riklam

مەلا بەختیار: دەمانەوێت بەوەفدێكی یەكگرتوو بچینەوە بەغدا

ی.ن.ک‌‌ 11:02 PM - 2018-05-26
.

.

ئێوارەی ئەمڕۆ (26/5/2018) مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بەئامادەبوونی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی پەیوەندییەكان ‌و تەحسین نامیق جێگری لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوە، لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمانتارانی بریتانیا، كۆبووەوە. 

مەلا بەختیار بە پەرلەمانتارانی بریتانیای راگەیاند، لەكاتێكی گونجاودا سەردانی كوردستانتان كردووە، كە هەڵبژاردن تەواوبووەو هاوكاتی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانی عیراقە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت.

 روونیشكردەوە: ئەمجارەش وەك جارەكانی پێشوو، زۆر ئەستەمە كابینەی حكومەتی عێراق بەبێ‌ كورد بەتایبەتی یەكێتی ‌و پارتی پێكبهێنرێت. 

 هیوایشی خواست هاتنی وەفدەكە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی زووتر كێشەكان چارەسەر بكرێن‌و كابینەیەك دروست بكرێ‌ لە ئاست چارەسەركردنی كێشەكان ‌و جێبەجێكردنی دەستورو شەراكەتی راستەقینەدا بێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا، مەلا بەختیار وتی: هەوڵدەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بەوەفدێكی یەكگرتوو  بچینەوە بەغدا، لە سەردانی یەكەمدا هیچ بەڵێنێكمان بە لایەنە سیاسیەكانی عیراق نەداوە، بەڵكو ویستمان لەنزیكەوە رایان بزانین‌و نەبینە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكو بەشێك بین لەچارەسەر.

رونیشكردەوە: ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەن‌ و كەسێك نیە، بەڵكو ڤیتۆمان لەسەر ئەوە هەیە لایەنێك بیەوێت وەك جاری پێشوو سیاسەت بكات ‌و دەستور جێبەجێ نەكات‌و مافەكانی گەلی كوردستان دەستەبەر نەكات ‌و كێشەی مووچە و بودجە، مەشق‌و پڕ چەككردنی هێزی پێشمەرگە، كێشەی نەوت‌و گاز،  مادەی 140و ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە دابرێنراوەكان و نەهێشتنی حكومی عەسكەری ‌و دامەزراندنی حكومی مەدەنی بەپێی ئیستحاقی هەڵبژاردن.

 هەروەها ئاشكرایشیكرد: پۆستی سەرۆك كۆمارمان دەوێ‌، سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی كوردەو لەناو كوردیش ئیستحقاقی یەكێتییە.

بەئاماژەدان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و سەركەوتنی كورد، مەلا بەختیار وتی: ئایندەمان لەدەست نەداوە، دەرئەنجامی هەڵبژاردن لەناوچە دابڕێنراوەكان بەڵگەی ئەوەن، خەڵك ورەی بەرنەداوە.

سەبارەت بەو تۆمەتانەی لەلایەن هەندێك لایەن رووبەروی یەكێتی دەكرێنەوە لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر یەكێتی پەنای بۆ ساختەكاری ببردایە، ئەوە دەنگەكانی كەمی نەدەكرد، بۆ ئەم مەبەستەش بەژمارەو بەڵگە راستیەكانی سەلماند. 

 هەروەها جەختیشی كردەوە: یەكێتی هیچ رێگریمان لە لێكۆڵینەوەی كۆمیسۆن ‌و دادگای فیدراڵی نیە لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە، وتیشی: سیاسەتی هەڵچوون‌و توڕەبوون‌و كاردانەوەی هەر لایەنێكی سیاسی، بە شكستی تر كۆتایی پێدێت.

لەبارەی مەترسی داعش‌و سەرهەڵدانەوەی كارە تیرۆریسیتیەكان، مەلا بەختیار رایگەیاند: مەترسیەكانی داعش لەمەودوا كەمتر نیە لەوەی پێشتر، بەڵكو دەستیان كراوەترە بۆ كوشتن‌و كاری تێكدەرانە‌و گواستنەوەی تیرۆر بۆ ئەوروپا‌و ئێستا خۆیان شوێن‌و كاتی كردەوەو پەلامارەكانیان هەڵدەبژێرن. 

پەیوەست بەهەمان پرس، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی وتی: شەڕی تێكشكاندنی داعش، متمانەی یەكێتی لە ناو جەماوەر زیاتر كردووە. 

لەبارەی دۆخی ئاوارەكانی لە كوردستان، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەدا  لەهیچ ناوچەیەكی كوردستان، كە ئۆردوگای ئاوارەكانی لێیە، سكاڵا لەسەر مامەڵەو خزمەتكردنی ئاوارەكان لەسەر ئیدارەی ئەو ناوچانە نیە، بە پێچەوانەوە ئاوارەكان لە شێوازی مامەڵە‌و خزمەتگوزارییەكان رازین‌و لە سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ بەغدا، لەمبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رەسمی سوپاسی یەكێتی‌و حكومەتی هەرێمی كرد.

لای خۆشیانەوە پەرلەمانتارانی بەریتانیا سوپاسی مەكتەبی سیاسی یەكێتی-یان كرد. 

هەروەها راشیگەیاند: سوپاسی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكەین، ئەوەی كردیان لەتێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا قارەمانیەتیەكی گەورەیە.

 ئاماژەیان بەوەدا، لەدرێژەی سەردانەكەیاندا، دەچنە بەغداو لایەنە سیاسیەكانی عیراقیش بەسەر دەكەنەوە.

PUKmedia 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket