riklam

سه‌باره‌ت به‌كۆچی دوایی رۆماننوسی عيراقی سەعد محەمەد رەحیم

ئەدەب وهونەر 02:30 PM - 2018-04-16
.

.

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممەی رێكەوتی 9/4/2018 رۆماننوس و چیرۆكنووسی ناوداری عيراقی (سەعد محەمەد رەحیم) لە نەخۆشخانەی سلێمانی بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد.

ئەم رۆماننوسە میوانی بیست و یەكەمین فێستیڤاڵی رووناكبیری گەلاوێژ بوو، لەرۆژی دووەمی چالاكییەكانی فێستیڤاڵدا 6/4/2018 لە تەوەری (ترجمة الآخر ثقافیا- وەرگێڕانی ئەویدی لەرووی رۆشنبیرییەوە) بە بابەتێك بەشداریكرد بە ناونیشانی (ترجمة الآخر ولحظة التنویر الغائبة- وەرگێڕانی ئەویدی و ساتی ئامادەنەبوونی رۆشنگەری)، بەڵام رۆژی یەكشەممە 8/4/2018 لەكاتێكدا خۆی ئامادەكردبوو لەرێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە سەفەری بەغدا بكات و بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەكەی، تەندروستی تێكدەچێت و جەڵتەی دڵ لێیدەدات، دواتر لە سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 9/4/2018 لە نەخۆشخانەی بووژانەوەی دڵ لە سلێمانی كۆچی دوایی دەكات. كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە رێورەسمێكدا بە بەشداری بنكەی روناكبیری گەلاوێژو هەندێ‌ لە نووسەرانی ترو  كەسوكاری كۆچكردوو، تەرمەكەی گواسترایەوە بۆ زێدی خۆی. شایانی باسە ناوبراو پێشتر لە بەغدا نەشتەرگەری دڵی بۆ كرابوو.

"سەعد محەمەد رەحیم" لە ساڵی 1957 لە شاری بەعقوبە لەدایكبووە، لە ساڵی 1980دا بەكالۆریۆسی لە كۆلێجی كارگێڕی و ئابوریدا بەدەستهێناوە، پاشان بووە بە مامۆستای ئامادەیی و وانەی ئابووری وتۆتەوە، بەڵام خەمی سەرەكیی سەعد محەمەد رەحیم ئەدەب و رۆمان و رۆژنامەگەری بوو. بۆیە ژمارەیەك كتێبی لەبواری چیرۆك و رۆمان و لێكۆڵینەوەو رەخنەدا چاپكردووە، لەمدواییەدا پتر بە رۆمانی (مقتل بائع الكتب – كوژرانی پیاوە كتێبفرۆشەكە) ناوبانگی دەركردو لەماوەی ساڵێكدا دە جار چاپكرایەوە، بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی كوردی كە وەرگێڕی بەتوانا سەباح ئیسماعیل كردوویەتی بە كوردی.

گرنگترین كتێبەكانی بریتین لە:
"سەركەوتن بەرەو بورجی دووانە" - كۆمەڵە چیرۆك - ـ الصعود إلی برج الجوزا‌وء. قصص 1989. بغداد.
"سێبەری تووە سوورەكە" – كۆمەڵە چیرۆك ـ ظل التوت الآحمر.. قصص 1993. بغداد.
"ئەو و دەریا" – كۆمەڵە چیرۆك ـ هی والبحر.. قصص 2000. بغداد.
"كازیوەی لەقلەقەكان" - رۆمان ـ غسق الكراكی.. روایە 2000. بغداد.
"وێستگە دوورەكان" - كۆمەڵە چیرۆك ـ المحطات القصیە.. قصص 2004. بغداد.
"هاندان" – چیرۆك ـ تحریض. قصص 2004. دمشق.
"گوڵی بادەم" – كۆمەڵە چیرۆك ـ زهر اللوز.. قصص
"سێبەری جەستە" – رۆمان – ظلال جسد، روایە 2015
"ئەو رۆشنبیرەی لووت لە هەموو شتێك دەژەنێت" - لێكۆڵینەوە - المثقف الذي یدس أنفه – دراسات- 2016
"كوژرانی كتێب فرۆشەكە" - رۆمان-  مقتل بائع الكتب ٢٠١٧
"گێڕانەوە بە مێژوو خۆی دەنوێنێت" – لێكۆڵینەوە- السرد ینكل بالتاریخ – دراسات - 2017
"بوارێك بۆ شێتبوون" – رۆمان- فسحة للجنون – روایە، 20018.

بەناوی بنكەی روناكبیری گەلاوێژەوە هاوخەمی خۆمان بۆ سەرجەم ئەدیبان و نووسەران و ناوەندە كوردی و عەرەبییە رۆشنبیرییەكان و خوێنەرانی رۆماننوسی كۆچكردوو رادەگەیەنین.

بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ
سلێمانی

PUKmedia

234 (2).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket