riklam

وتەبێژی یەکێتی: هەرگیز یەکێتی لەگەڵ نەمانی کورسی پێکهاتەکان نەبووە

کوردستان 12:34 PM - 2024-05-21
سەعدی ئەحمەد پیرە PUKMEDIA

سەعدی ئەحمەد پیرە

هەڵبژاردن

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە داکۆکیکاری مافی پێکهاتەکان بووە لە کوردستان و ئامانجی بووە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت، لەبارەی دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەوە، وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەگرین و هەرگیز یەکێتی لەگەڵ نەمانی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نەبووە".

 

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "یەکێتی بەهیچ شێوەیەک و هیچ جارێک داوای نەمانی کورسی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان نەکردووەو بەپێچەوانەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەمانی کورسی پێکهاتەکانەوە دەرئەنجامی کارکردنی ئەو بەناو پێکهاتانەبوون کەلە پەرلەمانی کوردستان هەبوون".

 

"یەکێتی رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەگرێت و ئێمە دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت"، سەعدی پیرە وای وت.

 

یەکێتی تەئکید لەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکاتەوە

 

وتەبێژی یەکێتی وتیشی: "یەکێتی تەئکید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە دەکاتەوە، چونکە پێمانوایە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارا هەیەو کەئەمەش تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرێت".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کۆمسیۆنی پابەندکرد بە دیاریکردنی پێنج کورسی پەرلەمانی بۆ پێکهاتەکانی کوردستان، لەکۆی ئەو 100 کورسییەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێدابوو، کە دوو کورسییان بۆ پارێزگای هەولێر و دوو کورسی دیکەشیان بۆ پارێزگای سلێمانی و یەک کورسیش بۆ پارێزگای دهۆکە، کە بەسەر مەسیحی و تورکمانەکاندا دابەشکراون.


لەو بارەیەشەوە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاند: " کورسی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی چوار بازنەکە دەبێت و لە سلێمانی کە 38 کورسییە، دوو کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دەبێت و 36 کورسی گشتی دەمێنێتەوە، لە هەولێریش لە کۆی 34 کورسی بازنەکە دوو کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دەبێت و لە دهۆکیش لە کۆی 25 کورسی بازنەکە یەک کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە، کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجەش کە 3 کورسییە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket