riklam

بەغدا.. مۆزەخانەیەك بۆ دۆكۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش دروست دەكرێت

جینۆساید‌‌ 09:15 PM - 2020-12-25
.

.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ هەینی 25ی كانوونی یەكەم، رایگەیاند بەنیازن پەیكەرێكی یادەوەری و مۆزەخانەیەك لەشاری بەغدا دروستبكەن و تێیدا تاوانەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەكان بە دۆكۆمێنت بكرێن.

لەو بارەیەوە، موحەمەد تاهیر تەمیمی، بەڕێوەبەرەی گشتی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومەییەكان لەئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی راگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 25ی كانوونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە و PUKmedia   بەدواداچوونی بۆ كردووە، جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی لەبیرنەكردنی ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر پێكهاتەی ئێزیدییەكان لە شەگال لەساڵی 2014 ئەنجامدرا و قێزەونترین تاوان بوو كە دەرهەق بەهەموو مرۆڤایەتی كرا.

راگەیەنراوەكە ئاماژەشیداوە، ووتەكانی بەڕێوەبەری گشتی لەكاتێكدایە لەمیانی بەشداریكردنی بووە لە كۆبوونەوەی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 37ی ساڵی 2020 كە لەبینای ئەمیندارێتییەكە لەبەغدا بەسەرۆكایەتی ئەندازیار عەلا مەعەن، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، و ئامادەبوونی چالاكوانێكی ئێزیدیی بواری مافەكانی مرۆڤ، بەمەبەستی دروستكردنی مۆزەخانەیەك و پەیكەرێكی یادەوەری لەشاری بەغدا، بەدۆكۆمێنتكردنی تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش تێیدا كە دەرهەق بەهاووڵاتیانی ئێزیدی ئەنجامیدابوون و ناساندنی مێژوو و كەلتوورییان. 

موحەمەد تەمیمی راشیگەیاند: لیژنەكەیان  كار لەسەر جێبەجێكردنی پێشنیارو راسپاردەكانی دێرسیم خەیری نعمۆ  دەكات كە پێشكەشیكردوون سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لە دیزاینی پەیكەرەكە، كە هاووڵاتییەكی ئێزیدییەو تەلارسازە و لە لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، بیرۆكەی پرۆژەكەشی لە كەلتوور و سیمبووڵی ئێزیدییەكان وەرگرتووە، دەشیەوێت هەندێك لە چیرۆكە ئازاربەخشەكان و لەناوبردنی  بەكۆمەڵی ئێزیدییەكان لەناو پەیكەرە یادەوەرییەكەدا بەدۆكۆمێنت بكات كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش بەسەریاندا هات، ئەویش دوای داگیركردنی قەزای شەنگال، هەروەها مەبەستێتی لە پەیكەرە یادەوەرییەكەدا، كەلتوور و مێژووی رەسەنی ئێزیدییەكان بەرجەستە بكات.

هەروەها بەشداربووی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆیان كرد لەسەر میكانیزمی تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژەكە، ئەویش لەڕێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسانی دەوڵەمەند و خۆبەخشەوە، لای خۆیەوە ئەمینداری بەغدا  پێشنیاری ئەوەیكرد لەداهاتوودا بینای مۆزەخانەكە بكرێتە سەنتەرێكی لێكۆڵینەوە و گرنگی بدات بە بیركردنەوەی جۆراجۆر و بڵاوكردنەوەی گیانی لێبووردەیی و بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی و بیری توندڕەوی، جەختیشی كردەوە كە ئەمیندارێتی بەغدا كاردەكات بۆئەوەی جێگەیەكی شایستە بۆ پەیكەرەكە و مۆزەخانەكە بدۆزرێتەوە و هاوكات لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕ ئامادە بكرێت لەسەر ووردەكاری پرۆژەكەو ناوچەكانی دەوروبەری و تۆڕەكانی رێگاوبان.

 

PUKmedia راگەیاندنی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket