riklam

لە کابینەکەتاندا بێکار دەکرێم!

بیروڕا 09:16 PM - 2023-03-26
 سروشت ئەحمەد عەبدوڵڵا PUKMEDIA

سروشت ئەحمەد عەبدوڵڵا

بیروڕا

سروشت ئەحمەد عەبدوڵڵا

بەڕێز كاك مەسرور بارزانی..

ببورە كە بەناوی خۆت نەك سەرۆكی حكومەت ئەم پەیامەت ئاڕاستە دەكەم.  (یەكلایی كردنەوەی ناوەكەتان بەندە بە وەڵام دانەوە و نەدانەوەی پەیامەكەم)، بەڕێزم زۆر پێش ئەوەی من لە دایكبم، باوكم لەلایەن رژێمی سەددامەوە دەگیرێ و لە ئەنجامی ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆردا كەمئەندام دەبێ. باوكم دەڵێت: "بەعسییەكان هاتن برا گەورەكەم بگرن، چونكە شۆڕشگێڕبوو، بەڵام ئەو دەربازبوو. بۆیە منیان لە باتی ئەو گرت و داوای زانیاریان لەبارەی خۆی و هاوڕێكانی لێدەكردم، من هیچم نەدركاند، بەڵام بەو دەردەیان بردم و ئەنجام كەمئەندام بووم".

 دیارە ئەو كات مامم لەگەڵ هەزاران گەنجی تر دروشمی روخاندنی رژێمی بەغدا و وەدەستهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستانیان بەرزكردبوەوە و رژێمیش لەبەرامبەر ئەو خەباتە دەستی نەگریسی لە هیچ نیشتیمانپەروەرێك نەپاراستوە، لەو ڕۆژەی من ئەو چیڕۆكانەم دەبیستن پرسیارێك لە مێشكمدا دەخولایەوە:  ئایا چۆن دەكرێت كەسێك لەباتی كەسێكی تر بگیرێ و ئازار و ئەشكەنجە بدرێت؟

ئەو پرسیارەم لە هەر كەسێك كردبێت وەڵامەكەی ئەوە بووە، كە بەعس لە هەموو كوردێك لە بیانوو بوو، بەهەموو شێوەیەك دژایەتی كوردی دەكرد، نەخوازەلە ئازادیخوازەكان. ئەوە كورتەی چیرۆكی باوكم بوو.

هەرچەندە من لە دوای راپەڕین و لە ژێر سایەی ئاڵای كوردستان دایك بووم و زانكۆم تەواو كرد، كەچی بەداخەوە لە سایەی ئەو حكومەتەی كە بەخوێنی شەهیدان و خەباتی مامەكانم و قوربانیدانی هەزارانی وەك باوكم دامەزراوە، لە ساڵی 2023 نەك لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو (لەگەڵ جیاوازی) بەهەمان دەردی باوكم دەچمەوە!
من زانكۆم تەواو كردووە و هەلی كارم بۆ خۆم دۆزیوەتەوە و رۆژێك لە رۆژان گلەیی دانەمەزراند و نەدۆزینەوەی هەلی كارم لە حكومەت نەكردووە، كەچی مخابن دەزگایەكی ئەو حكومەتە (ئاسایش) لە جیاتی پاراستنی ئاسایشی خەڵكی و سەقامگیری و بەبیانووی ئەوەی كە من ئەندامی حزبێكی دیاریكراو نیم، ناڕەوا لەسەر كارەكەم دەركرام!
بەڕێزم من لە شاری هەولێر و لە كۆمپانیایەكی ئەهلی كارم دەكرد و بەڕێوەبەرەكەشی متمانەی زۆری پێم هەبوو، كەچی لە ئاسایش بانگكرام و زۆر بەڕاشكاوی پێم راگەیاندرا لەبەر ئەوەی من برازای ئەو شۆڕشگێڕەم كە باوكم لەسەری گیرابوو لە ئەنجامیشدا كەمئەندام بوو بوو لە كارەكەم دەركرام!

بەڵێ بنەماڵەكەمان لایەنگری یەكێتین و شانازیش بەخەبات و رابردووی كەسوكارەكەمەوە دەكەم. حەز دەكەم بزانن من رۆژێك لە رۆژان ئەندامی هیچ حزبێك نەبوومە بەیەكێتیشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی نیم دەركرام!

 ئایا بە چ یاسایەك ئاسایش رێگەی كاركردنم لێدەگرێ و كەی رەوایە بەگومانی لایەنگریی سیاسی لایەنێك و لایەن نەگری لایەنێكی دی لە كار دەربكرێم؟!

بەڕێزم: ئێستا من لە دووڕیانێكدام ئایا وەكو هەموو تێكۆشەرانی كوردستانی سەردەمی سەددام حسین دروشمی روخاندنی ئەو حكومەتە بەرزكەمەوە كە بەخوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان بەدی هاتووە یان بێدەنگ دانیشم و چاو لەو پێشلكردنە زەقەی مافێكی یاسایی و سروشتی خۆم بپۆشم؟

لە كۆتاییدا چاوەڕوانی ئەوەم نامەی دووەم ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت بكەم .

لەگەڵ ڕێزمدا...

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket