riklam

‎فراکسیۆنی یەکێتی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەرێمی لە چەندین مەترسی دوورخستەوە

کوردستان 10:43 AM - 2023-06-14
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە پشکی هەرێم لە بودجەدا دەکات و رایدەگەیەنێت،  فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا رێگری لە چەند مەترسییەک کردووە لەسەر هەرێمی کوردستان و بابەتی پاشەکەوتی مووچەش لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە".

فراکسیۆنی یەکێتی رێگری لە چەندین مەترسی لەسەر هەرێم کردووە

‎ د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "لە پرۆژە یاسای بودجەدا، هەندێک بابەت پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە و وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رێگریمان لە چەند مەترسییەك لەسەر پشکی هەرێم لەناو پڕۆژە یاسای بودجە کردووە" و "هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ لابردنی ئەو مەترسییەی لە بڕگەی دووەمی ماددەی (12)ی ناو پڕۆژە یاساكە هەبوو، كە تایبەت بوو بە دانانی میچێکی یاسایی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان و توانیمان گۆڕانكاری لە ماددەكەدا بكەین".
"ئەو چوارسەد ملیارەی كە دوو سێ‌ مانگە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەشێوەیەك لە شێوەكان ویستیان ئەو پارەیە ئەژماربکەن لە ئەو قەرزە ناوخۆیی و سیادیانەی عیراق كردوویەتی، ئەگەر وای لێبكرایە وەك ئەوەبوو هەرێمی كوردستان دووجار ئەو پارەیەی لێببڕدرێتەوە، جاری یەكەمیان كاتێك ئەخرایە ناو خەرجییە سیادییەكان، لەكۆی پشكی هەرێمی كوردستان کەمدەبۆوە، دواتریش جارێكی تر هەرێمی كوردستان لەسەری بوو ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بە داشکاندن لە پشکی پارەی تەرخانكراوی هەرێم، بۆ لیژنەی دارایییمان روونکردەوە و  و رێگریمان لەوە کرد کە بەو شێوەیە هەژمار بكرێت"، د. نەرمین مەعروف وادەڵێت.
‎دەشڵێت: "جێگیركردنی پێوەرەکانی رێژەی دانیشتوان و هێڵی هەژاری لە دابەشکردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان (تنمية الاقاليم)، كە بڕەكەی زیاتر لە 276 ملیار دینارە و  ئێستا دەتوانرێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ پارێزگاكان پلانی پرۆژەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بكەن و زووتر سوود لەم بەشە بودجەیە وەربگرن".

فراکسیۆنی یەکێتی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان چەندین خاڵ لە بودجەدا جێگیر دەکات

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەوڵە بەردەوامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان چەندین خاڵی جێگیر کردووە.
‎ ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان چەند خاڵێکی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکردووە وەکو، جێگیرکردنی مووچە و خەرجی زیاتر لە 20 هەزار لە هێزەكانی پێشمەرگە لە سەر وەزارەتی بەرگری عیراق و دامەزراندنی 3‌ هەزار پاسەوانی سنوور"، "هەروەها گواستنەوەی لیوای هاوبەشی (20)ی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عیراق کە ژمارەیان نزیكەی (3777) كەسە".
"خاڵێکی دیکە گێڕانەوەی كارمەندانی گرێبەستی كاتی كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، كە زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسن و ماوەی ساڵ زیاترە كۆتایی بە گرێبەستەكانیان هاتبوو،  توانیمان بیانگێڕینەوە سەر كارەكانیان و گرێبەستەكانیان لە كاتییەوە كرا بە تەشغیلی و جێگیركردنی بڕگەیەك لەناو ماددەی (14)، كە گرەنتی ئەوە دەكات مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیاننی هەرێم لە ئەولەوییەتی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بێت"، د نەرمین مەعروف وادەڵێت.

‎ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوەدەدات: "خاڵێکی دیکە بریتییە لە چەسپاندنی بنەمای دادپەروەریی و یەكسانی لە دابەشكردنی پشکی خەرجی وەبەرهێنان و خەرجییەکانیتر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و رێگریکردن لە بەردەوامی پەراوێزخستن و نادادپەروەری لەدابەشکردنی ئەو خەرجییانە"، هەروەها "فراکسیۆنی یەکێتی بەدواداچوونی بۆ چەندین ماف و پرسی دیکەش کردووە وەک، "بابەتی دامەزراندنی (هەڵگرانی بڕوانامەی بالا و سێ‌ یەكەمەکانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ژمارەیان زیاتر 10 هەزار کەسە )، و بەپێی نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی مافی دامەزراندیان پێدراوە لەسەر پشکی هەرێم و پێویستە لەناو میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێیان بكرێتەوە".
خاڵێکی دیکەش بریتییە لە: "داواکردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگابوونییەوە، هەروەها داواکردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ دروستكردنی (سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە) لە پارێزگای سلێمانی و جێگركردنی مافی (لیژنەی پارائۆلۆمپی) شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەناو بودجەی (لیژنەی پارائۆلۆمپی عێراقی)"، ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران وادەڵێت.

گێڕانەوەی پاشەکەوت پێشنیازی یەکێتی بوو

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیازی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە پرۆژەیاسای بودجەدا پەسەندکرد و دادکۆکی لەو بڕگەیە کرد.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەوێمەوە دەڵێت: "گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەر لە سەرەتاوە پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بووە و لەناو گفتوگۆكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەم پێشنیازەی چەسپاند و دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی بۆ بەدەستهێندرا، دواتریش تا كاتی دەنگدان لەسەر بڕگەکە لەناو پەرلەمان، بەردەوامبووین لەسەر داكۆكیكردن لەم بڕگەیە و بەشداربووین لە داڕشتنی دەقی ئەو بڕگەکەی خرایە دەنگدانەوە، چونكە بە مافێكی تەواوی فەرامانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی دەزانین، هەر بۆیە تا دوا ساتەكانی دەنگدان لەسەر ئەم بڕگەیە داكۆكیمانكرد، بەڵام ئەنجامەكە بەلێڵی مایەوە و تائێستاش دڵنیانین لەوەی ئەم بابەتە بەتەواوی رەتكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی گومانمان هەیە کە دەنگەكان بە باشی هەژمار نەكرابن".

 "گومانمان هەیە ئەم بابەتە بەتەواوی رەتكرابێتەوە، واتە لە نێوان پەسەندكردن و رەتكردنەوەدا بۆمان یەكلایی نەبۆتەوە و چاوەڕێ دەكەین پێداچوونەوە بە ریكۆردی دەنگدانی ناو هۆڵی پەرلەمان و هەژماركردنەوەی دەنگەكان لەسەر ئەو بڕگەیە بکرێت، بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی ئایا ئەو بڕگەیە رەتكراوەتەوە یاخود پەسەند دەكرێت، بۆیە چاوەڕێی دەكەین، ئەگەر ئەنجامەكەش بەدڵی ئێمە نەبێت، پێمانوایە ئەمە كۆتا قۆناغ نیە و بەڵكو بەردەوام دەبین بە هەموو شێوازێك، بۆ گێڕانەوەی مافی فەرمانبەران و هاونیشتمانیانمان، ئەوەی پێمان بكرێت درێغی ناكەین لە گێڕانەوەی ئەو مافەی فەرمانبەران"، ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران وادەڵێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket