riklam

جێگری سەرۆكی هەرێم سەنگەرەكانی رۆژئاوای كەركوك بەسەردەكاتەوە

کوردستان 08:39 PM - 2021-05-02
.

.

ئەمڕۆ یەك شەممە 2-5-2021، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە نوێنەرایەتی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەردانی سەنگەرەكانی میحوەری ڕۆژئاوای كەركوك و گوندی قایەباشی سەر بە سنووری شارۆچكەی پردێ كرد.

بەداخەوە دوێنێ تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێكی ترسنۆكانەدا هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پێشمەرگە لە گوندی قایەباشی سەر بە شارۆچكەی پردێ، دوای بەرگرییەكی ئازایانەی هێزەكانی پێشمەرگەی ئەو ناوچەیە و تێكشكانی هێرشە تیرۆریستییەكەی داعش سێ پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی خاكی كوردستان و شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەكی تر.

جێگری سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە كە سەرۆكایەتی هەرێم چەندین جار بە حكوومەتی عیراقی فیدراڵ و هێزەكانی هاوپەیمانانی دژ بە داعشی لە عیراق دا راگەیاندووە: كە  تیرۆریستانی داعش جێگای مەترسیین لە عیراق و هەرێمی كوردستان و هەمیشە لە هەوڵی خۆڕێكخستنەوە و تێكدانی ئارامی ناوچەكەدان، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان كە بۆشاییەكی ئەمنی زۆری تێدا دروست بووە و هەماهەنگییەكی تەواو سەربازیش نیە لەنێوان سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستن و  دابینكردنی سەقامگیری زیاتر بۆ دانیشتوانی ناوچەكە، هەروەها جەختی كردەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كاری خێراتر دەكات بۆ درووست بوونی هێزێكی هاوبەش لە نێوان سووپای عیراق و هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و پاراستنی ئەو ناوچانە لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و نەمانی جمووجۆڵەكانی داعش، چونكە بەردەوامبوونیان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عیراق و هەرێمی كوردستان و جیهان بە گشتی.

دوای گەڕانەوەی لە میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگە، جێگری سەرۆكی هەرێم سەردانی ماڵە شەهیدەكان و بریندارەكانی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەكان و دڵنیای كردنەوە كە خوێنیان بە فیڕۆ ناڕوات،  نەمانی تیرۆریستانی داعش بەدەست و هێزی ئازایانەی پێشمەرگە دێتە دی و هیوای زوو چاك بوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket