riklam

21 ساڵ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی فیدرالیزمی هه‌رێمدا تێپه‌ڕ ده‌بێت

kurdistani 10:43 AM - 2013-10-04
یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد

یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد

بیست و یه‌ك ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌بڕیارێكی چاره‌نووسازدا، له‌ 4/10/1992، بریاری فیدرالیزمی بۆ ده‌ستنیشانكردنی په‌یوه‌ندیی سیاسی ویاسایی وئیداری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق راگه‌یاند.

 به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌لانی كوردستان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان وپێشمه‌رگه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین. كه‌به‌خه‌بات وفیداكاری ئه‌وان و خۆراگری میلله‌ته‌كه‌مان به‌شێكی به‌رچاوی ئامانج وخواسته‌كانمان هاتونه‌ته‌دی.

ئه‌م هه‌ڵوێستیه‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان له‌راگه‌یاندنی بریاری فیدرالیزم له‌وكاته‌دا جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ڵامده‌روه‌یه‌كی واقیعیانه‌ی قۆناغی ئه‌وسای خه‌بات بوو هه‌ڵوێستێكی ئازایانه‌ش بوو له‌كاتێكدا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كانی رژێمی دیكتاتۆری ئه‌وسای عیراق بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ئارادبوون و به‌چه‌ندین شێواز، گوشاری ئابووری، سه‌ربازی، سیاسی، هه‌وڵی تێكدانی بارودۆخی ئه‌وسای كوردستانی ده‌دا. به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان ده‌روازه‌یه‌كی نوێی له‌به‌رده‌م خه‌باتی گه‌لی كوردستان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی رۆشن و دامه‌زراندنی بنه‌ماكانی ئه‌زموونی دیموكراسی و فیدراڵیه‌ت كه‌ دواترا بووه‌ نموونه‌یه‌كی نوێی حوكمڕانی له‌عیراق و ناوچه‌كه‌دا.

له‌م یاده‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی گه‌لی كوردستان له‌سه‌رده‌می خه‌باتی ئۆپۆزسیۆنبونیدا چه‌مكی فیدرالیزمی كرده‌ بنه‌مای كاری سیاسیی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق، دواتریش دوای رووخانی رژێمی به‌عس له‌ 9ی نیسانی 2003 ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ هاته‌ گۆڕێ ده‌وڵه‌تی عیراق له‌سه‌ر بنه‌ماكانی سیستمێكی سیاسیی فیدراڵیی، نا مه‌ركه‌زی، ته‌وافووقی، هاووڵاتیبوون بنیات بنرێته‌وه‌و سیستمی فیدراڵیه‌ت له‌ قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بۆ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ له‌ 2004 و پاشان له‌ ده‌ستووری 2005دا بچه‌سپێندرێن، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رۆڵی كاریگه‌ری سه‌ركردایه‌تی سیاسی گه‌لی كوردستان هاتنه‌دی و به‌رهه‌می كاری به‌یه‌كه‌وه‌یی بوون.

ئه‌زموونی فیدرالیزم له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو دیموكرات سه‌لماندوویه‌تی كه‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان ورێزگرتن له‌ئیراده‌ی سه‌ربه‌ستانه‌ی میلله‌تان فاكته‌ری به‌هێزبوونی وڵاتان و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌وه‌ ئایینه‌ جیاوازه‌كانه‌. 

 به‌هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ ئه‌زموونی فیدراڵی هه‌رێم به‌خۆوه‌ی بینووه‌، ئه‌مرۆ له‌ناوچه‌كانی تری عیراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش به‌چاوی رێزه‌وه‌ سه‌یری ئه‌زموونی دیموكراسی و فیدراڵی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، چونكه‌ چاودێران و دۆسته‌كانمان و عیراقیه‌كانیش هه‌ست به‌و پێشكه‌وتنانه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن كه‌ له‌رووی سیاسی و پاراستنی ئازادییه‌كان و گه‌شه‌ی ئابووری وپه‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاوه‌دانی و ته‌ندروستیه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خۆوه‌ی بینیووه‌.

یادی بیست ساڵه‌ی راگه‌یاندنی فیدرالیزم هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌یه‌كی تری دیموكراسی ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان كوردستان بوو كه‌ له‌ 21 مانگی رابردوو به‌رێوه‌چوو، بێگومان به‌رده‌وامیدان به‌هه‌نگاوه‌كانی دیموكراتیزه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌كاتی خۆیدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناچار ده‌كات رێز له‌ئیراده‌ی میللـه‌ته‌كه‌مان بگرێت و به‌و بژارده‌یه‌ش رازی بێت كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵی ده‌بژێرێت كه‌ فیدراڵیه‌ت یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانی موماره‌سه‌كرنی مافی چاره‌ی خۆنوسینی میللـه‌تان.

 ئه‌و گۆڕان و پێشهاته‌ سیاسیانه‌ی كه‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌خۆوه‌ی بنیووه‌، ئه‌م قۆناغه‌ش واده‌خوازێ هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسه‌كانی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بخنه‌ سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و سیاسیه‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری ئه‌زموونه‌كه‌مان و دابینكردنی دادپه‌روه‌ری و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا.

 به‌پاراستنی یه‌كده‌نگی و هاوخه‌باتی بۆ هێنانه‌دی ته‌واوی خواست ومافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ش گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی كوردستان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وحكومه‌تی فیدراڵ وپاراستنی ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌عیراقی فیدراڵدا.

له‌كۆتاییدا به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جارێكی تر ئه‌و بڕیاره‌ دووربین و چاره‌نوسسازه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رز ده‌نرخێنین و سڵاویش بۆ په‌رله‌مه‌نتارانی خولی یه‌كه‌م ده‌نێرین كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ مێژووییه‌یان په‌سندكرد به‌شتیوانی هێزه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان. هاوكات سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان داده‌نوێنین كه‌به‌خوێنی خۆیان وخه‌باتی گه‌له‌كه‌مانیان به‌م قۆناغه‌ گه‌یاند.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
 
PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket