riklam

د.یوسف بانگهێشتی كۆنگره‌ی یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی ده‌كرێت

تەکنەلۆجیا 01:16 PM - 2015-01-25
 ته‌ئكیدیان له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌

ته‌ئكیدیان له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی ته‌ئكیدیان له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌.

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ د.سوڵتان ئه‌بو عرابی ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی، باسیان له‌ چۆنییه‌تی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد.

له‌و دیداره‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ 25/1/2015 له‌دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ ئاماده‌بوونی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و نوێنه‌ری زانكۆكانی عیراق له‌و یه‌كێتییه‌ به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌تایبه‌ت پرۆسه‌ی (دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین) له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی به‌گشتی و زانكۆكانی ئوردون به‌تایبه‌تی.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ وه‌فدی میوانی راگه‌یاند: دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ بواری دڵنیایی جۆری هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خواستی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی ئوردون له‌و بواره‌ پیشاندا، به‌وپێیه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی گرنگی زیاتر به‌و بواره‌ ده‌دات.

هه‌ر له‌ قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی له‌ بایه‌خی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ زانكۆ ئوردونیه‌كان و عه‌ره‌بیه‌كان كرده‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ فراوانكردنی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان گرنگ و پێویسته‌ بۆ هه‌ردوولا.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی خۆشحاڵی خۆی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان دوپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك سوپاسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ هاریكاریكردنی خوێندكارانی زانكۆكانی عیراق به‌تایبه‌ت زانكۆكانی (موسڵ، تكریت، كه‌ركوك) كه‌ به‌هۆی خراپی دۆخی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كانیان روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا د.سوڵتان ئه‌بو عرابی به‌ڕه‌سمی بانگهێشتی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ ئاماده‌بوون له‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی له‌ مانگی ئازاری داهاتوو له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌هه‌مانكاتدا بانگهێشتی ره‌سمی كرد بۆ سه‌ردانیكردن بۆ زانكۆكانی ئوردون.

یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی له‌ ساڵی (2013) به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی (200) زانكۆی عه‌ره‌بی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداو له‌لایه‌ن پسپۆڕان و به‌شداربووانی كۆبونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و چۆنییه‌تی پێشخستنی له‌ زانكۆكانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كرا.

PUKmedia راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی

4815102512015_IMG_2741 copy.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket