riklam

بەرەو یادە مەزنەکە

بیروڕا 11:24 AM - 2026-05-29
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەرەو یوبیلی دووەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

تەحەددا گەورەکە ئەوەیە یەکێتی بەرەو یوبیلی دووەمی خەباتی کوردایەتی و دیموکراتیی و تەواوبوونی تابانی مافی چارەنووس ببرێت.

تەحەددایەکی روون و ڕەوانە : هیچ نییە، کەمی ماوە!

ساڵی پار بە پەنجا ساڵی یوبیلی یەکەممان بەڕێکرد. ئێستا لە یادی پەنجا و یەکداین ، هێندەی نەماوە!  چلونۆ ساڵی تر و دەگەینە سەد ساڵ، واتا دەگەینە یوبیلی دووەم.

کوردەواری خۆمان لەوەسفی رێی دوور و پێچاوپێچی (کۆمەڵە شاخێکی سەخت و گەردەن کەش) بۆ ئەوەی نزیکی بکاتەوە و نزیکی نیشان بدات دەڵێ : (هیچ نییە، پێچی مێزەرێکە).

هیچ نییە، کەمی ماوە و پێچی مێزەرێکە!

٤٩ ساڵ لە تەمەنی کەسیماندا زۆرە و تاقەت پڕوکێن، بەڵام لە تەمەنی نەتەوە و حوکمی مێژوودا زۆر کورت و تێپەڕە و هاکە بیستت تەمەنی یەکێتی گەیشتە سەد ساڵ.

مەگەر ئێمە تەمەنی کوردایەتی بە گرەوی تەمەنی خۆمان دەپێوین؟ گوایە تیای نەبم و تیایا نەژیم بە من چی؟

سەبری نووحە لە ژیانی مرۆڤە باوەڕمەندەکان و سەبری ئینقیلابییە، بە وەسفی مام جەلال، لە ژیانی شۆڕشگێڕەکان. بێگومان شۆڕشگێڕەکان بە ستایڵی مەدەنی ئەمرۆ .

کاروانێکی دوور و درێژە هەزاران شەهید بوونەتە شایەتی و هەزاران تێکۆشەر بە ئاواتی دیتنی دوارۆژەکەی، سەریان نایەوە.

گرنگە ئەوەیە لەم چلونۆ ساڵەی ئاواتی بۆ دەخوازین کە یەکێتی بیانگاتێ چ ئامانجێک بەدی دێن و چ دەسکەوتێک کەڵەکە دەبن؟

قەیدی چییە بێژن کابرا سەرچێغی دەنوێنێ و لە تەختی مۆبایل وشە ریز دەکات و سەختی پەنجا ساڵی چوو و پەنجا ساڵی کە دێ ، لەبەرچاو نییە و ناگرێ ؟!

ئێ قوربان مەگەر قەرار نییە گشتمان ئەندامی یەکێتییەکەی شۆڕشی نوێ بین کە خەبەریان بۆ رابەرەکەی ناردبوو: ئەگەر دارخورما لەسەری بڕوێ چوار پێشمەرگەی پێ نابرێتە شاخ.

بردی یان نا؟ بردی!

خۆی چلونۆ ساڵی تر هەر دێت و کەس ناو لەپی قەدەری نەخوێندۆتەوە کەچ رۆژێک گەردوون قفڵی دەکات؟

کەوایە با بێت و تەمەنی سەوز و سەوزەڵانی و ئاوەدانی بێت.

هەر دێت با وا بێت کە یەکێتی سەد بەرنامەی هەبێ و تا یوبیلی دووەم گشتیان جێبەجێ بکات.

بێگومان لە جیاتی نەوەکانی دێن بڕیارمان پێ نادرێت و قسەی داهاتوو قسەی ئەوانە، بەڵام ستراتیج نەگۆڕە و .. لە ئەلحەدەوە تا گۆڕە.

ستراتیجێکی دوور مەودایە و بەرێی زگزاکی خۆیدا دەڕوا تا دەگاتە دوا مەنزڵی ئەمان: چارەی خۆنووسین .

یارانی چایخانەی تولەیتوڵەش لە شام و یارانی شۆڕشی نوێ لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان خۆ لە جیاتی پەنجا ساڵی گوزەشت بڕیاریان نەدا، ئیلهام بە خشبوون و چرای دوا رۆژیان هەڵکرد و سەختی رێی دووریشیان بڕی تا گەیشتە ئەم رۆژەی خەونی خولی دووەم، یوبیلی دووەممان هەبێت.
گرنگ ئەوەیە و گرەو ئەوەیە: یەکێتییەکەمان وا بێت کە دەرەقەتی ئەرکەکانی داهاتوو بێت.

وای لێ بکەین تۆکمە و پتەو و ساغلەم بێت تا رێگەی دووری، کە ماوە، بە تەندروستی باشەوە ببڕین و لە لامان وەک پێچی مێزەرێک بێت.

لەو رێگە دوورەدا هیلاکیش بین دەکرێ پشوویەک بدەین کە پشووی جەنگاوەرە و ئاسایییە، فەقەت نە قەدبڕی لادانی کاتی بکەین و نە بچینە سەر جادەی خۆڵ: (رێی خەباتە چەندە سەخت و دوور بێت)با تەواوی بکەین.

هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو و براوەی ئەمڕۆ و داهاتووش بە …ئەی هەڤاڵی یەکێتیی!

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket