riklam

رێککەوتنی ژێربەژێر پاڵاوگە دزراوەکەی بێجی هێنایە هەولێر

کوردستان 05:38 PM - 2023-08-22
بەشێک لە کەلوپەلی پاڵاوگە دزراوکەی بێجی PUKMEDIA

بەشێک لە کەلوپەلی پاڵاوگە دزراوکەی بێجی

پاڵاوگه‌ تاڵانكراوه‌كه‌ی بێجی كه‌ له‌ هه‌ولێر دۆزرایه‌وه‌، بووه‌ بابه‌تێكی گه‌رمی میدیایی ناوخۆیی و تۆڕ‌ه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نی، ئه‌مه‌ش زیانی بۆ ناوبانگی پایته‌ختی هه‌رێم هه‌یه‌، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ به‌رپرسانی حكومی و حزبی ئه‌و شاره‌ راده‌كێشرێت، كه‌ چۆن پاڵاوگه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ ده‌دزرێت و ده‌شاردرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر "به‌رپرس و ده‌ستڕ‌ۆیشتوه‌كانی" له‌ پشت نه‌بێت، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "پاڵاوگەکەی بێجی بە رێککەوتنی ژێربەژێر هێنراوەتە هەولێر و حەشاردراوە".

پاڵاوگه‌ی بێجی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینه‌ و 230 كلیۆمه‌تر له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمه‌وه‌ دووره‌، پاڵاوگه‌ تاڵانكراوه‌كه‌ به‌نهێنی براوه‌ته‌ هه‌ولێر، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ به‌ ئاشكرا ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ بێجی.

پاڵاوگەی بێجی بە رێککەوتنی ژێربەژێر هێنراوەتە هەولێر

باڵانبۆ محەمەد جیگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "پاڵاوگەکەی بێجی بە رێککەوتنی ژێربەژێر هێنراوەتە هەولێر و حەشاردراوە، ئەگەر وانییە چۆن پاڵاوگەیەکی لەو شێوەیە گەورە هێنراوەتە هەولێر و بۆماوەی هەشت ساڵ حەشاردراوە".

"ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ داعش هەبووە و وەک چۆن کەلوپەلی سەربازییان لێدەکڕین، بەوشێوەیەش پێدەچێت پاڵاوگەکەیان لێکڕیبێتن، بۆیە ئەرکی پەرلەمانتارە کوردەکانە لە بەغدا کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و راستی دۆزینەوەی پاڵاوگەی بێجی لە هەولێر بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن"، باڵانبۆ محەمەد وادەڵێت.

ناکرێت حکومەت بێ ئاگا بێت

پاڵاوگه‌ دزراوه‌كه‌ به‌ 100 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ بێجییه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و جارێكی دیكه‌ش به‌ 100 بارهه‌ڵگر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ بێجی و به‌ وته‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق: "تا ئێستا 60 بارهه‌ڵگری پاڵاوگه‌كه‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بێجی".

جیگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "بێدەنگبوونی حکومەت لەسەر دۆزینەوەی پاڵاوگەکەی بێجی لە هەولێر گومانی لای خەڵک دروستکردووە ، چونکە ناکرێت 100 ترێلە کەلوپەلی پاڵاوگەکە بێتە هەولێر و حکومەت ئاگادار نەبێت، بۆیە پێویستە روونبکرێتەوە کە ئەو پاڵاوگەیە چۆن گەیشتە هەولێر؟، کێ هێنای؟، کێ کڕی؟، کێ حەشاری داوە؟".

ئاماژەی بەوەشدا: "دەکرێت لایەنێکی هەرێمی کوردستان لەپشت کڕینەوەی پاڵاوگەکە بێت، بەڵام ناکرێت پەنجەی تۆمەت بۆ هەولێری پایتەخت و هەموو خەڵکی هەرێم درێژ بکرێت و هەموو خەڵکی خەڵکی هەرێمی پێ تۆمەتبار بکرێت".

سودانی پاڵاوگە دزراوەکەی بێجی دەخاتەوە کار

حکومەتی عیراق بەنیازە پاڵاوگە دزراوەکەی بێجی لە هەولێر بگەڕینێتەوە و لەماوەیەکی نزیکدا لە بێجی بیخاتەوە کار کە رۆژانە توانای هەیە 150 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.
پێشتریش به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د پسپۆڕ‌ له‌ بواری گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ی له‌ بێجی تاڵانكرا، پارچه‌كانی له‌هه‌ولێر دۆزراوه‌ته‌وه‌و حكومه‌تی عیراقیش هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ كه ‌له‌ ساڵی داهاتوودا پاڵاوگه‌كه‌ بخاته‌وه‌ كار، كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت رۆژانه‌ 150 هه‌زار به‌رمیل بپاڵێوێت".

"پاڵاوگه‌ی بێجی كه‌ تاڵان كراوه‌ به‌ نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ رویه‌كی ناشرینی دیكه‌ی هه‌یه‌، كه‌ئه‌ویش مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش، دیاره‌ كاتێك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ دژی داعش شه‌ڕ‌ی ده‌كرد و شه‌هید ده‌بوون، ئه‌وان سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی بوون له‌گه‌ڵ تیرۆریستان و ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌یان لێكڕ‌یون"، به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د وای وت.

دوای  هەشت ساڵ پاڵاوگە دزراوەکەی بێجی لە هەولێر دۆزرایەوە و لەوماوەیەشدا حکومەتی هەرێم لەبارەی ئەو پاڵاوگەیەوە بێدەنگی هەڵبژاردبوو، ئەمەش گومانی لای چاودێرانی سیاسی و خەڵک دروستکردووە و پێیان وایە باڵاوگەکە بەمەبەست لە تیرۆریستان کڕدراوەتەوە، چونکە لە ساڵی 2014، کاتێک داعش بێجی داگیرکرد پاڵاوگەکە تاڵانکرا و لەدوای هەشت ساڵیش پەرلەمانتارێکی عیراق بەناوی هەیبەت حەلبوسی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دۆزینەوەی پاڵاوگە دزراوەکەی بێجی لە هەولێر راگەیاندن و ئاماژەی بەوەشدا بەشێکی پاڵاوگەکە گەڕێندراوەتەوە شوێنی خۆی.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket