riklam

یەكێتی و خەباتی دیپلۆماسی، ئەندامبوونی لەسۆشیالیست ئینتەرناسیوناڵ بەنموونە

بیروڕا 10:49 AM - 2026-06-02
 له‌تیف نێروه‌یی

له‌تیف نێروه‌یی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە كە لەسەر بنەمای هزر و بیرێكی نوێ‌ و لەسەر دەستی ژمارەیەك سەركردەی خاوەن مەعریفە و ئەهلی پەیڤ و قەڵەم دامەزرا، پانتایی خەباتەكەیان تەنیا لە بازنەی خەباتی چەكداری و لە سنوورێكی جوگرافی بەرتەسكدا چڕ نەكراوەتەوە، بەڵكو هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ئەو راستییەی بەرجەستە كرد كە چارەسەركردنی دۆزی رەوای كورد چەندە پێویستی بە خەباتی پشت بە خۆبەستن و بەرخودانی ناوخۆیی هەیە، بەهەمان ئەندازە زیاتر پێویستی بە خەباتی دیپلۆماسی و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە. بۆیە هەڤاڵ مام جەلال خەباتی دیپلۆماسی و پەیوەندی و بیری سیاسی كردە یەكێك لە بناغە سەرەكییەكانی ستراتیژییەتی حزبەكەی خۆی و وەكو رابەرێكی سیاسی و دیپلۆماتكارێكی كارامە، هەر زوو لەرێی خەباتی سیاسی و زمانی نەرم و دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ ژمارەیەك لە رەوتی سیاسی و كەسایەتییە سیاسییەكانی عیراقی كە لەو سەردەمەدا ئۆپۆزسیۆنی رژێمی عیراقی بوون دروستكرد و بەو جووڵەیە هەوڵیدا بەرەیەكی نیشتمانی عیراقی دروستبكەن و جیهانی عەرەبی لەوە دڵنیا بكاتەوە كە خەباتی یەكێتی بۆ دژایەتی هیچ نەتەوەیەك نییە و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی كورد و لەپێناوی كۆتاییهێنان بە رژێمی دیكتاتۆری و رزگاركردنی هەموو گەلانی عیراقە.

هەر لەو روانگەیەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتی عەرەبی و ئیقلیمی گەشە پێدا و توانی لەڕێی زمان، گفتوگۆ و دروستكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەنگی دۆزی رەوای كورد بگەیەنێتە جیهان و هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی چارەسەرێكی ئاشتییانە و دادپەروەرانەی دۆزەكە بخاتەگەڕ، ئەمەش لەو راستییەوە سەرچاوەی گرتبوو كە خەباتی راستەقینە بەوە سەردەكەوێت و دەگات بەئامانج كە بتوانێ پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەر بكات.

ئەوە روانگەیەكی نەگۆڕی یەكێتی، بەتایبەتی رێبازی هەڤاڵ مام جەلال بوو كە خەباتی دیپلۆماسی وەكو ئامرازێكی گرنگ و سەرەكی بەكارهێناوە بۆ ناساندنی پرسی كورد و بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بەئەندامبوونی یەكێتی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی (سۆشیالیست ئینتەرناسیوناڵ)دا، نموونەیەكی زیندووی خەباتی دیپلۆماسیی یەكێتییە بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی پرسی كورد.

ئەندامبوونی یەكێتی لەو رێكخراوەدا، وەكو رێكخراوێكی گەورەی جیهانی و هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی گەلی كوردستان، چونكە ئەم ئەندامبوونە چەندین رەهەندی گرنگی ستراتیژی،  دیپلۆماسی، سیاسی، ئایدیۆلۆژی لەخۆ دەگرێت.

ـ رێكخراوی سۆشـیالیسـت ئینتەرناسیوناڵ وەكو سەكۆیەكی بەهێزو گەورە بوو بۆ یەكێتی بەتایبەتی بۆ هەڤاڵ مام جەلال كە دەنگی دۆزی رەوای گەلی كوردستان، مەزلومییەت و نەهامەتییەكانی گەلی كورد وەكو ئەنفال و كیمیاباران و گۆڕە بەكۆمەڵەكان، بگەیەنێتە ئەندامانی رێكخراوەكە و پرسی رەوای كورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا رۆشن بكات.

یەكێتی لەلایەن حزبە سۆشیال دیموكرات و چەپەكانی جیهانەوە ناسێنراو پەسەند كرا كە حزبێكە بڕوای بە خەباتی مەدەنیانە و بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین و مافی ژنان هەیە.

ـ یەكێتی لەرێی ئەو رێكخراوە جیهانییەوە توانی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ حزب و حكومەتە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان دروست بكات بەگشتی. 

هەڤاڵ مام جەلال لەڕێی خەباتی دیپلۆماسییەوە توانی روانگە و تێگەیشتنی جیهان لەسەر حزبە كوردستانییەكان بگۆڕێت كە پێیان وابووە حزبە كوردستانییەكان بزووتنەوەی چەكداریی نەتەوەیین و تەنیا پشت بە خەباتی چەكداری دەبەستن.

ئەم خەباتە دیپلۆماسیەی مام جەلال سەرنجی حزب و رەوتە چەپ و سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانی بەشێوەیەك راكێشا كە لەساڵی (2008) وەك جێگری سەرۆكی سۆشیالیست ئینتەرناسیوناڵ هەڵبژێردرا، ئەمەش نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ هەموو گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان بايەخێكی باڵای دیپلۆماسی هەبوو، چونكە كوردێكی گەیاندە لووتكەی بڕیاردانی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و دۆزی رەوای گەلی كوردستانی خستە ناو كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسە باڵاكانی حزبە چەپ و سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانیش باشتر لە هەڵوێستە ئاشتیخوازانەی یەكێتی و گەلی كوردستان بەگشتی ئاشنا بوون. 

بە ئەندامبوونی یەكێتی لەو رێكخراوە و هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك جێگری سەرۆكی رێكخراوەكە، پردێكی بەهێزی دیپلۆماسی دروست بوو كە پرسی گەلی كورد لە چوارچێوەی بازنەی ناوخۆیی و ئیقلیمییەوە بگوێزێتەوە ناو هاوكێشە و ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی جیهان.

ئەمەش بەرهەم و دەستكەوتی ئەو خەباتە دیپلۆماسییە بوو كە هەر لە سەرەتاوە یەكێتی بڕوای پێ هەبوو. لەئێستاشدا یەكێتی درێژە بەهەمان سیاسەت و خەباتی دیپلۆماسی دەدات و زمانی نەرمی دانوستان بە تاكە بژاردە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان كە زامنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكەن.

هەر ئەمەش وایكردووە كە یەكێتی وەكو هێزێكی پەسەندكراوی رێزلێگیراو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

كە یادی (51) ساڵەی ئەم تەمەنە پڕ لە سەروەرییە دەكەینەوە، جیهان و ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و عیراق لەبەردەم گۆڕانكاری و هاوكێشەی نوێدان، بۆیە بەرپرسیاریەتییەكی نوێ دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی كە وەكو پێداویستییەكی ئەم قۆناغە، كاروانی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و مەدەنیانەی خۆی بەپێی سەردەم و هەل و مەرجێكی نوێ بەردەوامی پێبدات.

 PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket