوردستانن له‌ماوه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی كۆبانێ-دا توانیان سه‌رنجی جیهان بۆلای خۆیان رابكێشن به‌ئازایه‌تی و به‌رخۆدانه‌كانیان و داستانێكی نوێیان له‌مێژووی كوردایه‌تی تۆماركردو به‌شێكی زۆر له‌ ئاژانسه‌ جیهانییه‌كان رۆژانه‌ باسی ژنانی سه‌ر به‌ هێزه‌كانی یه‌په‌ژه‌-یان ده‌كرد كه‌ گیان فیدا بۆ پاراستنی خاكه‌كه‌یان روبه‌ڕوی داعش ده‌بنه‌وه‌.


PUKmedia  هۆزان رۆسته‌م

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket