riklam

هەڵوێستی یەکێتی راستگۆ و نەگۆڕە لەسەر هەڵبژاردن

کوردستان 04:33 PM - 2024-05-09
هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردن PUKMEDIA

هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردن

یەکێتی هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان

هەڵوێستی جدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکراوە خەمخۆری و دڵسۆزی نیشاندەدات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەبەردارکردنی بەرگی یاسایە بەجەستەی دامەزراوەکانی هەرێمدا، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت: "یەکێتی لەگەڵ پەیامی خۆی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان راستگۆ بووە و هەموو رێکارێکی یاسایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرتوەتە بەر، کە پێویست بوو لایەنەکانیش هەمان هەڵوێستی یەکێتییان هەبوایە".

 

یەکێتی بەرگری لە پاراستنی قەوارەی هەرێم دەکات

 

لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسیاتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "داکۆکیکردنی یەکێتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم مەرسومی بۆ دەرکردووە سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە یەکێتی لەسەردەستی سەرۆک بافڵ لەگەڵ خۆی و خەڵک راستە و بەرگری لە قەوارەی هەرێم و مافە دیموکراسییەکان لە هەرێم دەکات، خوازیارین لایەنەکانی دیکەش هەمان هەڵوێستی یەکێتییان هەبێت و بە کردار لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بن".

 

"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاکە هێزە کە ئەمڕۆ بوەتە جێی ئومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەو هێزە سیاسییەیە کە خەڵک ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، لەم روانگەیەشەوە یەکێتی بەرپرسیارانەتر بەراورد بە سەرجەم حزبەکانی دیکە لەگەڵ بارودۆخەکەدا مامەڵە دەکات و هەموو هەوڵێکی بۆ راستکردنەوەی ئەو رێڕەوە چەوتەیە کەلە هەرێمی کوردستان هەیە"، لوقمان وەردی وای وت.

یەکێتی بەکردار دژی دواخستنی هەڵبژاردن وەستاوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەخەمی قەوارەی هەرێمی کوردستاندایە و بە کردار لە دژی هەر هەوڵێک وەستاوەتەوە کە ئامانج لێی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت.

 

خدر مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسیاتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەو کاتەوەی سەرۆکی هەرێم مەرسومی بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن دەرکرد هەتا ئەمڕۆ یەکێتی یەک هەڵوێستی هەبووە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە 10-6-2024، بە کرداریش سەلماندویەتی کە تەنها یەکێتییە لەگەڵ پەیام و خەڵکی هەرێم راستگۆیە و داکۆکی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات لە وادەی خۆیدا".

 

"گرنگە بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەڵوێستیان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە کردار رون بێت و ئەگەر بە ڕاستی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین دەتوانن وەک یەکێتی تانە و سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بە کردار کۆدەنگی لەبارەی دوانەخستنی هەڵبژاردن دروستببێت"، خدر مستەفا وای وت.

یەکێتی سەنگ و هێز و پێگەی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان دەرخست

یەکێتی بە هەنگاوە دروست و یاساییەکانی لایەنێکی ناچارکرد کە پێچەوانەی هەڵوێست و دروشمەکانی پێشوویان روو لە دادگای فیدراڵی بکەن و بەمەش سەنگ و هێز و پێگەی خۆی بۆ لایەنەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان باشتر دەرخست.

 

لوقمان وەردی ئەوەشی خستەڕوو: "یەکێتی راستگۆ بوو لەگەڵ پەیامەکەی خۆی و لەو چوارچێوەیەدا هەموو کۆبونەوەیەکی لەبارەی دواخستنی وادەی هەڵبژاردن رەتکردۆتەوەو بەشداری هیچ کۆبونەوەیەک ناکات، کە ئامانج لێی دواخستنی هەڵبژاردن بێت، ئەو لایەنانەشی کە تا دوێنێ دادگای فیدراڵییان بە 'مەحکەمەی سەورە' ناودەبرد ئەمڕۆ لەو دادگایە سکاڵا تۆماردەکەن، زیاتر رووی راستەقینەکان بۆ خەڵک دەرکەوت".

یەکێتی سەربەرز و رووسورە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەربەرز و رووسورە لە بەرامبەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و راستگۆ بوو لەبارەی پەیامەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بە کردار هەوڵی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی داوە.

 

هاوکات خدر مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە مەرجەعیەتی یاسایی بۆ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەرێی هەڵبژاردنەوە بگەڕێنێتەوەو لەم روەشەوە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکات، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خەڵک و قەوارەی هەرێمە".

یەکێتی سکاڵا تۆمار دەکات

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 8-5-2024 لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکان و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانە لە بڕیارەکەی کۆمسیاران بۆ هەڵپەساردنی کارە هونەریی و داراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و راشیدەگەیەنن: "ئەو بڕیارە بە سیاسیی دراوە، نەک بە یاسایی".

 

پێشتریش لەدژی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر بۆ رێگریكردن لە هەوڵەكانی پارتی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار كردو داوای کرد هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

 

مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی 1-5-2024 کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە: "یەکێتی بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەردواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکات و هەر جۆرە هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket