riklam

پارێزەران: تانەمان لەبڕیارە نایاساییەكەی دادگای هەولێردا

کوردستان 12:53 PM - 2021-02-25
.

.

تیمی پارێزەران بۆ داكۆكیكردن لەسزادراوانی بادینان لەدادگای تەمیزی هەرێم تانەیان لەبڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی هەولێرداو رایانگەیاند:سزادانی دەستگیركراوەكانی بادینان بڕیارێكی نایاسایی و شەخسی بوەو بۆ رازیكردنی چەند كەسێك كراوە، بڕیارەكەش هێندەی ئەوەی تۆڵەكردنەوە بووە هێندە پرۆسەیەكی دادپەروەرانە نەبووە.

ئەمڕۆ تیمی پارێزەران بۆ داكۆكیكردن لەدەستگیركراوانی بادینان كە لە پارێزەرانی (دهۆك، سلێمانی، هەولێر، كەركوك، هەڵەبحە)پێكهاتبوون لەبارەی ئەو سزایەی رۆژی 16ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرەوە دەرچووەو دەستگیركراوانی بادینانی بەشەش ساڵ زیندانی سزادا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: 16ی ئەم مانگە دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر سزای رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی دەركرد كە بۆ هەر یەكەیان سزای شەش ساڵە، بەڵام وەك تیمی داكۆكیكردنی پارێزەران لەو چالاكوان و رۆژنامەنوسە سزادراوانەی بادینان بڕیارەكەی دادگای هەولێر نایاسایی و زوڵمە.

ئەوەشیان راگەیاند: ئەمڕۆ لەڕێی دادگای تەمیزی هەرێمەوە تانەمان لەبڕیارەكەی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرداوەو نوسراومان بۆ دادگای تاوانەكانی هەولێر كردوە تا بڕیارەكە تەمیز بكرێتەوە.

لەبەشێكی تری كۆنگرەكەدا ئەوەشیان خستەڕوو: بەپێی رێكارەكان، دەبێت لەماوەی مانگێكدا داوا لەئەنجومەنی دادوەری بكرێت بۆ تەمیزكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بۆیە ئێمە تانەكەمانداوەو ئەوەی دەمێنێتەوە ئەنجومەنی دادوەری بیكات.

 تیمی پارێزەران بۆ داكۆكیكردنی لەچالاكوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەكانی بادینان بەناوی پارێزەرانی بادینانەوە سوپاسی ئەوانەیان كرد كە بەرگریان لەسزادراوانی بادینان كردوە وەك پارێزەرانی سلێمانی و هەڵەبجەو كەركوك و هەولێر، دەشڵێن: ئەوە هەڵوێستێكی یاسایی و پیشەییە.

لەكۆنگرەكەدا پارێزەر عیماد حەمیدی بەناوی دەستەیەك لەپارێزەرانی سلێمانی بۆ داكۆكی لەسزادراوانی بادینان كە چونەتە هەولێر بۆ پاڵپشتی لەكەیسەكە رایگەیاند:دەبێت دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و پاشكۆ نەبێت و دادپەروەری بنەمای حكومڕانی بێت، نەك دەسەڵاتی دادوەری لەخزمەت دەسەڵات بێت.

وتیشی:بەداخەوە لەدوای ئەو وتانەی دوای تاوانباركردنی دەستگیركراوەكانی بادینان بەچەند تاوانێك بێ چاوەڕوانیكردنی بۆ دوا بڕیاری دادگا هەستمان بەمەترسی كرد لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایكردن و سزادانی دەستگیركراوەكان، دواتریش رۆژی 16ی 2ی 2021 بینیمان دادگای تاوانەكانی هەولێر بەكۆمەڵێك تۆمەت كە لەبنەڕەتداو لەڕووی یاساییەوە تاوان نیەو سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دەركرد.

ئەوەشی وت: سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانەدا هێندەی ئەوەی تۆڵەكردنەوە بوو، هێندە وەك پرۆسەیەكی دادگایكردنی دادپەروەرانە دەرناكەوێت، چونكە لەپرۆسەی دادگایكردنەكەدا نەتوانرا هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر بخرێنەڕوو كە بتوانێت ئیدانەی ئەو كەسانەی پێبكرێت.

وتیشی: لەكاتێكدا سەرجەم تۆمەتباران ئاماژەیان بەوەداوە لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدا ئەشكەنجەدراون و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ كراوە، كە دەبوایە دادگای هەولێر لەسەر ئەو مامەڵانە هەڵوێستی هەبوایەو وتەی دەستگیركراوەكانی لەبەردەم دادگای تاوانەكانی هەولێر بەبنەما دابنرایە بۆ حكومدان، بۆیە داوا لەدادگای پێداچوونەوەی هەرێم (تەمیز) دەكەین دادپەروەرانە پێداچوونەوە بەبڕیارەكەی دادگای هەولێردا بكات، هەروەها ئەوانەشی دەستگیركروان و لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدان لێكۆڵینەوەكانیان شەفاف بێت و بەئامادەبونی پارێزەران بێت و ئەوەی بەرامبەر سزادراوەكان كراوە بەرامبەر ئەمان نەكرێت.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket