riklam

شاجوانەکەی خانەقی

بیروڕا 06:22 PM - 2024-04-27
عیماد ئەحمەد ئەرشیف

عیماد ئەحمەد

بیروڕا

عیماد ئەحمەد

 لە مناڵیەوە بە مەقامی ئەڵوەن، ئای ئەڵوەنەکەی، خوداداد عەلی مێشکم زاخاو دراوە کە گەوهەری دایکم بەردەوام بە دەنگە نازک و غەمگینەکەی بۆی دەچڕیم.

لە ژورێکی قور و دارەڕا و بێ پەنجەرە و بێ کاربای خانوەکەی مام فەتحولڵا کرێچی بوین ، ئێواران سەرم ئەخستە سەر ڕانی دایکم بە سەدای دەنگی پەری ئاسای ئەو کە ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی بۆ دەگوتم خەوم لێدەکەوت! 

قەت لە بیرم ناچێتەوە قژە رەش و خاوەکەی دایکم کە وەکوو تاڤگەی ئاوریشمی شۆردەبووە سەر دەموچاوم و بەدەنگە ئۆپێراویەکەی منی نوقمی خۆشەویستی خۆی و جەلەوە و ئەڵوەن دەکرد.

لە مێرمنداڵیمدا جارێک لە جەژنی ڕەمەزاندا لەو بەری ئەڵوەندا و لە نزیک کۆپری گەورە گوێم لە دەنگی خوداداد عەلی بوو ، کەواو سترەی قاوایی لەبەربوو ، مشکی بەستبوو  ، عەینەکێکی رەشی گەورەی لەچاو بوو، مەقامی ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی دەچری لەو سەردەمەدا لای من دەنگی دایکم لە دەنگی خۆشتر بوو.

خوای گەورە بە رووبار وەسفی جوانی بەهەشت دەکات و ئاوی زەمزەمیش بۆ شیفا ناوبانگی دەرکردووە .ئاو سەرچاوەی ژیانە، پێش ئادەمیزاد ئاو هەبووە بە کۆتایی ئاویش ژیان لەسەر زەمیندا نامێنێ. 

لە کوردستاندا پێنج روباری سەرەکی هەیە بەناوی :  خاپور- زێی گەورە- زێی بچوک - سیروان- ئەڵوەن. 

ئەم رووبارانە بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی لە کوردستاندا  ڕەنگە هەر ئەوانیش بون ، ناچاری مرۆڤی کوردیان کردوەلە سەر شاخ بێنەخوارەوە بەڵام بەداخەوە هەندێکمان تائێستاش عەقڵمان هەر لەسەر شاخ ماوەتەوە سەرەرای ئەوەی لە دەوروبەری روبارەکاندا دەژین !

سیروان و ئەڵوەن دوو روباری ناوچەی گەرمەسێرن تینوێتی ئەرزی گەرمیان دەشکێنن و ئاوهەواکەی  خۆش دەکەن ، بوونەتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ ناوچەکە. سەدان کەس لە بەر بایەخ و خۆشەویستی، ناوی سیروان و ئەڵوەنیان هەڵگرتووە..بۆ من سیروان تالەبانی شەهید  سەرقافڵەی ئەو ناوانەیە. 

 

بێگومان ئەڵوەن لە دێر زەمان و پێش خانەقیش هەبووە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی شاری خانەقی.

 ئاوی ئەڵوەن لە شاخی زاگرۆسی ناوچەی کرماشانەوە  و لەکانیاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت تا دەگاتە سەرپیڵی زەهاو  و قەسری شیرین بەرەو خانەقی دێت لە تەنشت هەردوو دێی کارێز و تەفرەقە و ئاغاو خەلیفە و جەلەوە ودێی عالیاوە و باجەڵان  شۆر دەبێتەوە ناو روباری سیروان لە حەلوان و روباری دیالە پێکدێنن و  دەچنە ناو روباری دیجلەوە کە یەکێک لە دوو روبارە گەورەکەی عیراقە.

درێژی روباری ئەڵوەن نزیکەی (١٥٠)کێلومەترە، دوو پردی سەرەکی لە سەر ئاوی ئەڵوەن بوو بەناوی جسر الأخضر و کۆپری گەورە و پردی سێهەمیش لەم ساڵانەی دواییدا  دروستکرا لە تەنیشت  ئاغا و خەلیفە، ساڵانە لە کۆتایی بەهار شارەوانی خانەقی پردێکی کاتی بە بەرمیل و دار و تەختە و چینکۆ لە نێوان بان ئەڵوەن و سەرای کۆن دروست دەکرد لە کۆتایی پایزیش هەڵیدەگرت ، بێجگە لە پردە ئاسنینەکە لە هەمان شوێن بوو ، لافاو بردی.

ئەڵوەن شاری خانەقی دەکاتە دوو بەشەوە بە شەو وەکوو زێر و بەرۆژیش وەکوو مرواری شارەکە دەرازێنێتەوە 

جەلەوە و ئەڵوەن ئاوێتەی یەکن، لە سەرەوە لای کۆپری گەورە و لە دەستی راستەوە  ئەڵوەن شان بەشانی جەلەوەیە و بان ئەڵوەنیش دڵگیرترین شوێنی خانەقیە 

لە هاویناندا لە سەربان دەخەوتین،بە هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەکان و سەمای ئەستێرەکان خەومان لێدەکەوت و بەیانیان زووش بە تیشکی ئاوریشمی خۆر بە خەبەر دەهاتین!

نازانم باسی چی بکەم ..؟ باسی ترسی باوەگەزی یان خلسکێنەی سەر تافایی ژێر کۆپری گەورە و یان چاوە قرژاڵیەکەی ئاوی ئەڵوەن بکەم ..؟مەحالە بتوانم لە بیرەوەریەکانمدا ئەڵوەن لە جەلەوە جیابکەمەوە. 

لای من جەلەوە چەند جوان بێت ،ئەڵوەن جوانتر و زیندوتری دەکات.لە قەراخی ئەڵوەنی بەری جەلەوەدا هەندێ درەخت و چیمەنی خۆرسک هەبوو ،گەنجەکان لەوانە خاڵەکانم سەعدوڵا و ئەنوەر و مامۆستا موحسین لە خوارەوەی جەلەوە لە قەراخی ئەڵوەندا کەپریان بە قامیش و زەل و حەسیر دروست دەکرد  بۆ نەجات بون لە گەرماو و تێر بون لە جوانی ئەڵوەن. 

ئای ئەڵوەن بۆ هەندێ جار دڵرەق و بێ بەزەیی بویت و ژمارەیەک لە گەنجی شارەکەمت نوقمی عەدەم کرد و کردتن بە قوربانی باوەگەزی؟!

ئەڵوەن بەتایبەتی لە بەهاران توڕە دەبوو ، لافاوی هەڵدەساند و ئاو دەگەیشتە لای دەرگای ماڵەکانی بان ئەڵوەن و رێگاکان دادەخرا لە ساڵی (١٩٧٩) ئەڵوەن لافاوێکی گەورەی و بە شەختە و بەفرەوە هێنا ، ژمارەیەکی زۆری ماسی گەورە کەوتنەسەر ئاو لە دوای کۆتایهێنانی  لافاوەکە ماسیەکان لە قەراخی ئەڵوەن جێمان و بون بە نسیبی خەڵکی جەلەوە و داهاتێکی باش بوو بۆ هەندی خەڵکی هەژار کە تا ئێستاش هەر باسی ئەو رۆژە و ئەو لافاوە دەکەن!

لە هاویندا لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو   بە فەرمانی قایمەقامی خانەقی چەند جار ژمارەیەک بلدۆزەر و شۆڤڵ و گرێدەر و حادیلە رێرەوی ئاوی ئەڵوەنیان فراوانتر دەکرد بەتایبەتی لە خوارەوە و لەنێوان جەلەوە و عەبدوڵا بێگدا  کەمپەکەیان لە گۆرەپانی قەسرەکە بوو نزیک بان جەلەوە، ئێمەی مناڵان سەرسام بوین بە گەورەیی و هێزی ئەم مەکینانە. 

ئەڵوەن بێجگە لە ژیاندنی باخ و بێستانەکانی خانەقی ، سەرچاوەی راوکردنی ماسی بوو لە شارەکە بە گشتی و جەلەوە بەتایبەتی، لەگەڵ کاک حوسیەن مەلا عەلی برادەرم زۆر جار ،ئیواران بە یەکەوە راوەماسیمان دەکرد  ئەو بە تۆر راوی دەکرد منیش بەردەستیم دەکرد و ماسیەکانمان دەبرژاند لە کەناری ئەڵوەن بۆ ژەمێکی ئێواران ، برادەرانیتریش ئەبون بە میوانمان ، تا درەنگانی شەو بە رووناکی ئاگر و قسەوباسی رۆژگار کاتەکەمان بەسەر دەبرد. داخەکەم بۆ بەسەرچونی ئەو رۆژگارە کە هەموو شتێک پاک و بێگەرد و پر خۆشەویستی بوو. هەروەها دیمەنی ئەڵوەن و باخەکان و ئاسمان و ئەستێرەکان جوانی دەباراندە سەر گەشتەکەمان ...!! 

راوکەرە ناسراوەکانی خانەقی لەو سەردەمەدا  ،ئەمانە بون : مورشیدە لە گەرەکی تێلخانە و رەفاو لە گەرەکی عەبدوڵابێگ وسکە لە جەلەوە مورشیدە و رەفاو بە تۆر و بە رێگەی ژەهرێکی تایبەتەوە راوەماسییان دەکرد ، لە بازای خانەقی دەیانفرۆشت و جاروباریش بۆ راوکردنی ماسی ئەرۆیشتن بۆ سەر روباری سیروان و چەند رۆژێک ئەمانەوە.

خاڵو وسکە ناوی حوسیەن و خەڵکی مەندەلی بوو بە تەنها لە خانوەکەی خاڵو مەهدی نوربانو لە ژورێک کرێچی بوو . پیاوێکی کورتە باڵا ، سپی و سور ، قژ زەردو تەنک ، لوت باریک ، چاو وبرۆ کاڵ ، دشداشەی لە بەر دەکرد ، قایشێکی نیوچەباریک لە ناوقەدی دەبەست .ئەم راوکەرە زۆر بەسەبر بوو بە سەعات بەدیار قولابەکەیەوە دادەنشت لە کەنار ئەڵوەندا بۆ راوکردنی ماسی .چاوەکانی قەتیس دەبووە سەر پەتی نایلۆنی قولابەکە  و هەستیشی لای کلکەمژە و ئەسپێکوژەی دەستی راستیەوە بوو ئایە ماسی بە قولابەکەیەوە بوو یان نەء ؟خواخوای بوو کەس فرسەتەکەی لەدەس نەدات بە شڵەقاندنی ئارامی ئەڵوەن بە مەلەکردن یان پەرینەوە لە ئاوی ئەڵوەندا  . وسکە ئەگەر ماسیەکی گەورەی راوکردبا ئەیفرۆشت بە دارندەکان بۆ دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆی و ئەگەر  بچوکیش بوایە ئەیکردە ژەمێکی خواردنی خۆی .

جارێک لە تەنشتی خاڵو وسکە دانشتبوم لە قەراخ ئاوەکە و نزیک دوکانەکەی سولەیمان ئەو خەریکی راوەماسی بوو منیش لە دونیای خەیاڵی منداڵیمدا بووم ،سەیری تک تک عارەقی سەر سەری روت و ناو چاوانی سور و سپی خاڵو وسکە دەکرد ، هەردوو دەستم واڵا کردبووە سەر ڕانم و نزاو دوعام دەکرد کە ماسیەکی بزە ببێت بە دەم قولابەکەی خاڵو وسکەوە. وا لە مالەوە گۆشکرابوم کە نزا و دوعای منداڵ لای خوا گیرایە،لە پرا خاڵو وسکە سەیری کردم وتی : رۆڵە ئەوە خەریکی چیت..؟ وتم داوا لە خدری زیندە دەکەم ماسیەکی گەوەرە بکات بە قولابەکەتەوە ، وتی کورم خەیاڵت رەحەت بێت خوا بەیانیانی زوو لە رێگای میکائیلەوە رزقی رۆژەکە دابەش دەکات ، میکائیلیش لە ئاست ئێمەوە کەڕ بووە هیچ لە فەرمانەکانی خوا نابیسێت و کەسیتریش ناتوانێت دەسکاری دابەشکردنەکەی خوا  بکات! . 

ئەو رۆژە هیچ نەبوو بە نسیب وسکە بۆیە بە نائومێدی گەرایەوە ژورەکەی ، منیش بە دڵشکاوی چومە ماڵەوە ، ئەو شەوە لە خەوما بینیم خاڵو وسکە بە جلێکی سپی و دەم بەخەندە و خۆشی و ئاسودەوە  خەریکی راوە ماسییە لە روبارەکەی ناو بەهەشتدا و ماسیەکی زۆر بە قەد بالا و شێوەی وێنەی کچە کافرۆشی سەر دوڵابەکەی دایکم دەوریانداوە !

ئەم خەونەم بۆ میم هاجەری دراوسێمان گێرایەوە  وتی: کورم عیماد ،خەونەکەت خێرە و ئینشەڵا کە گەورە بویت لەم خەونە تێدەگەی!

ئەگەر ماوەیەک ، راوەماسیەکەی داهاتی نەبوایە خاڵو وسکە دەستی دەکرد بە فرۆشتنی شتەکانی خۆی رۆژێک بە فەوزیە میران دەڵێت : ئەری فەوزیە شەواڵێکی تازم هەیە بۆ نازمی برات نایکڕی؟ ئەویش ئەڵیت : خاڵو وسکە کەس شەواڵی کەسێکی دیکە لە بەر دەکات تا من بۆ نازمی برام بیکڕم؟!

بەداخەوە دوا رۆژەکانی خاڵو وسکە زۆر تراجیدی بوو ، ژورەکەی جێهێشت و بە تەنشت دوکانەکەی سولەیمان بە بێ کەسی کەوتەسەر جێگا  ، خەڵکی جەلەوە بون بە یارمەتیدەری و عزرائیل بە ڕاوکەری  و مەرگیش بوو بەفریادرەسی. 
کاتێک ساڵی(١٩٧٥) کۆچی دوای کرد و گۆرستانی قەبری سەید نزیک جەلەوە دەبێتە دوا مەنزڵگای ئەبەدی و ئەویش دەبێتە گومناوێکی تری شیرینترین سەرزەمینی دنیا کە جەلەوەیە!

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket