riklam

پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار جێبەجێ دەکرێت

کوردستان 02:40 PM - 2024-04-14
 سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوە شاسوار PUKMEDIA

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوە شاسوار

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەمیانەی سەردانێکیدا لەساڵڕۆژی تاوانی ئەنفالدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، سەردانی قایمقامییەتی کفری کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کۆبووەوەو دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە( ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ساهر عەلی جاسم وەک قایمقامی نوێی کفری کرد. پاشان باس لە کێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەک لە سنوورەکە بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا جێبەجێ بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کرد هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتییان و شیوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد. 

لە سەردانەکەدا تاوتوێی رێکارەکان و چۆنییەتی دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکە کرا و داوایکرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بورای جێبەجێکردنەوە و راشیگەیاند کە ریکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەزووترین کات تەواو دەبن کە چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئەبێتە هۆکارێک بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابوری دەڤەرەکە.

 

قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی لە کفری کردەوە

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان،  بە یاوەری ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کفری، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی کردەوە و لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ١٤ی نیسان بەڕێوەچوو و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ئامادەیبوو، جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی کردنەوەی زانکۆکەی لە دانیشتوانی کفری و بەڕێوبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان کرد و دوای گوێلگرتن لە داواکاری و پلانی پێشخستنی زانکۆکە، داوای لێکردن بە هەموو توانایانەوە کار بکەن زانکۆکە بکەنە زانکۆکەیەکی نمونەیی بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی دەڤەری گەرمیان.

وتیشی: پێویستە ستراتیژی زانکۆکە پێگەیاندنی خوێندکاران بێت بە توانایەکی بەرزی زانستییەوە و ئامادەکردنیان بێت بۆ چوونە ناو بازاڕی کارەوە.

 

قوباد تاڵەبانی لە کفری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرەی بەسەر کردەوە

 

 

لەلایەکی تریشەوە هەر ئەمڕۆ یەک شەمە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی ئەنفال، لە گوندی دێبنە سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی کرد و تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتەکە دانا. 

دواتر بە یاوەری کەمال محەمەد وەزیری کارەبا و ئەحمەد مفتی بریکاری وەزارەت، سەردانی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرەی کرد و بەشە جیاوازەکانی پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە.

 

جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبردنی وێستگەکە کرد کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانیوویانە پڕۆژەکە سەرپێ بخەن و داوای لێکردن کاربکەن بۆ فراوانترکردنی پڕۆژەکە لە داهاتوودا. 


وەبیریشی هێنایەوە کە پڕۆژەکە جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی بوو کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەڵێنی بە دانیشتووانی کفری دابوو کێشەی گازی بەفیڕۆچووی گەرمیان کە زیانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندبوو چارەسەر بکات و بە دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە گازە بە فیڕۆچووەکە وزەی کارەبا بەرهەم بهێنن و خزمەتی ناوچەکەی پێ بکەن.

وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرە لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی ١٦٠ مێگاوات کارەبای هەیە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket