میدیای نوێ بۆ حزبی دێرین
بیروڕا 01:42 PM - 2026-07-20
PUKMEDIA
ستران عەبدوڵڵا
بەکارهێنانی سەکۆکانی میدیای نوێ و هەموو بژاردەکانی بەردەمی لە بزوتنەوەی سیاسی و حزبایەتیشدا دەبێتە دیاردەی سەردەم و وێستگەیەکی نوێ لە رەوتی ئاوێتەبوونی رۆژنامەوانی و میدیا لە کایەی چالاکی حزبی و خەباتی سیاسیدا. بۆ هەموو حزبەکانی دونیا بە تایبەتی بۆ حزبەکانی کوردستانەکەی خۆمان کە حزبی بە هەموو جۆرەکانییەوە پێویستە.
هەمیشە ئازادی و دیموکراسی مەیدانی پێکگەیشتنی حزبایەتی بووە لەگەڵ میدیا بەگشتی. هەردووکیان پێویستییان بەم ئازادییە وەک پرەنسیب و بەم دیموکراسییەش وەک شێوازی پەیڕەو کردن لە کۆڕی سیاسەت و ململانێکاندا، هەیە.
بانگەوازی حزبەکان بۆ سەربەستییە گشتییەکان، بەسەربەستی رۆژنامەوانییەوە، سەرلەوحەی داخوازییەکان بوو لە سیستمی سیاسی و پرۆڤەی کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیش لە وڵاتدا. ئەمە داخوازی پێ لەسەر داگیراو بووە لە رژێمە دیکتاتۆرییەکان و لە داگیرکەرانیش.
دەرفەتدان بە ئازادی رۆژنامەوانی یانی دەرفەتدان بە حزبەکانیش کە رۆژنامەی خۆیان و بڵاڤۆکی سیاسی و فیکرییان هەبێت و پیادەکردنی سەربەستیە سیاسییەکانیش سەرەتا لە سەکۆی رۆژنامەکانەوە دەستی پێدەکرد . ئێمە باسی دەورانێک دەکەین کە قەدیمە، وەختێک بزووتنەوە سیاسییەکان لەناو وڵاتدا هەر دەرەقەتی رۆژنامە و چاپەمەنی دەرکردن دەهاتن. پەخشی رادیۆ و تەلەڤزیۆن تەنها لە توانای دەوڵەتدا بوو، کە مەگەر بە دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، یان لە قۆناغی کرانەوەی کورت و کاتیدا، رێی بۆ حزبەکان خۆش بکردبایە لە سەکۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رەسمییەوە راوبۆچونێک بڵێن. بۆیە دەستەواژە باو و بەکارهاتووەکە (سەربەستییە رۆژنامەوانییەکان) بووە نەک سەرپەرشتییە میدیاییەکان.
لەو دەورانی رۆژنامەی ئامانجداری حزبی و بە گشتی لە قۆناغی زێڕینی رۆژنامەی کاغەزیدا رۆژنامەکانی حزبی وەکو (خەبات و کوردستان و نور) زۆرجار وەکو هەر کارێکی حەریفانە قازانجی ماددی و وەبەرهێنانیان هەبوو، چ لەبەر ناوەرۆکی بە پێزیان و چ لەبەر خۆشەویستی کوردایەتی و دیموکراتی و کەمێکیش بە هۆی قازانجی ئاگاداری و ریکلامەوە، بەجۆرێک ئەم رۆژنامانە دەبوونە سەرچاوەی داهات و دارایی بۆ حزب لەجێی ئەوەی ببنە مایەی بارگرانی دارایی بەسەر حزبەوە وەکو ئێستا باوە و ناسراوە.
لە بەرامبەردا رادیۆ بۆ ئەوکاتە دەبووە دەسکەلای تەبلیغاتی خۆمالی حزبەکان کە لە کاتی شۆڕش و پانتای رزگارکراوی وڵاتدا بوونایە، یان لە مەنفا و نهێنی نوزەی شۆڕشگێڕانە کە بەسەر شەپۆلی سانسۆر و (هانی هانیدا) تێدەپەڕین، وەک لە نموونەی شۆڕشەکانی کوردستاندا کە دەبوایە ئیرسال و رادار لە تەشویش بپارێزن و تەئمینی بکەن و جێگەی رادیۆش لە بۆردومانی رۆژانەی فرۆکەی دوژمن بشارنەوە.
بەو حاڵەشەوە حزبەکان لەناو وڵاتی قۆناغی کرانەوەی سیاسیدا، یان لە کۆڕی خەباتی نهێنی و شؤڕشگێڕیدا، زیاتر ئارەزوویان لە بڵاوکراوە و چاپەمەنی بوو( لە رۆژنامە و گۆڤار، نامیلکە و نوشتە و تەنانەت وەکو زەمانی ئۆپۆزسیۆنی قاجاری و پەهلەوی ئیرانی کە شەونامە هەبوو) چونکە ئەگەرچی رادیۆ فراوانتر پەخشی دەگیشتە میللەت، بەڵام بڵاوکراوە زیاتر دەرفەتی شەرح و شرۆڤەی دەدا کە ئەمە بۆ مەحکەمکردنی خەبات و قەناعەتپێکردنی سیاسی و فیکری باشتر جێی دەگرت و دڵنیاتر دەستەبژێری حەریفی تێکۆشانی هان دەدا و دایدەمەزراندن.
لەم کایەدا شۆڕشی نوێ، بە تایبەتی، پێشکەوتووترین بووە، بەجۆرێک مام جەلال لە پیلانی رزگاری سەرەتای شۆڕشدا بۆ دەستپێک گەرەکی بوو فیرقەی دیعایەی موسەلەح (تیپی پڕوپاگەندەی چەکدار) دابنرێت کە ئیشی ئەم تیپە چەکدارانە تەقە و نەبەردی چەکدارانە نەبوو، بەڵکو هەر ئەوە بوو نامیلکە و بڵاوکراوەکانی حزب و شۆڕش لە دێهات و ئاوایی و نزیکی شارەکاندا بڵاو بکەنەوە و، بە پاسەوانی چەکی پێشمەرگە، بیر و باوەڕی یەکێتی و شۆڕشەکەی بەناو جەماوەردا پەخش بێت، تا ئەو زەمانەی کە دوایی شۆڕش بووە خاوەن ناوچەی ئازادکراوی خۆی، چاپخانە و ناوەندی چاپی هەموو تەرزە بڵاوکراوەیەکی: هەواڵی و فیکری و سیاسی و ئەدەبی شۆڕشگێڕی و فەرهەنگیش پێکهێنا کە لەپاڵ رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان(ئێزگەکە) رۆڵی یەکلاکەرەوە و چۆنایەتی هەبوو.
فەزای کەناڵی ئاسمانی
دەورانی سەتەلایت پێش دەورانی سایت و پێگەی ئەلیکترۆنی کەوت. حزبە دەسەڵاتدارەکان توانیان مینبەری ئاسمانی دەوڵەت بەکار بێنن و خۆشیان بە گوێرەی یاساکانی وڵات مینبەری شادۆ (سێبەر) دابنێن کە بە ناڕاستەوخۆ پەیام و بەهاکانیان بگەیەنێتە خەڵکی وڵات. حزبە دەست رۆیشتووەکانی پارەداریش کە ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام توانای دارایی وبەرەیی زۆریان هەبوو، دەیانتوانی لە دەرەوەی وڵاتەوە پەخشی سەتەلایتیان تا ناو ماڵی هەموو هاوڵاتیان، بە یار و نەیاریانەوە، بنێرن. بێگومان بە رەچاوکردنی ئەوەی ئەگەر وڵات سەحن و پەخشی سەتەلایتی قەدەغە نەکردبێت.
لەگەڵ پەیدابوونی پێگە ئەلکترۆنییەکان ئابڵوقەی میدیایی سەر حزبەکانی هەموو دونیا بە قاچاخ و قانونییەوە، بە دیموکراتی ئۆپۆزسیۆن و (تیرۆریستی ڕاونراوە) کۆتایی هات، بەڵام گوشار و لۆدی هەمەچەشن و کەینوبەینی ئەلکترۆنی و فلتەری سیاسی و ئەمنی دەوڵەتەکان بەرامبەر حزب و ئۆپۆسزیۆنە نەیارەکانیان، بە چەشنی تەشویش و (هانی هانی) سەردەمی رادیۆکانی شۆڕش، دەیتوانی ئەم شەپۆلێ بیر و باوەڕەی مینبەرە ئەلکترۆنییەکان سنوردار بکات. هەروەها لەگەڵ ئەم چانسە پێشکەوتووەی تەکنەلۆژیای راگەیاندن، لە رێی ئەنتەرنێت و پێگە ئەلکترۆنییەکان و (دەستەخوشکەکانی وەکو بلۆکی نووسین، ماسنجەر و پاڵتاک) حزب و دامەزراوە سیاسییەکان کە پێویست و تامەزرۆی بەکارهێنانی ئەم سەکۆیانە بوون، دەیانزانی هێشتا هەموو جەماوەری بە ئامانجگیراو دەرک و پەیان بەم دەرفەتە میدیاییە نەبردبوو، یاخود توانای بەکارهێنانیان نەبوو، کۆمپیوتەر و کەرەستەکانی مەشقی تاکەسی بۆ بەکارهێنانی چانسی ئینتەرنێتی خاو و خلیچکی وڵاتە هەژارەکانی دونیای سێ زۆر بەربڵاو نەبوو. راستە گەشەکردنەکە خێرا بوو، لێ کەلتور و فێربوونەکەی دژوار و خنەخنی بوو، تاوەکوو شۆرشی رەقمی و بازدانە گەورەکەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوی میدیای نوێی لێ نرا، هەموو شتێکی بردە قۆناغێکی نوێوە. هەم کۆمپانیاکانی پرۆفیشناڵ زۆر بوون و هەم گوژمەی توانای تۆڕەکان زۆر بەهێزتر بوون، کە ئارەزووی بەکارهێنانی زۆر و زۆرتر دەکرد.
بازدانە گەورەکە
پەیدابوونی میدیای نوێ و سەکۆ جیاوازەکانی کە هەروا زیاتر دەبن و پەرە دەستێنن بە جۆرێک هەمیشە لە ژماردنیاندا ناچارین ئاماژەی (....هتد) بکەین، چونکە هیتر لەڕێ دەبن و بە ڕێوەن ئەمە ئەگەرچی لە رەوتی پەیدابوونی تەکنەلۆژیای میدیاییدا بەشێکە لە مێژووی گەشەی میدیا و ئامرازەکانی. بەڵام لە چەند سەرێکەوە لەچاو مەودا و پانتایی نێوان ئامرازەکانی جاران، هەم گۆڕانکاری رادیکالی کرد و هەمیش بە فراوانتربوونی بوارەکانی خزمەت و خستنەگەڕی کارێکی کرد وەک دابڕان و (قەتیعە) بێت لە نێوان میدیای کلاسیکی حەریفانە و میدیای نوێ کە لە زۆر بواردا هاوبەشێتی جەماوەری وەرگری (بیسەر، گوێگر و خوێنەر) وا فراوانکرد جەماوەر هەر تەنها بەشدار نەبن لە سەکۆکانی میدیا، وەک ئەوەی لە قۆناغی زێرینی دیموکراتیزەکردنی کلاسیکی میدیای کلاسیکدا بەرجەستەکرا، بەڵکو جگە لە بەشداری کورت و کەم (وەکو بینەر و گوێگر و خوێنەری بەشدار، واتا وەکو میوانی بەڕێز) خۆشیان ببنە بەرهەمهێنی سەکۆی میدیایی و شمەکی میدیایی و بگرە تەنانەت بەرهەمەکانی میدیای کلاسیکی بۆ خۆیان تەوزیف بکەن و بە پێی ئاتەج و پێویستی خۆیان بەکاری بێنن و بیخەنەگەڕ.
وەک ئەوەی بەرهەمێکی میدیای کلاسیکی کەت و کەرت بکەن، ناونیشانی تری لێبنێن و لەگەڵ کەرەستە و بەرهەمی تردا، بۆ ئامانجی تر، بیگونجێنن و پێکبێنن کە مەرج نییە ئەم ئامانجانە هەمیشە خراپ بن و بۆ چەواشەکاری و شێواوی بێت، بەڵکو لەوانەشە بۆ تەوزیف و (یەکێتی بابەت) و پێکەوەگونجان بن، واتا بۆ کاری خێر و پەیامی جوان بن. بۆ نموونە روودەدا و دەشێ لە فەیسبووکدا چەند دیمەنی کارەکتەرێکی سینەمایی لەگەڵ چەند گرتەیەکی فیلمەکانی بۆ بیبلۆگرافیا یان پێکەوە گرێدان بەکار دێت. یاخود بۆ دڵسۆز و پەرۆشانی حزبی چەند دیمەنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و چەند وێنەیەکی دەگمەنی شەهیدی رێگای رزگاری پێکەوە گرێ دەدرێن و خاوەن فەیسبوکێک، یان تیکتۆکچیەک، لەگەڵ مۆسیقایەکی خەمبار تێکەڵی دەکات و بەرهەمێکی تازەی لێ پێک دێت کە لەوانەیە کوالیتی بەرز و جوان بێت، زیاتر لە خودی بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکە، یاخود تەنانەت دەشێ کوالیتییەکەی خراپ بێت، بەڵام هەر نەیسە چونکە بیرۆکە و مەبەستەکەی پۆزەتیفە کە خزمەتی یادی شەهیدێکە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وهفدێكی مهكتهبی راگهیاندن و هۆشیاری هونهرمهند كاوه ئهحمهد میرزا بهسهردهكاتەوە
03:50 PM - 2026-07-21 -
دیوانی چاودێری دارایی بەراپۆرتێکی حەوت هەزار لاپەڕەیی باس لەخەرجی 2025 دەکات
02:19 PM - 2026-07-21 -
نرخى نەوت لە جیهاندا دادەبەزێت
09:29 AM - 2026-07-21 -
تۆمەتبارێک لە گەرمیان دەستگیرکرا کە هەڕەشەی لە ژنان کردووە
10:02 PM - 2026-07-20
ئەمانەش ببینە
وەزیری تەندروستی: نزیکەی 90%ـی دەرمانەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بەردەستن
02:31 PM - 2026-07-21
تورکیا هێزەکانی لە عەفرین دەکشێنێتەوە
10:42 AM - 2026-07-21
هاوکاریی مانگى 6ى هاوپەیمانان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە
09:48 AM - 2026-07-21
ئاسایشی هەرێم چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات
09:35 PM - 2026-07-20
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک مام جەلال گوڵێک نەبوو؛ باخچەیەک بوو
بیروڕا 09:39 AM - 2026-07-21 -
نرخى نەوت لە جیهاندا دادەبەزێت
جیهان 09:29 AM - 2026-07-21 -
تۆمەتبارێک لە گەرمیان دەستگیرکرا کە هەڕەشەی لە ژنان کردووە
کوردستان 10:02 PM - 2026-07-20 -
ئاسایشی هەرێم چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات
کوردستان 09:35 PM - 2026-07-20 -
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ پێشوازیکرد لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا
کوردستان 07:46 PM - 2026-07-20 -
قائیمقامیەتی سلێمانی: رۆژانە نزیکەی 7 هەزار بوتڵ غاز دابەش دەکەین
کوردستان 06:32 PM - 2026-07-20 -
پەرلەمانتارێکی یەکێتی کێشەیەکی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان چارەسەر دەکات
کوردستان 04:20 PM - 2026-07-20 -
مەكتەبی سكرتارییەت: هەڤاڵ دلاوەر پێشمەرگەیەكی بەهەڵوێستی رۆژە سەختەكانی خەباتە
ی ن ک 03:02 PM - 2026-07-20




.jpg)

.jpg)
دابەزێنە

