riklam

سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئیستۆنیا کۆدەبنەوە

عیراق 04:33 PM - 2024-01-16
سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیستۆنیا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیستۆنیا

ئەمڕۆ سێشەممە 16-1-2024 لە کۆشکی بەغدا، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید و ئەلار کاریس سەرۆك کۆماری ئیستۆنیا دیدارێکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا و لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی پەرەپێدانی گفتوگۆیان کرد.

لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئیستۆنیا و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەبوارەکانی ئابوری و ژینگە و کشتوکاڵ و وزەی نوێبووەوە و زانست و تەکنەلۆژیا و گۆڕینەوەی ئەزمون لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ئینتەرنێت.

سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە سەقامگیریی ئاسایش لە وڵات و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دانانی بناغەی سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بەمەبەستی سودمەندبوون لە دەرفەتی وەبەرهێنان لەپێناو پەرەپێدانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی تایبەت کرد، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی راوێژکارەکانی ئیستۆنیا لەچوارچێوەی هێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دا دەربڕی، کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عیراق دەکەن.

سەبارەت به پرسی فەلەستینیش، سەرۆك کۆمار هەڵوێستی هەمیشەیی و راشکاوانەی عیراقی له رەتکردنەوەی دەستدرێژی دژبە گەلی فەلەستین له کەرتی غەزه دووپاتکردەوه و رایگەیاند: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆبگرێت و کار بۆ راگرتنی بۆردومانه وەحشیگەرانەکان و به ئامانجگرتنی دانیشتوانی سڤیل و نەخۆشخانەکان بکات".

سەرۆک کۆمار دووبارە جەختیکردەوە لەسەر رەتکردنەوەی سیاسەتی راگواستن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە کەرتی غەزەدا، داوای هەڵگرتنی گەمارۆ و رێگەدان بە چونەژورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیشتنی بە دانیشتوانی فەلەستینیشی کرد.

لای خۆیەوە، ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی کاری هاوبەش لەگەڵ عیراق رونکردەوە، جەختی لەسەر خواستی کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاریکاری کردەوە لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرهێنان و ئابوری و سیاسی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای هەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدیبهێنێت.

دواتر وتووێژی بەرفراوان لەنێوان وەفدی هەردوولا بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆکایەتی وەفدی لایەنی عیراقی کرد، کە پێکهاتبو لە د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، د.محەمەد بەحرلعلوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە، د.حازم مەحمود حەمید بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك کۆمار، حەیدەر عەزاری سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە و فەریقی یەکەمی روکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان. لایەنی ئیستۆنیاش لەلایەن سەرۆک ئەلار کاریس-ەوە سەرۆکایەتی دەکراو پێکهاتبون لە خاتوو سێلیا کونیکاس راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە، مادیس روڵ راوێژکاری سیاسەتی ئاسایش، ئەندریک ترۆڤلیدت راوێژکاری پەیوەندیەکان، لیوا ئینۆ مۆتس سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی هاوبەش و بەڕێز لێمپێد ویبۆ باڵیۆزی ئیستۆنیا لە عیراق.

لە میانی کۆبونەوە بەرفراوانکراوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پتەوکردنی هاریکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری کرا، هەروەها رێگاکانی روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و دەرئەنجامەکانیان تاووتوێکران، کە خۆیان لە وشکەساڵی و بەبیابانبون و بەرزبونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانیان لەسەر هەموو چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە دەبینێتەوە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، هەردوولا ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو بۆردومانە دەربڕی، کە شاری هەولێری کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە، کە بۆردومانەکە پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتە.

هەروەها کۆبونەوەکە دوپاتیکردەوە، ئەو هێرشانەی هەولێریان کردە ئامانج و پێش ئەوەش سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و بەغداد و ناوچەکانی دیکەی لە عیراقدا گرتوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوان و ناوچەکانی نیشتەجێبون هەبووە، هەموو ئەو هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و قبوڵکراو نین و وڵات لە ململانێیەک تێوەدەگلێنن، کە هیچ سودێکی پێ ناگەیەنێت.

لە کۆبونەوە فراوانکراوەکەدا، کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەوڵەکان بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تاووتوێ کران. سەبارەت بە پرسی فەلەستین-یش، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە و رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ، کە داگیرکەر دژی غەزە پیادەی دەکات،  بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان. هەروەك پێویستی ئاسانکاری بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین، دوپاتکرایەوە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket