riklam

یه‌كێتی بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخی عیراق چوارخاڵ ده‌خاته‌ڕوو

ی.ن.ک‌‌ 05:00 PM - 2018-06-07
.

.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا به‌توندی ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌كه‌ی (مه‌دینه‌ سه‌در)ی به‌غدا ده‌كات و هاوخه‌می خۆشی بۆ  كه‌سوكاری قوربانییه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌...
راگەیەندراوێك لە ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە...

دڵگرانین بە تەقینەوە خوێناوییەكەی (مەدینە سەدر)ی بەغدا، كە دوێنێ روویداو بەهۆیەوە (18) هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو (90) تریش برینداربوون. هاوبەشی خەمی كەسوكاری قوربانیەكانین‌ و هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
 
ئەم كردەوەيه لەكاتێكدایە، عێراق لە بارودۆخێكی هەستیاردایە‌و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێ‌و پیلانی مەترسیداریش لەئارادایە بۆ ئەوەی دۆخەكە بەئاقاری ئالۆزیی زیاتر بەرن، رێگەیش نادرێ بە هێمنی‌ و بەپێی دەستوور، پەرلەمانی نوێ دەستبەكار بێت‌ و ئەركەكانی ڕابپەرێنێ‌ و بە بەشداری هەموو لایەنەكان‌ و بە سازانی نیشتمانیی فراوان كابینەی نوێ حكومەتی عێراق پێكبهێنرێت.

بێگومان ئەگەر بەزووترین كات كێشەكان چارەسەرنەكرێن‌ و دۆخەكە هەروا بە هەڵپەسێردراوی‌ و پڕ لە گومان بمێنێتەوە، بەدووری نازانین رووداوی چاوەرواننەكراو رووبدات‌ و دۆخەكە بتەقێتەوە، عێراق بۆ ماوەیەكی زۆر بخرێتە بنبەستی سیاسی‌ و حوكمڕانیەوە. ئەوەی مایەی نیگەرانی قولی گەلەكەمانە، دەنگە تایبەتیەكان، كە دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌ و دژەتیرۆرو پۆلیس‌ و هێزەكانی تری ناوخۆیە‌و قوربانییەكی زۆریان لەشەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش داوە، جیادەكرێنەوە لەهێزە چەكدارەكانی عێراق‌ و دەنگەكانیان، كە دەنگی سەنگەری ڕاستەقینەی بەرگرییە لە عێراق‌ و كوردستان، هەوڵدەدرێ بەڕقی سیاسی‌ و مەرامی نەخوازراو بەفیرۆبدرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان‌ و ئارامكردنەوەی دۆخەكە داوا دەكات:
 
یەكەم/ دادگای دەستووریی بەپەلە دادوەریی خۆی لەسەر كۆی كێشە دەستووری‌و یاساییەكان‌و دەسەڵاتەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رابگەیەنێت.
 
دووەم/ هەموو لایەنە سیاسیەكان ئارامتر مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكەن. بەدڵنیاییەوە حیكمەتی مەرجەعی باڵای شیعەكان جەنابی سەماحەتی سیستانی، لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشە دەستووری‌و یاساییەكان، خزمەتی ئارامكردنەوەی دۆخەكە دەكات.

سێیەم/ چاوەروانین نەتەوە یەكگرتووەكان‌و دەوڵەتانی دۆستی عێراق، هەوڵەكانیان بخەنەگەر بۆ یارمەتیدانی لایەنە سیاسیەكانی عێراق، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری‌و یاسایی ڕاستەقینەو دوور لەهەڵچوون‌و كاردانەوە.

چوارەم/ جەختدەكەینەوە، كە لێتێگەیشتنی هێزە كوردستانیەكان بەئەركی گرنگ دەزانین، هێزو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان وەكو نوێنەری نەتەوەیەكی ئازادیخواز بەشێك بین لە چارەسەر، نەك كێشەكانی ناوخۆمان قوڵبكەینەوەو بكەوینە نێو كێشمەكێشەكانەوە.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی نیشتمانیی كوردستان

7/6/2018


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket