دیدێکی نوێ بۆ ئایندەی کوردستان
بیروڕا 03:16 PM - 2026-07-03
لە سێبەری قەیرانە درێژخایەنەکانی
هەرێم و مەسەلەی پێکنەهێنانی حکومەتدا، دواجار ڕێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزاکرا و هاوپەیمانیی هاوسەنگی و
بوژانەوەی کردە بنەمای کارکردن.
ئەمە تەنها هەنگاوێکی پرۆتۆکۆڵی و ئیمزاکردنی
چەند بەڵگەنامەیەک نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی سیاسیی گەورەیە. دەشێت وەک ڕێگەیەکی
نوێ لە ئەندازەی دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا تەماشابکرێت،
هەروەها پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لەپێناو خزمەتکردنی
هاووڵاتییاندا، هەرێمی کوردستانیش لە دۆخی چەقبەستووییەوە بەرەو قۆناغی جموجووڵ و
بوژانەوە دەگوازێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە،
کۆمەڵگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی نوێی نوێنەرایەتیکردندا دەژی.
پارتی بە 39 کورسی، یەکێتی بە 23 کورسی و
نەوەی نوێ بە 15 کورسی. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر پێکنەهێنانی
کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمدا، پەرلەمان لە دۆخێکی چەقبەستوودا ماوەتەوە. بە
درێژایی ئەو ماوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام جەختی لەسەر پێویستیی
هاوبەشیی ڕاستەقینە لە حکومەتدا کردووەتەوە، دوور لە هەر هەژموونێکی سەپێنەر و تاکلایەنانە.
هەر بۆیە ڕێککەوتنی 2ى تەممووز نە زادەیەکی هەرەمەکیی کاتییە و نە ڕەفتارێکی ژێر
فشارە، بەڵکوو بەرهەمی دانوستانێکی درێژخایەن و لێکتێگەیشتنێکی سیاسیی بە بنەمایە.
ڕێککەوتنەکە و هاوپەیمانێتییەکەی،
هەڵگری فۆرموولەیەکی سیاسیین نەک بەڵگەنامەیەکی پڕ لە بەڵێنی بۆش. یەکخستنی
هەڵوێستی هەردوولا لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا لەپێناو
پشتیوانیکردنی ڕیفۆرمی سیاسی و دامەزراوەیی، ئامانجیش داڕشتن و پەسەندکردنی ئەو
یاسایانەیە باشتر خزمەت بە ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکەن. ئەمەش تایبەتمەندییەکی
بێوێنەی پێدەبەخشێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە
گشتییەکاندا، هاوتەریب لەگەڵ پێداچوونەوەی باج و کرێیەکاندا. لەسەر ئاستی حکومەتی
داهاتووی هەرێم، بەڵێنی هاوبەش دراوە بۆ پێدانی قەرزی هاوسەرگیری بە گەنجان،
کەمکردنەوەی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، سووککردنی باری باجی سەرشانی
هاووڵاتی و دامەزراوە بازرگانییە بچووکەکان.
هەروەها ڕەخساندنی هەلی کار بۆ
دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، دروستکردنی دەزگەیەکی تایبەت بە دابینکردنی هەلی
کار و چارەسەرکردنی دۆسیەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست، بەشێکی
دیکەن لە خاڵە گرنگەکان.
لەسەر ئاستی فیدراڵی و هاوکێشەکانی
بەغدادیش، ڕێککەوتنەکە جەخت لە یەکخستنی هەڵوێستەکان دەکاتەوە سەبارەت بە مافەکانی
هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، شایستە داراییەکان، ناوچە کێشەلەسەرەکان،
هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی سیستەمی
فیدراڵیدا.
ئەم ناوەڕۆکە هەرگیز مامەڵەیەکی حزبی
نییە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، بەڵکوو تابلۆیەکی سیاسیی ڕوونە پێماندەڵێت، کێشەی
خەڵک لەپێش کێشەی حزبەوەیە، هاوپەیمانیی ڕاستەقینەش لەسەر بنەمای پڕۆگرام و
ئامانجی هاوبەش بنیاددەنرێت، نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەسک و کورسیی دەسەڵات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دیدێکی
ستراتیجییانە و بە ئەزموونی 51 ساڵەی خەبات، بەرگری و بەڕێوەبردن، لە ماوەی سێ
دەیەی ڕابردوودا خاوەنی ئەو تێگەیشتنە قووڵە بووە، هاوسەنگیی سیاسی نەک تەنها بۆ
یەکێتی، بەڵکوو بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هەرێمێکی بەهێز، سەنتەرە.
شکانی ئەم هاوسەنگییە، بەرەبەرە کۆمەڵگە ئیفلیجدەکات، هەڵبژاردن دەکاتە بابەتێکی
فۆڕماڵی، پەرلەمان دەگۆڕێت بۆ پێگەیەکی سەرکوتکەر و حکومەتیش دەکاتە دەزگەیەکی
تاکڕەو، بەمەش هاووڵاتی وردەوردە ئومێدی بە پڕۆسەی سیاسی دەپچڕێ. لەم سۆنگەیەوە،
هاتنەناوەوەی نەوەی نوێ بۆ نێو ئەم هاوکێشەیە نە کۆتاییهێنانە بە ئۆپۆزسیۆن و نە
داخستنی دەرگەی گفتوگۆیە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەدا.
بەڵکوو دەروازەیەکی نوێیە بۆ یەکخستنی
دەنگی 38 کورسی لە یەک ئاراستەدا، چ لە پەرلەمانی کوردستان و چ لە ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عیراق، لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵک. ئەمەش
هەڵوێستێکی نەرێنی نییە دژی هیچ لایەنێک، ڕێک وەک ئەوەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە
کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا جەختیلێکردەوە، دەرگەی ئەم هاوپەیمانییە بۆ هەموو
ئەو هێزە سیاسییانە کراوەیە خوازیاری پێکەوەکارکردنن.
سیاسەت جیهانی خواستە جیاوازەکانە، لەبەرئەوە
دەبێت جیاوازیی نێوان هاوپەیمانێتیی سیاسی و توانەوەی حزبێک لەنێو حزبێکی دیکەدا
بەڕوونی لێیتێبگەین. لە ڕوانگەی نوێی سیاسیدا، ئۆپۆزسیۆنبوون بریتی نییە لە
ڕەتکردنەوەی ڕەهای هەموو شتێک، بەڵکوو هاندان و ئاڕاستەکردنی دەسەڵاتە تا خزمەتی
ڕاستەقینەی هاووڵاتییان بکات.
هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆن خەمی ڕاستەقینەی
ژیانی خەڵکی هەبێت، پێویستە هەندێکجار لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای پەتی بێتەدەرەوە و
بۆ ئەرکێکی نیشتمانیی گەورەتر، هاوبەشی و هاوبیری لەگەڵ لایەنێکی دیکەدا بکات.
مێژووی سیاسیی جیهان نموونەی زۆری لەم جۆرە هاوپەیمانێتییانە تێدایە، هەر لە
هاوپەیمانییە کاراییەکانی ئەورووپاوە بگرە تا دەگاتە هاوپەیمانییە جیاوازەکانی
ناوچەکە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەم
هەنگاوە سەلماندییەوە، چارەسەر لە بایکۆت و چەقبەستوویی درێژخایەندا نییە، بەڵکوو
لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ئامادەیە هاوپەیمانێتیی نوێ دروستبکات و هاوسەنگیی
سیاسی بگەڕێنێتەوە. هاوکات، وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندین جار
جەختیکردووەتەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە بەرەیەکی دژبەر نییە بۆ هیچ هێزێک و دەرگەی
گفتوگۆ تێیدا کراوەیە، بێگومان لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە، ڕێزگرتن لە
ئیرادەی هاووڵاتییان و کارکردن بۆ ڕیفۆرمی بنەڕەتی. ئەمەش دەتوانێت ببێتە
زەمینەسازییەکی پتەوتر بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی هاوبەشی نیشتمانی، تیایدا تەواوی
لایەنەکان ئاسوودەبن.
لە دەیەی ڕابردوودا، یەکێک لە هۆکارە
سەرەکییەکانی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، پەرشوبڵاویی دەنگی کورد
و یەکنەخستنی هەڵوێستەکان بووە لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، هەر لە پرسی بودجە و
مافە داراییەکانەوە تا دەگاتە ماددەی 140ی دەستوور و دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە.
یەکخستنی هەڵوێستی یەکێتی و نەوەی نوێ لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا لەسەر
ئەم پرسانە، هێزێکی مەعنەوی و ژمارەیی زیاتر بە دەنگی کورد دەبەخشێت، هەروەها
توانای دانوستانی هاوپەیمانە کوردستانییەکان لە بەغداد بەهێزتر و کاریگەرتر
ئاڕاستەدەکاتەوە. ئەم پێشهاتە ڕاستەوخۆ خزمەت بە مافە نیشتمانییەکانی گەلی
کوردستان دەکات و زمانی یەکگرتوویی نیشتمانی پەرەپێدەدا، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ
هەموو هەوڵێکی پارچەبوون و پاشەکشەکردن.
ڕێککەوتنی 2ى تەممووزی 2026 و
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژانەوە، هەنگاوێکی مێژوویی، ستراتیجی و
سیاسیی گەورەیە، پێویستە وەک زەمینەسازییەک بۆ بوژانەوەی سیاسیی هەرێمی کوردستان
سەیربکرێت. ئەم هاوپەیمانێتییە نە دژی کەسە و نە هەوڵێکە بۆ تواندنەوەی هیچ
لایەنێک، بەڵکوو ئامانجەکەی بەهێزکردنی قەوارەی کوردستان، گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ
پەرلەمان، خزمەتکردنی باشتر بە هاووڵاتییان و پاراستنی مافە نیشتمانییەکانی گەلی
کوردستانە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی ئەم هەنگاوەوە، ڕۆڵی مێژوویی خۆی
وەک هێزێکی سیاسیی هاوسەنگیخواز، نیشتمانپەروەر و ڕەخنەگری بەرپرسیار پاراستووە،
بەمەش ڕێگەخۆشدەکات بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر بۆ ئایندەی کوردستان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
فەنزوێلا.. پیاوێک دوای هەشت رۆژ لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەدا رزگارکرا
03:03 PM - 2026-07-03 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری هەولێر چەند تێکۆشەرێک بەسەردەکاتەوە
01:34 PM - 2026-07-03 -
پۆلیسی سلێمانی باخەوانێکی تۆمەتبار بە دزینی پارە دەستگیر دەکات
12:36 PM - 2026-07-03 -
ژمارەى قوربانیانى تەقینەوەکەى دیمەشق گەیشتە 29 کەس
10:14 AM - 2026-07-03
زۆرترین خوێنراو
-
ئەمڕۆ کۆتا رۆژى فێستیڤاڵە گەورەکەى سلێمانییە
کوردستان 02:57 PM - 2026-07-03 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری هەولێر چەند تێکۆشەرێک بەسەردەکاتەوە
کوردستان 01:34 PM - 2026-07-03 -
پۆلیسی سلێمانی باخەوانێکی تۆمەتبار بە دزینی پارە دەستگیر دەکات
کوردستان 12:36 PM - 2026-07-03 -
تاکەر کارڵسن لە پارتی کۆماری جیابووەوە و پارتێکی نوێ دادەمەزرێنێت
جیهان 11:21 AM - 2026-07-03 -
ژمارەى قوربانیانى تەقینەوەکەى دیمەشق گەیشتە 29 کەس
جیهان 10:14 AM - 2026-07-03 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 8 ملیار دینارە
کوردستان 09:10 AM - 2026-07-03 -
شێخ جەعفەر: رێکەوتنی ئەمریکا و ئێران ئاشتی بچەسپێنێت
کوردستان 11:16 PM - 2026-07-02 -
قائیمقامی کەرکوک: هەرلایەنێک تۆمەت بۆ یەکێتی دروستبکات، دەدرێتە دادگا
کوردستان 08:32 PM - 2026-07-02




دابەزێنە

