riklam

سه‌رۆكی هه‌رێم: پێویسته‌ عیراق قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌

جینۆساید‌‌ 10:18 AM - 2020-08-25
.

.

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵیادی ئه‌نفالی بادینان دا ده‌ڵێت، ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵی عیراق ئه‌ركی یاسایی خۆی و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق جێبه‌جێ بكات كه‌ شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی به‌ تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی و جینۆساید و جه‌نگ ناساندووه‌ و قوربانییان و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

ده‌قی بروسكه‌كه‌...

ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادی قوربانییانی ئه‌نفالی بادینان ده‌كه‌ینه‌وه‌، دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و سڵاو بۆ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین. له‌ به‌رده‌وامیی ئه‌و شاڵاوه‌ به‌دناوه و له‌ تاوانێكی دیكه‌ی دڕه‌نده‌دا، ساڵی 1988 ڕژێمی به‌عس (180) هه‌زار هاووڵاتیی كوردستانی هه‌ر له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بادینان بێ جیاوازی بێسه‌روشوێن و شه‌هید كرد و هه‌موو شوێنه‌وارێكی ژیانی له‌ هه‌زاران دێهاتی كوردستان سڕییه‌وه‌.

له‌ 25ی ئابه‌وه‌ تا 6ی ئه‌یلوولی 1988 له‌ دوا قۆناغه‌كانی ئه‌نفالدا زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌كانی بادینان كیمیاباران كران و هه‌موو پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن پێنج فیرقه‌ی سه‌ربازییه‌وه ڕووبه‌ڕووی گرتن و كوشتن و ڕاگواستن بوونه‌وه‌، مزگه‌وت و دێر و گونده‌كانی بادینان به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتن و وێران كران، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ ڕزگاریان بوو، به‌ره‌و ئێران و توركیا و وڵاتان دی، ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.

له‌م یاده‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق ئه‌ركی یاساییی خۆی و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق جێبه‌جێ بكات كه‌ شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی به‌ تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی و جینۆساید و جه‌نگ ناساندووه‌ و قوربانییان و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش خزمه‌تی زیاتری قوربانییانی ئه‌نفال و به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسی ونبووان بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بین له‌ به‌دۆكیوومێنتكردنی تاوانه‌كان و هه‌وڵدان بۆ ناساندیان به‌ جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یان له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان.

ده‌بێ یادی ئه‌نفال هانده‌ری زیاترمان بێت بۆ پته‌وكردنی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان و ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی مێژوو پێویسته‌ ببنه‌ ھه‌وێنی لێبوورده‌یی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان كه‌ ئه‌وه‌ش باشترین وه‌فادارییه‌ بۆ خوێنی شه‌هیدان. هه‌ر له‌م یاده‌دا سوپاس و پێزانینمان بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریی خه‌ڵكی لێقه‌وماوی بادینانیان كرد كه‌ له‌و شاڵاوه‌دا ڕاگوێزرانه‌ كه‌مپی زۆره‌ملێی جێژنیكان، جوامێری و مرۆڤپه‌روه‌رییان هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت.

سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌نفال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket