riklam

به‌ نمایش كردنی ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر ده‌كرێته‌وه‌

ئەدەب وهونەر 11:14 AM - 2018-04-15
.

.

سی و شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به‌ نمایش كردنی فیلمی سینه‌مایی "ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان" نوێترین به‌رهه‌می "مه‌جید مه‌جیدی" ده‌ست پێده‌كات.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، فیلمی سینه‌مایی "ان سوی ابرها" واته‌ "ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان" Beyond The Clouds له‌ ده‌رهێنانی "مه‌جید مه‌جیدی" رۆژی 19ی نیسانی 2018 وه‌كوو فیلمی كردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌.

نمایش كردنی نێونه‌ته‌وه‌یی "ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان" له‌ رۆژی 20ی نیسانی2018ی زایینی، یه‌ك رۆژ دوای نمایش كردنی له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ 34 ناوچه‌ی جیهان له‌وانه‌ هیند ده‌ست پێده‌كات.

فیلمه‌كه‌ی مه‌جیدی له‌ ناوچه‌كانی به‌شی كه‌نداوی فارس له‌وانه‌ كوه‌یت، عه‌مان، به‌حره‌ین، قه‌ته‌ر، دوبه‌ی و چه‌ندانی دیكه‌ له‌ زیاتر له‌ 70 ساڵۆنی سینه‌ما به‌ شێوه‌ی گشتی نمایش ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، پاكستان، سه‌نگاپوور، ئه‌فریقیای باشوور و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان نمایش ده‌كرێت.

"ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان" چیرۆكی برایه‌ك (ئیشان خاتر) و خوشكه‌كه‌ی (مالاویكا مۆهانان) ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی زاغه‌نشینی وڵاتی هیند گه‌وره‌ بوون. كاتێك كه‌ تارا به‌ تاوانی كوشتن ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت، په‌یوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ براكه‌ی ئه‌میر ده‌كه‌وێته‌ واری تاقیكردنه‌وه‌. "ئی ئاڕ ره‌حمان" ئاوازدانه‌ر و "ئانیل مه‌هتا" به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ هه‌ر دووكیان له‌ زومره‌ی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانی سینه‌مای هیندین كه‌ له‌ فیلمه‌ نوێیه‌كه‌ی مه‌جیدی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوكارییان كردووه‌. 

"ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌كان" به‌رهه‌می هاوبه‌شی كۆمپانیاكانی "زی ستۆدیۆ" و "ناماه پیكچێرز"ـه‌. ئه‌م فیلمه‌ یه‌كه‌مین جار له‌ دونیادا مانگی ئوكتۆبه‌ری ساڵی پار له‌ به‌شی كێبڕكێی فه‌رمی شه‌ست و یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی له‌نده‌ن نمایش كرا و هه‌روه‌ها فیلمی ده‌ستپێكی كردنه‌وه‌ی چل و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی هیند (گوا) بوو.

"مه‌جید مه‌جیدی" ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌ گه‌لێكی سینه‌ماییه‌ وه‌كوو؛ "منداڵانی ئاسمان"، "ره‌نگی خودا"، "باران"، "ئاوازی چۆله‌كه‌كان" و "محه‌مه‌د ره‌سوڵ الله". "منداڵانی ئاسمان" له‌ ساڵی 1998ی زایینی یه‌كه‌مین پاڵێوراویی ئێران له‌ به‌شی خه‌ڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلمی زمانی بیانی به‌دواوه‌ بوو.

سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ رۆژانی 19 تا 27ی نیسانی 2018ی زایینی رێكه‌وتی 30ی خاكه‌لێوه‌ تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به‌ ده‌بیریی "سه‌ید ڕه‌زا میركه‌ریمی" له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

PUKmedia مه‌نسوور جیهانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket