riklam

یادێک لە مەنگوڕییەکی جیاواز

بیروڕا 10:56 AM - 2026-06-17
ستران عەبدوڵڵا ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بیروڕا

خەڵاتی کوردستانی رۆژهەڵات بوو بۆ خەباتی باشوور، دیاری یەکێتیی نیشتمانیی ‏کوردستانیش بوو بۆ حزبایەتی ڕەسەن لە وڵاتەکەمان. تێکۆشەری دێرینی ڕێبازی دێرینی ‏باڵی مەکتەبی سیاسی و زیندانی خۆڕاگری رەوتی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ‏بوو کە لە وتارێکی کوردستانی نوێدا ناوی زیندانەکەی بەعسی نابوو زیندانی فایمەری ‏هیتلەری. باسی کاک محەمەد مەنگوڕی، خۆڕاگری زیندان و پشوودرێژی کۆڕی خەباتی ‏سیاسی کورد و کوردستان دەکەم.‏

تێکۆشەری باڵی مەکتەبی سیاسی هەر ئەوە نەبوو ناوی بۆندار و خۆشناوی جەلالی هەبوو، ‏بەڵکو یانی تێکۆشەرێکی وردەکاری ژیانی حزبایەتی و پرەنسیبەکانیی بوو. ئەسڵی ‏ماڵجیاییەکە خۆ ماڵەباجێنە نەبوو، بەڵکو لەبەر خاتری حزبایەتی مۆدێرن و لەوێوە هات ‏کە هەڤاڵانی حزب پەیڕەویان لە ئوسوڵی حزبایەتی و نەریتە حزبییەکان دەکرد.‏

کاک محەمەد حەسەن مەنگوڕی لە ئەسڵی نەوەی وردەکار و بەسەلیقەی فەرش چنینی حزبایەتی و ‏سەبری ئینقیلابی بوو، تێکۆشەری حزب و قەڵەم بە دەستی ژینگەی فەرهەنگی حەفتاکانی ‏هەولێر و بەغدا بوو.

کاک دکتۆر ئەحمەد شەریف لە وتاری بەناو و ناوەرۆکی(کۆچی دوایی ‏رەهبەرێک) گەشاوەترین ژیاننامەی بۆ نووسییەوە کە شایانێتی (لاپەڕە191-197، لە ‏کتێبی شرۆڤەی رووداوە مێژووییەکان). کاک جەمیل مەلا قەرە لە گەڕانەکانی بەدوای ‏دەگمەنەکانی دەستنووس و ئەرشیفدا چەند پارچە شعرێکی بڵاوکراوەی مەنگوڕی ‏دۆزیوەتەوە و جارێکی تر بڵاوی کردۆتەوە، لەبیرمە ئەو کاتەی کوردستانی نوێ، لە ‏کابینەی هەولێردا، دراوسێی مەڵبەندی رێکخستنی هەولێر بوو، کاک مەنگوڕی چەند ‏وتارێکی جوانی بۆ نووسین لەسەر ئەزموونی خۆی لەبەرخودانی زینداندا، ئەو زەمانەی کە ‏پێش ئاوەرەیی سی و یەکی ئاب بوو هاموشۆی دراوسێتیمان گەرموگوڕ بوو.‏

باشی هەرە باشی رۆژنامەگەری ئەوەیە دەرفەتی ناسین و خزمەتکردنی ئەم تەرزە لە ‏تێکۆشەرە دەگمەنانەت بۆ دەڕەخسێنێ، مامۆستا مەنگوڕی بە بیانووی قەڵەم و ئەلەمی ‏جاران سەردانی دەکردین. ئەمما بۆنەی وەبیرهاتنەوەی ئەو هەڤاڵە دێرینەمان ئەوە بوو کە ‏لەگەڵ هەڤاڵ سەڵاح شێخ شەرەف پرسوجۆم دەکرد داخۆ لە تێکۆشەرانی قەدیم ناوی کێ ‏بکەمە سەرناوی دیاری بۆ سپیارەی (حزبایەتی واتا کوردایەتی)؟ من چەند ناوم گوت و ‏شێخ دەستبەجێ کاک محەمەد مەنگوڕی بۆ پێشنیاز کردم. چەند پێشنیازێکی لەجێی ‏خۆی بوو کە شریتی عومری یادگارییەکانیشی لەگەڵ خۆی هێنایە سەر پلێت. ئای ‏فەرامۆشی کە چەند باش و زەریف ئازارانی جاران سارێژ دەکەیت و چەند خراپی کە مۆری ‏بێوەفایی و لەبیرکردن لە ناوچاوانی قەرەباڵغیمان دەدەیت.‏

لە هێکڕا هاتمە سەر هێلی بەسەرکردنەوە و گوتم تا کتێب چاپ دەبێت با ئەم وتارە ‏کورتەم بەرکوڵی وەبیرهێنانەوەی ڕێبوارێک لە رێبوارای حزبایەتی شێنەیی و هەڤاڵانی ‏سەرمایەی مەعنەوی خۆڕاگری بێت. وەبیرهێنانەوەی تێکۆشەرێکی پەریوەی باشوور بێت ‏کە دوایی لە باشووریش پەریوەی دەرەوەی پایتەختی خەونەکانی کوردستان بوو. ‏تێکۆشەرێک لە دیمەنی قیت و قۆزی جلکی رێکوپێکدا ئازار و ئەشکەنجەی زیندانی بەعس ‏و بەرز و نزمی ڕۆژگارانی بێوەفای خۆماڵی دادەپۆشی. جا کاک مەنگوڕی وەک بڵێی تەنز ‏و تەوسی بە ئازاری رۆژگار دێت بەرامبەری ناوی کتێبی ناونابوو (گوڵاڵەکانی رۆژگار)!‏

حەتمەن ئەهلی داستانی جوامێری کوردەواری هەقیانە یادی هەمزە ئاغای مەنگوڕ بکەنەوە ‏و ئەهلی نووسین و ئەدەبیاتیش گەشتی مەریخی میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی چاودێری ‏بکەن. قەیچێکا با هەڵوەدایانی حزبایەتی رۆمانسییش یادگاری هەڤاڵ محەمەد مەنگوڕی ‏بگەشێننەوە

بەڵێ راستە(هەموو سمێڵ سوورێک هەمزە ئاغا نییە) و هەموو مەنگوڕییەکیش کتێب و ‏چیرۆکی لەسەر نەنووسراوە. بەڵام خۆ ئەسڵ لە حزبایەتی کۆڕی کوردایەتی رێکخستنی ‏مەحکەم و تەزبیحی هۆنراوەی ئەرکەکانی خەباتە، کاری دەستەجەمعی و هەڤاڵێتی و ‏ئەرکەکانە کە لەمەدا محەمەد مەنگوڕی، بە قەولی نووسەری (شرۆڤەی رووداوە ‏مێژووییەکان) (رەهبەرێک) بوو بۆ خۆی .‏







PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket