riklam

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مێژووی شکاندنی مەحاڵەکان

بیروڕا 09:05 PM - 2026-05-31
ئاسۆس عەلی

ئاسۆس عەلی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و فیکری، لە چرکەساتێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی ستراتیژیدا لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا سەریهەڵدا. پاشەکشە سیاسی و سەربازییەکانی دوای ساڵی ١٩٧٥ و دەرەنجامەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، زەمینەیەکی گونجاو بوون بۆ لەدایکبوونی بزووتنەوەیەک، کە بتوانێت لێکەوتە دەروونی و سیاسییەکانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت. کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر لە دیمەشق و ڕاگەیاندنی لە یەکی حوزەیرانی ١٩٧٥، تەنها گۆڕانکاری لە نەخشەی حزبی ناوچەکەدا نەبوو، بەڵکو گۆڕینی زمان و ئامرازەکانی گوتاری سیاسیی کوردی بوو لە قۆناغی بێئومێدییەوە بۆ قۆناغی ڕێکخستنەوەی هێز و گونجاندن لەگەڵ واقیعی نوێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا.

تێگەیشتن لە دینامیکیەتی گەشەسەندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێویستی بە شیکردنەوەی ئەو پێکهاتە ناوخۆییە هەیە کە لەسەر بنەمای (بەرەی فراوان) داڕێژرابوو. مام جەلال و هاوڕێکانی مۆدێلی ناوەندگەرێتی توندی حزبی کلاسیکیان تێپەڕاند و فەزایەکی ڕێکخراوەییان پێکێنا، کە تێیدا ئاڕاستە چەپەکان، بە تایبەت کۆمەڵەی ڕەنجدەران وەک بزوێنەری تیۆری، لە پاڵ هێزە نەتەوەیی و دیموکراتەکاندا کۆبوونەوە. ئەم فرەیی و پانتاییە فیکرییە وایکرد کە بزووتنەوەکە خاوەنی گوتارێکی زیندوو و نوێخواز بێت. کاتێک لە ساڵی ١٩٧٦دا شۆڕشی نوێ دەستی پێکرد، شەڕی پارتیزانی تەنها وەک تاکتیکێکی سەربازی تەماشا نەدەکرا، بەڵکو ستراتیژێکی گشتگیر بوو بۆ مانەوە و سەلماندنی ئەوەی، کە ئیرادەی سیاسی دەتوانێت لە بەرامبەر ئامێرە گەورەکانی سەرکوتکردنی دەوڵەتدا خۆڕاگر بێت، تەنانەت لە دۆخی نابەرابەریی توندی هێز و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی وەک کیمیایی و شاڵاوەکانی ئەنفالیشدا.

لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و گواستنەوەی خەبات لە شاخەوە بۆ شار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵی بزوێنەرێکی مۆدێرنی لە داڕشتنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا گێڕا. لەو ناوچانەی کە لەژێر کاریگەریی گوتارەکەیدا بوون، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ گەشەسەندنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، فرەرەنگی و کرانەوەی کولتووری ڕەخساند، و هەوڵیدا چەمکەکانی دیموکراسی و دامەزراوەیی لە دەرەوەی چوارچێوە دەرەبەگایەتی و خێڵەکییە نەریتییەکان پێناسە بکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییە، پێگەی حزبەکەی وەک هێزێکی کاریگەری سۆسیال دیموکرات لە پرۆسەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کرد و یەكێتی كرد بە ناوەندی راستەقینەی كوردایەتیەكی مۆدێرن و تازەخواز.

وەرچەرخانی گەورەتر لە پێگەی ستراتیژیی یەکێتیدا، دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا دەرکەوت. گواستنەوەی چەقی ململانێ و خەباتی سیاسی بۆ بەغداد بە سەرکردایەتی رابەرمان مام جەلال و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، قۆناغێکی نوێی لە پێگەی کورد لە دەوڵەتی فیدراڵیدا نەخشاند. مۆدێلی سەرۆکایەتیی مام جەلال لە بەغداد لەسەر بنەمای هاوسەنگی، ڕێککەوتنی نیشتمانی و ڕۆڵی داوەریی هۆشیار داهێنرا، کە توانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییە جیاوازەکانی عێراق لەژێر یەک بنمیچی دەستووریدا کۆبکاتەوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو قوتابخانە سیاسییە بوو، کە باوەڕی بە دیپلۆماسیی هەمەلایەنە و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان هەبوو لە پێناو بەرژەوەندیی باڵادا.

مێژووی پارتە سیاسییە گەورەکان نیشانی دەدات، کە قۆناغەکانی گواستنەوەی سەرکردایەتی هەمیشە لەگەڵ ئاڵنگاری ناوخۆیی و قەیرانی ناسنامەدا هاوتەریب دەبن، لێکەوتەکانی کۆچی دوایی مام جەلالیش یەکێتی ڕووبەڕووی ئەم تاقیکردنەوە سەختە کردەوە. لە جیهانی هاوچەرخی سیاسەتدا، ڕابردوو بە تەواوی گەرەنتی ئایندە ناکات ئەگەر ئامادەیی بۆ گۆڕانکاریی هەمیشەیی بوونی نەبێت. لە ئێستادا، لەژێر سەرکردایەتی سەرۆك باڤڵ تاڵەبانیدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوێی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و داڕشتنەوەی گوتاری سیاسیدا دەگوزەرێت. یەكێتی بە جەختکردنەوە لەسەر فرەیی و ڕەتکردنەوەی تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک جەمسەرێکی سەرەکی و هاوسەنگ لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندە بڕیاربەدەرەکانی بەغدادا بەهێزتر بکاتەوە، کە ئەمەش بەردەوامیی ئەو لۆژیکە سیاسییەیە، کە مێژووی حزبەکەی لەسەر دامەزراوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket