riklam

ململانێی گولەن‌و ئەردۆغان، توركیا بۆ كوێ‌ دەبات؟!

kurdistani 11:08 AM - 2014-12-22
ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

ململانێكانی نێوان فەتحوڵڵا گولەن و ئەردۆغان پێ‌ دەنێتە قۆناغێكی هەستیار‌و مەترسیدارەوە، ئەمەش بەوەی دادگا فرمانی دەستگیركردنی بۆ گولەن دەركرد بەبیانوی ئەوەی گولەن سەركردەی رێكخراوێكی تیرۆریستیە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو هەموو ئەوانەشی لە رێكخراوی (خزمەت)ەوە نزیكن، دەستگیركرد. ئەو رێكخراوەی گولەن سەرپەرشتی دەكات، لەناوخۆی توركیاو لەدەرەوەش لقی هەیە‌و چەندین قوتابخانە‌و زانكۆیان هەیە. لەوانەی دەستگیركران (ڕاگەیاندنكار، پیاوانی پۆلیس، سیناریستەكان‌و نووسەرانی دراما توركییەكان). ئەكرەم دومانلی سەرنوسەری رۆژنامەی زەمانی توركی كە یەكێك بوو لەو كەسایەتیە دیارانەی بۆماوەی 80 كاتژمێر دەستگیركرا، دەڵێت: ئەردۆغان لەبەرامبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا توركیای شكاند. دەبێت ئەوە بزانین ململانێكان لەدوای 2011 پەرەی سەندووە، بەشێوەیەك وەك چاودێرانی سیاسی لەتوركیا دەڵێن ئەردۆغان دەیەوێت بناغەی حوكمی تاكڕەوی لەتوركیا دابمەزرێنێت، بەتایبەتی توركیای ئەردۆغان و ئاكەپە دژی ئەو پرەنسیپە سیاسیانەی خۆی مامەڵە دەكات كە لە 2002 بەڵێنی دابوو توركیا لەسەر بنەمای دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ‌و ئازادییەكان‌و چارەسەركردنی كێشەی كورد‌و نزیكبوونەوە لەیەكێتی ئەوروپا مامەڵە بكات. گولەنیش هەمیشە نەك پشتیوانی ئەردۆغان بووە، بەڵكو پشتیوانی ئۆزال‌و ئاجەویدی كردووە، گۆلەن‌و گرووپەكەی لەئەوروپا‌و ئەمریكا بەئیسلامی میانڕەو وەسف دەكرێن، ئەمەش دیارە بەهۆی ئەو هەڵوێستانەوەیە كە دژی ئیسلامی سیاسی جیهادی بووە سەبارەت بەفەلەستین‌و رێكخراوی قاعیدە‌و تەنانەت هەڵوێستی توندیشی دژ بەداعش، كە هەموو ئەمانەش بەلایەن رۆژئاواوە لەگەڵ سیاسەتی میانڕەویدا دەگونجێت، بەڵام ئەردۆغان كە دەیەوێت لەتوركیاوە نەخشەی كۆنی جیهان بنیات بنێتەوە، دەیەوێت سەڵتەنەی عوسمانلی دابمەزرێنێتەوە، بۆیە دەبینین كێشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام قوڵ دەبێتەوە، لەسەر پرسی داعش، چەندین بەڵگە‌و دیكۆمێنت هەیە بەتێوەگلانی دەسەڵاتی توركیا لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا. بەدەر لەوەش دووركەوتنەوەی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا، نەچوونە ژێر ركێفی هاوپەیمانێتی ئەمریكا. ئەگەرچی كۆمەڵەكەی گولەن باس لەوە دەكات ئەوان تەنها بەكاری خزمەتگوزاری‌و خێرخوازییەوە خەریكن‌و پەیوەندییان بەسیاسەتەوە نییە، بەڵام بێگومان بۆ ئەردۆغان ئەستەم نییە چەندین تۆمەت بۆ گولەن دروست بكات، ئەمەش بەوەی وانیشان بدات گولەن دەیەوێت دەوڵەتێكی هاوتەریبی دەوڵەتی ئەردۆغان لەتوركیا دروست بكات، دەیەوێت بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و توركیا بڵێت گولەن وەك منە‌و دەیەوێت هەموو توركیا بەڕێوە ببات. دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئیتر كە ئەردۆغان‌و پشت بەستن بەتیۆرەكانی داودئۆغڵو خۆی وەك تاكە ڕابەری توركیای نوێ‌ پیشان دەدات. ئەگەرچی هەردووكیان سەر بەقوتابخانەیەكی سیاسین‌و هاوپەیمانی یەكتری بوون، بەتایبەتی گولەن پشتیوانی بێلایەن كردنی سوپای كرد لەكاروباری سیاسی. ئەمەش بەدەستكەوتێكی گەورەی ئاكەپە دادەنرێت. ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت ئەوەیە، ئەردۆغان‌و گولەن چۆن هاوپەیمان بوون بۆسەرخستنی پرۆسەی سەرخستنی حوكمڕانی ئیسلامی سیاسی لەتوركیا، بەتابەتی دوای ئەوەی ئێستا رەوتێكی تر لەسەرگۆڕەپانی سیاسی توركیادا نییە. بۆیە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن رەوتی ئیسلامی سیاسی لەتوركیا بەرەو لاوازبوون دەچێت، تەنانەت ئەم ململانێیانە ئەگەر لایەنێك تیایدا سەركەوتوو بێت، بیگومان سەركەوتنەكە هیچ ماهیەتێكی گرنگی نابێت. هەرچەندە ئەردۆغان ئێستا لەهەرەمی حكومەتدایە‌و دەتوانێت لەڕێگای دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە زۆر شت بكات، بەڵام گولەن نایەوێت بێتە ناو پرۆسەی سیاسی‌و بەرپرسیارێتی سیاسی لەئەستۆ بگرێت، ئەمەش رەنگە خاڵێكی لاواز بێت لەسیاسەتی گولەن-دا، واتە ئەو دەیەوێت لەدەرەوەی سیاسەت، سیاسەت لەگەڵ كۆمەڵگا‌و حكومەت بكات. ئەمەش لەڕێگای دەزگا‌و رێكخراوە مەدەنی‌و بازرگانییەكان، واتە تەواوی جومگەكان كۆنترۆڵ بكات، بەهەر حكومەتێكیش بڵێت ئەوە منم دەتوانم وڵات بەڕێوە ببەم نەك حكومەت. ئێستا ئەردۆغان وەك ئاماژەم پێكرد، لەگەڵ روسیا‌و قەتەر‌و چەند لایەنێكی تر نزیك دەبێتەوە‌و گەمە دەكات، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ گولەنی هاوپەیمانی رێكبكەوێت، ئەمەش خاڵی لاوازی ئەردۆغانە. لەئایندەدا ململانێكان گەرمتر دەبێت، ئیسلامی سیاسی لەتوركیاش ئێستا لەهەڵكشان وەستاوە‌و لەمە زیاتر ناڕوات.

 

پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket