riklam

ئیشی باش هەر زۆرباشە

بیروڕا 08:48 PM - 2026-06-27
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

کتێبی (بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی گەلی کورد لە دیدی گۆڤاری پێشەنگدا 1982-‏‏1991) ڤەکۆڵینێکی نایابی پ.د ئەحمەد حەمە ئەمینە، نایاب بە ناوەڕۆک، نایاب بە چاپ ‏و نایاب بە دەگمەنی باسەکەش. ‏

گۆڤاری پێشەنگ گۆڤارێکی دەوڵەمەند و پڕە لە باسوخواسەکانی سیاسی و فیکری لە ‏دۆسێی مەسەلەی کورد و دیموکراسی عیراق، مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

‏‏(پێشەنگ) گۆڤاری ئۆرگانیکی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستانە کە ساڵی 26ی تەموزی ‏‏1981 لە ئەنجامی لێکترازان لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان- قیادە موەقەتە ‏دامەزراوە.
 ‏
هەم (پێشەنگ) و هەم رۆژنامەکەشیان (گەل) لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حزبەکەوە ‏دەردەچوو. یەکەم ژمارەی گۆڤاری پێشەنگ لە ئەیلولی ساڵی ( 1982) دەرچوو. لە سێ ‏بەشدا پرۆفیسۆر د. ئەحمەد باسی ئەم گۆڤارە دەکات و هەقی پڕ بە پێستی خۆی ‏داوەتێ.‏

بەشی یەکەم: باسێکی چوار تەوەرەیی لەسەر دەستپێکی گۆڤارەکە و کارەکتەرە ‏سەرەکییەکانی. روانگەی پێشەنگ و روانگەی پارتی گەل لەسەر مەسەلەی کورد...‏

بەشی دووەم: هەمان باس بە زمانی عەرەبی کە بایەخێکی زۆری هەیە بۆ ناساندنی ‏وێستگەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی گەلی کورد و وێستگەیەک لە رەوتی رۆژنامەگەری ‏کوردی. هەرچەندە دەکرا ئەم بەشە عەرەبییە بە نامیلکەیەکی سەربەخۆ بوایە، چونکە ‏باشتر لە ناوەندی مێژوویی عیراقی و عەرەبی بڵاودەبۆوە. بەڵام هەر نەیسە چونکە ‏کتێبەکەی موتەکامیل کردووە.‏

بەشی سێیەم: ئیندێکسی ناو و شوێنەکان، بە گوێرەی ئەو باسە سیاسی، فیکری، ‏مێژوویی، فەرهەنگی و ئەدەبیانەی لەهەر (21) ژمارەکەی گۆڤارەکە، بڵاو بوونەتەوە.‏

لە روانگەی بەندە ئەم گۆڤارە لە چەند لایەنێکەوە شایانی لەسەر نووسین و ‏هەڵسەنگاندنە:‏

یەکەم: پێشتر کەمترین روناکی خراوەتە سەر ماجەرای دۆخی سیاسی کوردستانی باشوور ‏لە دەڤەری بادینان لە هەشتاکانی سەددەی رابردوو، دوای کارەساتی هەکاری و دابڕانی ‏نێوان دووزێ کە تەقریبەن پارتی دیموکراتی کوردستان جوڵەی سیاسی لەو دەڤەرە پاوان ‏کردبوو. بۆیە روانگەی زاڵ لەسەر جولەی سیاسی کورد لەو دەڤەرە تەنها و تەنها روانگەی ‏پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. دروستبوونی پارتی گەل وەک زادەی جیابوونەوە لە ‏قیادە موەقەتە دەرفەتی دروستبوونی روانگەیەکی تری دا کە راگەیاندنی پارتی گەل لەو ‏کاتەدا ئەم ئەرکەی رایی کرد. ئەوە کە سەرکردایەتی پارتی گەل خۆشی، لە سەردەمی ‏قیادە مەوقەتە، بەشێک بوو لە دیمەنی دابڕینی هەردوو دەڤەر و پاوانکردنی سیاسەت ‏لەوێ. هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێ کە حزبەکە بۆ خۆ جیاکردنەوە لە خیتابی سیاسی ‏پارتی دیموکرات و دروستکردنی قەتیعە لەگەڵ مێژووی پێشوو، بنمیچی روانگە چەپەکانی ‏خۆی تا ئەوپەڕی بردبوو.‏

دووەم: خیتابی میدیایی دەوڵەمەندی ئەم گۆڤارە لە یەک کاتدا توانیبووی بۆشایی میدیای ‏عەرەبی و میدیای کرمانجی لاتینی، کە بە شێوەیەکی گشتی لاواز و کەم رەنگ بوو، پڕ ‏بکاتەوە. تۆنی رەنگی فیکری نزیک بوو لە تۆنی چەپی باکوور و تۆنی رەنگی باسە ‏مێژووییەکانیشی، نزیک بوو لە تۆنی رۆژئاوای کوردستان.‏

سێیەم: خیتابی میدیایی ئەم گۆڤارە ئەگەرچی لە هەندێک شوێندا رەخنە لە سیاسەتی ‏یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەگرێت، بەڵام دیسانەوە هەرچۆنێک بێت روانگەیەکی ‏جیاواز پێشکەش دەکات کە بۆ دەستنیشانکردنی کۆی دیمەنی بزووتنەوەی کوردایەتی لەو ‏قۆناغەدا گرنگە.‏

چوارەم: بایەخدانی ئەکادیمی بە مێژووی ئەم گۆڤارە و رەوتی پارتی گەلی دیموکراتی ‏کوردستان لەناو جوڵانەوەی سیاسی کوردستاندا کارێکی گەلێک باشە بۆ ناسینەوەی ‏هەمەڕەنگی حزبایەتی و رەوتە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور، بە تایبەتی کە لەگەڵ ‏توانەوەی ئەم حزبە و گەڕانەوە و گێڕانەوەی سەرکردایەتییەکەی بۆ ناو پارتی، ئیتر هەموو ‏مێژوو و هەموو جوڵەی ئەم حزبەش قفڵ درا و کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئەرشیفی (بیری ‏قویل) و ژێرزەمینی و ئاراستەکراوی توندی پارتییەوە.‏

پێنجەم: ئەمە بۆ هەڵسەنگاندن و ناسینەوەی سروشتی حزبایەتی لە کوردستانیش گرنگە، ‏بە تایبەتی بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ کە وایان نیشاندراوە دیاردەی جیابوونەوە و لێکترازان هەر ‏چیرۆکی دەڤەری ئەملا و هێزەکانی ئەم دەڤەرەیە و گوایە پارتی لە رەوتی خۆیدا هەمیشە ‏و هەردەم ساغ و سەلیم و یەکگرتووە. لە کاتێکدا دابڕانی شەستەکان و دابڕانی پارتی ‏گەلیش لە هەشتاکان چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕێتەوە کە لە خودی پارتی قەوماوە.‏

لەم رەهەندانەوە باسی (بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە دیدی گۆڤاری ‏پێشەنگدا 1982-1991) تیشکی روناکی دەخاتەسەر مێژوویەکی فەرامۆشکراو کە پێویستە ‏بۆ چوارچێوەدارکردنێکی فراوانتری دیمەنی کوردستانی رەوتی سیاسی و رۆژنامەوانییمان.‏
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە پرۆفیسۆر د. ئەحمەد دەکەم بۆ هەوڵە ئەکادیمییە ‏بەردەوامەکانی لە پێناو ساغکردنەوەی مێژووی هاوچەرخی کورد و لە گەڵیشیدا مێژووی ‏رۆژمانەگەری سیاسی کورد، ئەوی پەیوەستە بە بزووتنەوەی کوردەوە. دیارە تێبینییەکانی ‏بەندەش پەیوەستی تێبینی سیاسی خوێنەرێکە و بەشێک نییە لە روانگەی ئەکادیمی ‏پرۆفیسۆر د. ئەحمەد حەمە ئەمین.‏

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket