riklam

171 روفات چاوەڕوانی گەڕانەوەیانن بۆ هەرێم

کوردستان 05:15 PM - 2023-07-17
کاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور لەگەڵ بۆکسی 171 روفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان PUKMEDIA

کاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور لەگەڵ بۆکسی 171 روفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ماوەی چوار ساڵە 171 روفاتی ئەنفالکراوان لە پزیشکی دادی بەغدا لە چاوەڕوانی گەڕانەوەدان بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، "حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە بەرامبەر روفاتی ئەنفالکراوەکان و گەڕانەوەیان، لەکاتێکدا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لەچاوەڕوانی هەڵدانەوەدان"، سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستانش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات لە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان روفاتەکان بگەڕێنێتەوە.

کەمتەرخەمی حکومەت هۆکار بووە تائێستا رووفاتەکان نەگەڕێندرێنەوە

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنەکەمان سەردانی پزیشکی دادی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەری پزیشکی دادی بەغدا کۆبووینەوە، لەبارەی پرۆسەی تۆمارکردنی DNA بۆ ئەو روفاتانە کە ژمارەیان 171 روفاتە و ماوەی 4 ساڵە لە پزیشکی دادوەری بەغدان و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیانن بۆ هەرێمی کوردستان".

"کەمتەرخەمی حکومەت و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق، وایکردووە تائێستا ئەو ژمارە روفاتە نەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان کە بەپێی بەدواداچوونەکانمان بەشی زۆری روفاتەکان هاووڵاتی کەلار و چەمچەماڵ و گەرمیانن بەگشتی"، کاروان یاروەیس وادەڵێت.

کوردبوون تاکە هۆکار بووە بۆئەوەی تاوانیان بەرامبەر بکرێت

منداڵ و ژن و کچ و پیاو لە روفاتەکاندا هەن، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کوردبوون تاکە هۆکار بووە تا ئەو تاوانەیان بەرامبەر بکرێت، دوای ئازادکردنی عیراقیش 269 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە بەشی زۆریان لە پارێزگاکانی دیوانیە و سەماوە و نەجەفە.

وتیشی: "لە روفاتەکاندا منداڵی ساواو ژن و کچ و پیاوی بەتەمەنی تێدایە و ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەی کە رژێمی پێشووی دیکتاتۆری عیراق هیچ جیاوازییەکی نەکردووە، تەنها کوردبوونیان بەسبووە بۆئەوەی ئەو تاوانەیان بەسەردا بسەپێنێت".

"بەپێی ئامارەکان لەدوای ئازادکردنی عیراقەوە 269 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، لەکاتێکدا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە ماون و هێشتا هەڵنەدراونەتەوە کە بەشی زۆریان دەکەونە سێگۆشەی نێوان پارێزگاکانی دیوانیە و سەماوە و نەجەف، جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق و پزیشکی دادی بەغدا بکەین کە بەشێووەیەکی زۆر باش روفاتەکانیان پاراستووە و بۆ هەر روفاتێکیش کۆدێکیان پێداوە، بۆئەوەی لەکاتی دەرچوونی پشکنینی DNA دا بناسرێنەوە".

حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە

171 روفاتی کورد لە بەغدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان کەمتەرخەمن لە هێنانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و بەخاک سپاردنیان.

سالار مەحمود سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە ئێستادا 171 روفاتی کورد لە پزیشکی دادی بەغدایە و بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم بەتایبەت لە کابینەی 9 دا ماوەی چوار ساڵە نەتوانراوە ئەو روفاتانە پشکنینی DNA یان بۆ بکرێت و بناسێنرێنەوەو بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لەوەی کە حکومەتی عیراقیش لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کەمتەرخەمن".

"ئەو روفاتانەی لە پزیشکی دادن ناسنامەیان ناسراوەتەوەو پزیشکی دادی بەغدا رێکارە یاساییەکانی خۆی گرتوەتە بەر، بەڵام پشکنینی DNA بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ئەرکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدانە کەبەداخەوە کەمتەرخەمن، بۆیە گەڕانەوەی ئەو روفاتانە و بەخاکسپاردنیان لە مەراسیمێکی شایستەدا دەرگایەکی نوێ بە رووی هەڵدانەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەدا دەکاتەوە"، سالار مەحمود وای وت.

هەرێم بەیەک چاو لەو پرۆسە گرنگە ناڕوانێت

وێڕای کەمتەرخەمی، حکومەتی هەرێم جیاوازی دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم پرۆسەکە و وەک یەک دۆسییە سەیریان ناکات.

سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەشڵێت: "ئەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانی نیگەرانتر کردووە ئەوەیە، کە حکومەتی هەرێم بەیەک چاو لەو پرۆسە گرنگە ناڕوانێت و وەکوو یەک دۆسییە سەیری ناکات و جیاوازی دەکات و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئەو جیاوازییە دەبینن، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە نەهێنانەوەی ئەو 171 روفاتەیە کە ماوەی چوار ساڵە نەگەڕێنراونەوەتە هەرێمی کوردستان".

ئاماژە بەوەشدەکات: "داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، کەدەکاتە 24-7-2023، ئەو روفاتانە بگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان و لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاک بسپێردرێن".

پاش هەڵدانەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق، ژمارەیەکی زۆر لە روفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان دۆزراونەتەوە، کە هەندێک لە روفاتەکان ماوەی 4 ساڵە لە پزیشکی دادوەرین لە بەغدا، بەڵام کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم وایکردووە تائێستا ئەو ژمارە رووفاتە نەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی کەسوکاری ئەنفالی زیاتر نیگەران کردووە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەیەک چاو لەو پرۆسە گرنگە ناڕوانێت و وەکو یەک دۆسییە سەیری ناکات و جیاوازی دەکات، ئەمە جگە لەوەی لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا، واتە لەدوای ئازادکردنی عیراق توانراوە تەنها 1669 روفات بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان.
PUKMEDIA

رەگەزنامەی هاوڵاتی (ع.ک.ا) خەڵکی چەمچەماڵ، کە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە ئەنفالکراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket