riklam

مالیكی عیراقێكی وێرانی جێهێشت

kurdistani 04:27 PM - 2014-08-21
كارزان هه‌ورامی

كارزان هه‌ورامی

مالیكی عیراقێكی وێرانی بۆ دوای خۆی جێهێشت

له‌كاتی بوون به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نوری مالیكی چوار به‌ڵێنی گه‌وره‌ی خسته‌ به‌رده‌م پێكهاته‌كانی عیراق، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ته‌نیا نووسینی سه‌ر كاغه‌ز بوو نه‌توانرا هیچ یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جی بكرێت، به‌ڵێنه‌كانیش:
یه‌كه‌م: "ئاشته‌وای نیشتیمانی" گه‌وره‌ترین په‌یامی بوو له‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌چی نه‌ك نه‌یتوانی ئاشته‌وای نیشتیمانی جێبه‌جی بكات بگره‌ كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌. له‌په‌راوێزخستنی سونه‌كان و ڕاوه‌دونانیان له‌وه‌ده‌چێت به‌شێكی هه‌ڵه‌ی مالیكی به‌رانبه‌ر به‌ سونه‌كان به‌ویستی خۆی نه‌بووبێت، به‌ڵام كاریگه‌ری بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت له‌ژێر هه‌ندێك له‌مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ و سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌ی لێ دروستكرد. لی ده‌بوو بناغه‌ی كاری ده‌وڵه‌تداری له‌سه‌ر سیسته‌می ته‌وافوقی نیشتیمانی بوایه‌، ئه‌م چه‌مكه‌ به‌شكستخواردوویی درێژكرایه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت كرا له‌ 2010. یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی پێكهاته‌كانی حكوومه‌ت پێدانی پۆستی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی عیراق بوو بۆ سونه‌كان، به‌ڵام ئه‌م پۆسته‌ نه‌ك چالاك نه‌كرا بگره‌ بووه‌ قوربانی په‌راوێزخستنی سونه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عیراق.
دووه‌م: مالیكی بڕیاری دا ڕووبه‌ڕووی تیرۆر ببێته‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ عیراق بكرێنه‌ نیشتیمانی، به‌ڵام كام نیشتیمانی؟ ڕێژه‌ی كورد له‌ سوپای عیراق ناگاته‌ %1 به‌پێی ده‌ستور ده‌بوو ئه‌و ڕێژه‌ %14بوایه‌، له‌ كاتێكدا پێشووتر تیرۆر وه‌ك ڕێكخراوێكی بچووك له‌ عیراق ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا سی پارێزگای گه‌وره‌ی عیراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ جیاتی ڕێكخراوێك ده‌وڵه‌تی ئیسلامیان ڕاگه‌یاندووه‌، سوپای عیراقیش تازه‌ تووشی تێكشانێكی ده‌روونی بووه‌ چوار لیوای گه‌وره‌ی عیراق هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، مه‌ترسی تیرۆر له‌ عیراق ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و جێگای سه‌رسوڕمان له‌ داهاتووشدا مژارێكی سه‌ره‌كی حكوومه‌ته‌ و ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌!! ئه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ حكوومه‌تی عیراق 10ترلیۆن دینار پاره‌ی پێشمه‌رگه‌ی گل داوه‌ته‌وه‌ و نه‌ی داوه‌، خۆ بۆ پارێزگاری كردن له‌ خاكی كوردستانیش چه‌كی به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نه‌داوه‌، كه‌چی له‌ 2013 بایی 18 ملیار دۆلار خه‌رجی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆی عیراق بووه‌، بایی3 ملیار دۆلار فرۆكه‌ی F16 كڕیووه‌، له‌پێناوی چی؟ بۆ كی ؟!!.
سێهه‌م: بڕیار وابوو كابینه‌ی ڕابردووی حكوومه‌تی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای 19 خاڵه‌كه‌ كه‌ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو كاری بكردایه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت "ڕێكه‌وتنی هه‌ولێر" به‌ڵام ده‌بینین بچوكترین خاڵی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جی نه‌كراوه‌، گه‌وره‌ترین كاره‌سات بڕینی قوتی خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌ بڕیاری نوری مالیكی، كه‌چی ته‌واوی ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێر باس له‌ هاوبه‌شی كردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشێلكاریه‌ وابه‌سته‌ی ده‌ستوری عیراق بكه‌ین ئه‌وه‌ بڕینی قوتی خه‌ڵكی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی ناده‌ستوریه‌ له‌هه‌مان كاتدا فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت وه‌ك هاووڵاتی عیراقی هه‌ژمار بكرێن و ماف و ئیمتیازه‌كانیان وه‌ك یه‌ك بێت، كاتێك ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌ واته‌ شه‌ڕ له‌ دژی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆت ڕاگه‌یاندووه‌.
چواره‌م: له‌ دیباجه‌ی.. قسه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران قسه‌ی له‌سه‌ر ڕێزگرتن و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ دراوسێكانی عیراق كرده‌وه‌، ئێستا ده‌پرسم كام په‌یوه‌ندی، له‌گه‌ڵ توركیا له‌خراپترین ئاستی دیپلۆماسی دایه‌، چونكه‌ هه‌رزوو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا وتی: "مالیكی عیراقێكی تایفه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌ده‌بات". له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بیش هێشتا په‌یوه‌ندی عیراق له‌گه‌ڵ میسر و سعودیه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو دا له‌ ئاستی پێویستدانییه‌، واته‌ عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌یتوانیووه‌ په‌ره‌به‌ دیپلۆماسیه‌تی خۆی بدات و ڕێز له‌ وڵاتانی دراوسێی بگرێت.
به‌ده‌ر له‌م چوار نمونه‌ مالیكی زۆر خروقاتی دیكه‌ی ئه‌نجام داوه‌، كه‌ زۆر جێگای مه‌ترسی بوون، ده‌بوو حكوومه‌تی عیراق به‌لایه‌نی كه‌م ڕۆژانه‌ 7 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات، به‌ڵام ئێستا نزیكه‌ی 3.5 سی ملیۆن و نیوبه‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كرێت له‌ كاتێكدا به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی نه‌وتی عیراق له‌ ساڵی 1982 دووملیۆن به‌رمیل نه‌وت بووه‌، واته‌ له‌ماوه‌ی سی ساڵدا به‌رهه‌می سیاسه‌تی نه‌وتی عیراق 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت بووه‌، واته‌ سیاسه‌تی نه‌وتی عیراق له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسێنه‌وه‌ تا شه‌هرستانی 2 ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی زیاد كردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ئێستا به‌رمیلی نه‌وتی عیراق له‌ بازاڕ دا 93 دۆلاره‌ و ڕۆژانه‌ هه‌زاران مه‌تر سێجا گازی سروشتی له‌ عیراق به‌ فیرۆ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ شكستی سیاسه‌تی نه‌وتی عیراق نه‌بێت له‌سه‌رده‌ستی حكوومه‌تی مالیكی ئه‌ی ناوی بنێین چی ؟. زۆر نمونه‌ی به‌رچاو هه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ڕابردووی مالیكی ئه‌نجامی داوون به‌شێكیشیان زۆر مه‌ترسیدارن، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌بی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان و به‌ویستی خۆی ئه‌نجامی دراوون، به‌ڵام به‌لاچوونی مالیكی هه‌موو ئه‌م هاوكێشانه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر خاڵی سفر بگره‌ هه‌ركه‌سێك شوێنی مالیكی ده‌گرێته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ به‌ وێرانی به‌ڕێوه‌براوه‌، هاتنه‌وه‌ی عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت كاتێكی زۆری ده‌وێت كه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ بێ جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنێكی دروست له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق، هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێشێلكردنی مافی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق ئه‌و ڕاستیه‌ به‌سه‌ر وڵاتدا ده‌نه‌خشێنێت كه‌ جیابوونه‌وه‌ی سی هه‌رێمی فیدرال یان پارچه‌ بوونی عیراق به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، ئێستاش به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌ عیراقیه‌كان نایانه‌وێت دان به‌و ڕاستیه‌دابنێن كه‌ هه‌رێمێك له‌ عیراق جیاببێته‌وه‌ ده‌ی كه‌وایه‌ ده‌بێت پێش هه‌مووشتێك دان مافی پێكهاته‌كانی عیراق و هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌ پێوه‌ری ده‌وڵه‌تداری له‌ عیراقدا بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌واو ئه‌و ڕاستیانه‌ی له‌به‌ر چاوبێت كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شكستانه‌ی مالیكی له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه‌ دووباره‌یان نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ لادانی مالیكی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو عیراقیه‌كان ده‌رخست كه‌ جگه‌ له‌ خواستی لایه‌نه‌كانی عیراق بوعدێكی نێوده‌وڵه‌تی یش له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیانی عیراقیه‌كان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌م دواییانه‌ مالیكی ده‌ستی دابوویه‌ جێگای نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بوو تا ئه‌و كاته‌ی به‌ لاچوونی له‌ ده‌سه‌ڵات سه‌رجه‌م وڵاتان خۆشحاڵیان ده‌ربڕی.  
لێره‌وه‌ هاوكێشه‌كان واده‌رده‌كه‌ون كه‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵی حوكمڕانی عیراق جگه‌ له‌ به‌جی هێشتی وڵاتێكی وێرانه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێكی گرنگی نه‌بووه‌ بۆ عیراقیه‌كان.

كارزان هه‌ورامی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket