هەمووان بۆ یەكێتی، یەكێتی بۆ هەمووان ..
بیروڕا 10:38 PM - 2021-08-10
ئێمە بە هاوكاری كردنی خەڵكانی تر پلەوپێگەی خۆمان بەرزدەبێتەوە ..((ڕابرت ئینگرسۆل))
حیزب ئامرازێكە بۆ خزمەت نەوەك ئامانج بێت ، لەڕێگەی حیزب دەبێت خزمەت بە خەڵك بكرێت لە ڕێگەی سیاسەتێكی دروست كۆمەڵگاو وڵات بەرەو پێش دەڕات ، تاكێكی تەندروست كۆمەڵگایەكی تەندروست و كۆمەڵگایەكی تەندروست شار و وڵاتێكی تەندروستمان دەبێت ، یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنی تا ئەم ساتە لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بووە بەڵام بۆماوەیەك لە ڕێچكەوڕێڕەوەكەی خۆی لایداوە هەربۆیە زۆرترین گلەیی لە یەكێتی كراوە خەڵكانێكی دڵسۆز لە یەكێتی دووركەوتنەوە كەسانێكی ناشایستەمان هێنایە پێشەوە كە هەموو خەمی چۆن خۆی و دەوروبەرەكەی دەوڵەمەند بكات بێ ئەوەی بچووكترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات بەداخەوە هیچ لێپرسینەوەیەكیش نەدەكرا بەهەر هۆیەك بووبێت بەڵام ئێستا چیتر یەكێتی خاوەن بڕیار و دروشمی یەكێتیەكی بەهێز و یەكێتیەكی نوێیە ناكرێت ئێمە بە تەنها دروشم دڵی خۆمان هەوادار و لایەنگرانمان خۆش بكەین .
لە ماوەی ڕابردوو و بە دیاریكراوی لە دوای هەشتی تەمووز بڕیاری زۆر باش دراوە بۆ چاكسازی و پاكسازی كردن بۆ دورخستنەوەی كەسانی ناشایستە و لێپرسینەوە و بنبڕكردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی ووڵات ، كەم نەبوون كەسانێك بەناوی یەكێتی خۆیان دەوڵەمەند و خەڵكیان هەژار كرد ئەگەر دەمانەوێت یەكێتی بكەینەوە یەكێتیەكەی جاران و بیخەینەوە سەر ڕێچكەو ڕێرەوە ڕاستەكەی خۆی پێویستە كەسانی دڵسۆز و كارامە و ئازا و ئازاد لە شوێنی شایستە و باش دابنرێت ، كەسانی تەكنۆكرات و ئەكادیمی ، بوژانەوەی سەرجەم سێكتەرەكانی حیزبی و حكومی ، لیپرسینەوە بكرێت لە هەر كاربەدەستێك لە سەر پشكی یەكێتی جا لە ئۆرگانێكی بچووكی حیزبی تا كاربەدەستێكی گەورەی حكومی ، یاساكانی سزا و پاداشت بخەینەوە گەڕ ، بتوانین هەمووان پێكەوە یەكێتیەكی بەهێز بنیات بنێن ئەگەرچی لە ڕێڕەوەكەشی لایدابێت بەڵام هەرگیز بۆ دەستپێكیی نوێ و دەستپێكی باش درەنگ نەبووە و نابێت ، بتوانین كادیری باش و بەتوانا پێبگەیەنین كە پێش خەمی خۆی خەمی هەمووان بێت خەمی یەكێتی بێت نەوەك بەرژەوەندیەكانی خۆی پێش بەرژەوەندی گشتی بخوات و دواتر وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچێت و ئەوەی زیانی پێ بگات یەكێتیەكی مام بێت .
چاككردنی سیستەمی گشتی و بوژانەوەی كۆمەڵگا و خزمەتكردنی ئەو فەلسەفە و بنەمابووە كە یەكێتی لەسەری دامەزراوە هەربۆیە سەردەمانێكی خەڵك یەكێتی بە هی خۆی دەزانی كەم و كوڕی لە یەكێتی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەرتی گشتی دەكرد كەمو كوڕی و كەسانێك كە تەنها بۆ خۆیان هەوڵیان دەدا زیانەكەی بەریەكێتی دەكەوت ، وەك مامی گەورەمان دەیفەرموو: ئێمەو خەڵك وەك گۆماوەكە و ماسیەكە واین كە گۆماوەكە ووشك بكات ماسیەكانیش دەمرن .
خزمەتكردنی سەرجەم چین و توێژەكان و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگاو ووڵات لەم بارودۆخە و ئاڵەنگاریە گەورەكان و تەحەدیەكان دەبێت هەرچی زووە دەست و بردی لێبكرێت قۆڵی لێهەڵماڵین و خۆمان بۆ ئەو شەپۆلی باوبۆران و گەردەلولە بەهێزە ئامادە ساز بكەین تابتوانین بەردەوامی بە كاری سیاسی و حیزبی و حكومیمان بدەین ، بەپێچەوانەوە لەمێژوو ڕووداوەكان و حیزب و سەركردەكان ئەوانەی سەرخۆشی دەسەڵات بوون و گوێیان لە كەس نەگرتووە و باكیان بە هیچ شتێك نەبووە لە مێژوو ناویان سڕاوەتەوە .
خزمەت كردن و بوژانەوەی ئابوری و خزمەتی گشتی و باشتركردنی بارودۆخی ژیانی خەڵك و ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوە یەكێتی وادەكات لە هەموو بارودۆخێكی خۆش و ناخۆش هەستیار و ئاڵۆز ئێمە ئەرخەیان بین لەوەی كە بەرپەلاماری هیچ كەسێك وتووڕەیی خەڵك و كۆمەلگا ناكەوین ، ئێمە ئەگەر هاتوو حیزبمان لە پێناو بەرژەوەندی تاقمێكی دیاریكراو كۆمەڵێك كەس دانا و خەڵكمان لەبیر كرد بێگوومان دەربازمان نابێت لە غەزەبی و تووڕەیی خەڵك ، هیچ هێزێكی ئەم دنیا بەرگەی شەپۆلی ناڕازیبوونی خەڵك ناگرێت كەم نین پاشا و سەرۆك گەلێك خۆیان تێر و خەڵك برسی بەڵام لە كۆتایی چیان بەسەر هاتووە ..
بمانەوێت یەكێتی بكەینەوە بەیەكێتیەكەی جاران دەبێت واز لەپێنەوپەڕۆكردن بهێنین یەكێتی بناغەیەكی بەهێزی هەیە كەسەرۆك مام جەلال بناغەكەی داناوە بۆیە دروستكردنەوەی یەكێتیەكی بەهێز لە سەر هەمان بناغە و بنەما شتێكی هێندە قورس نیە پێویستمان بەوەیە بڕیار بدەین جوانكاری لە ناو خۆمان بكەین ناكرێت ڕووكەشمان جوان بێت و ناوماڵمان ناڕێك بێت ناكرێت ڕووكەشێكی جوانمان هەبێت بەڵام لە ناوخۆمان تەبا نەبین ناكرێت ڕێگا بەخەڵكانێك بدەین لەبەرئەوەی بەرژەوەندیان لە مەترسیدایە ببنە ڕێگر لەبەردەم چاكسازی و پاكسازی و ڕێكخستن و سەرلەنوێ ڕۆحێكی نوێ كردنەوە بە بەر یەكێتی تا یەكێتیەكی بەهێزمان هەبێت ، وەك ووتراوە (( دار كرمی لەخۆی نەبێت هەزار ساڵ دەژی ))..
یەكێتی مێژوویەكی دوورودرێژی لە خەبات و تێكۆشان و خزمەت هەیە ڕووبارێك خوێنی بۆ ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و دیموكراسی داوە ، باچیتر یەكێتی لەبەرەیەك و خەڵك لەبەرەیەكی تر نەبێت با هەمووان بە یەك دەنگ و ڕەنگ هاوار بكەین یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین با یەكێتی بەهێز بكەینەوە لە بری بڕینی لق و پۆپەكان و ووشك كردنی ڕیشكی درەختەكە با ئاوی بدەین با باخەوانێكی باش و كارامە بین وەك چۆن ساڵانە باخەوان بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتر بێت هەندێك گۆڕانكاری لە درەختەكان دەكات و هەنێك لق و پۆپی درەختەكە دەبڕێت گەرچی ساڵی پێشتریش ئەو لق و پۆپانە بەروبوومی باشی دابێت بەڵام لە پێناو گەشەی زیاتر و بەهێزكردنی درەختەكە و بەرهەمی زیاتر دەبێت هەنێك لق و پۆپی درەختەكە ببڕدرێت...
هەمووان پێكەوە یەكێتی دەكەینەوە یەكێتیەكەی مام
هەمووان پێكەوە دەست لە ناو دەست بۆ كوردستانێكی ئازاد و ئارام ....
نووسینی.. هەژار نامیق
PUKmedia تایبەت
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03


.jpg)

دابەزێنە

