riklam

دۆخی ئێستاو ئەزمونێکی نوێی دانوستان

بیروڕا 08:32 PM - 2023-11-06
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

بڕیارە رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆک بافڵ تاڵەبانی وەفدی باڵای یەکێتی وپارتی، گەڕێکی دیکەی دانوستان لە شاروچکەی پیرمام ئەنجام بدەن.
ئەوەی وادەکات کە ئەم جارە بەدیدگایەکی کەمێک ئەرێنی ترەوە هەڵوەستە لەسەر ئەم خولەی دانوستانەکان بکەین، سێ خالی سەرەکی.

یەکەم، هەلومەرج: هەمیشە هەلومەرج کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەکاتە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان.
هەندێ جار هەلومەرجی قوناغی ئەنجامدانی دانوستانەکان لەمپەر و بەربەست لەبەردەم لایەنە دانوستانکارەکان دروست دەکات کە لایەنە دانوستانکارەکان نەگەنە رێکەوتنێکی هاوسەنگی ئارەزوومەندانە.
هەندێ جاریش هەلومەرج دەبنە هاندەرو زەمینە خۆشکەر بۆ ئەنجامدانی دانوستان و خولقێنەری ئیرادەوبەرژەوەندی هاوبەش وگەیشتن بەڕێکەوتنی کۆتای.

- لەو روانگەیەوە دەکرێ هەلومەرجی ئێستای هەرێم و ناوچە دابرێنراوەکان و بەغدا هەلومەرجێکی گونجاو بێت بۆ ئەنجامدانی دانوستان و بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن. بۆنمونە :

- هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و کێشەی موچەی فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم.
-هەل ومەرجی ئێستای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان، کە لە قوناغی بانگەشەی هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، واپێویست دەکات هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی وپارتی لەڕێی دانوستانەوە کارێک بکەن کە بانگەشەیەکی هێمنانە لەو ناوچانە بەڕێوەبچێت و رکابەرییەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بێت و وەکو کورد بتوانین لەکەرکوک زورترین دەنگ و زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەست بێنین وبە پلانی هاوبەش خۆمان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەبکەین وکۆتایی بە دۆخە ناسەقامگیرەکەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە  بێنین.

- هەلومەرجی دەرکەوتنی دەرهاویشتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەبەغدا و هەندێ ناوچەی دیکەی عیراق وادەخوازێت کە هەردوو هێزی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەڕێی دانوستانەوە بگەنە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەسەر بەرپرسیارەتیەکی هاوبەش و چونیەتی پاراستنی هەرێم لە پرۆشكی ئەو دەرهاویشتانە. لەروانگەی هەستکردن بە گرنگی سودوەرگرتن لە هەلومەرجی ئێستا دەست پێشخەری بۆ ئاشتی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کورد دەکات.

دووەم :بەهێزی دانوستانەکان: مەبەست لە بەهێزی دانوستانەکانی ئەم جارە  بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە تیمی دانوستانەکانی هەردوولا بەشێوەیەکی هاوسەنگ ولەسەر ئاستی باڵای حزبی و حکومی  بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن و دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان رێکەوتن لەسەر ئاستی حكومی و حزبی و سیاسی. پێدەچێ لەم گەڕەی دانوستاندن دا  کەمترین رەخنەو گلەی لەیەکتر بکرێت. چونکە  لە کۆبوونەوەکانی پێشۆدا هەردوولا لەسەرئاستی حکومی و حزبی زۆرترین رەخنەیان لەیەکتر گرتووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە کۆبوونەوەیێکی جددی لەسەر چونییەتی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بکرێت.

سێیەم :ئەزموونی دانوستان: پسپوڕانی زانستی دانوستان لەو بڕوایەدان کەبەهۆی ئەنجامدانی دانوستانی درێژخایەنەوە، لایەنە بەشداربووەکانی دانووستان ئەزموون وەردەگرن و سود لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خولەکانی پێشو وەردەگرن. کەسانی دانوستانکار لە دانوستانی درێژخایەن ئەزموون وەردەگرن کە باشتر لەگرنگی پشۆدرێژی، سینگفراوانی، لێبوردەیی، بوێری، نەرمی نواندن، رەچاوکردنی بەرژەوەندی لایەنی بەرامبەر تێدەگەن. چونکە ئەم خەسڵەتانە دەبنە بناغەی یەکتر قبوڵکردن و دۆزینەوەی خالە هاوبەشەکان و بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان. دواجار ئەو ئەزموونە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ سەرکەوتنی دانوستان و گەیشتن بە رێکەوتن.

بۆیە ئەگەر هەمان ئەزموون بۆ دانوستانی هەردوولا بکرێت بە پێوەر، ئەوا دەکرێ بە دیدێکی ئەرێنییە وە سەیری ئەم خولەی دانوستانەکان بکرێت، چونکە  دانووستانی درێژخایەنی نێوان یەکێتی وپارتی و بەردەوامبوونی دۆخی نائاسایی نێوان هەردوولا، کۆمەڵێک پرسیاری جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا هێناوەو وەڵامی ئەو پرسیارانە نەبۆ هەرێم و نەبو خۆدی ئەو دوولایەنە دڵخۆشکەرنین و بەئەزموون وەرگرتن لە دانووستانەکانی پێشۆ دەکرێ وەڵامی ئەم جارەی پرسیارەکان بۆخەڵکی هەرێم دڵخۆش بێت.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket