riklam

لێبوردنی نێودەوڵەتی: منداڵانی ئێزدی دوچاری مۆتەكەی داعش بوون

جینۆساید‌‌ 10:20 PM - 2020-08-03
.

.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێ كە رێكخراوی لێبوردنی جیهانی لە30ی تەموزدا بڵاویكردۆتەوە نزیكەی 2000 هەزار منداڵی ئێزدی كە گەڕاونەتەوە ناو كەسوكاریان لەدوای ئەوەی لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو روبەڕووی كێشەی دەرونی و جەستەیی بونەتەوە،

لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە: ئازارو مەینەتیەكانی منداڵانی ئێزدی كە بونەتە قوربانی دەستی داعش وادەخوازێ سنورێك بۆ تۆقاندنی ژنان و  منداڵەكانیان دابنرێت كە بەهۆی توندوتیژی سێكسیەوە لەدایكبوون و چەتەكانی داعش بەردەوام وەك كۆیلەی سێكسی مامەڵەیان لەگەڵ كردون.   

راپۆرتەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە: لەنێوان ساڵانی 2014 و2017 دا داعش تاوانی جەنگ و تاوانی لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوەو نەتەوە یەكگرتوەكانیش  دانی بەوەدا ناوە كۆمەڵكوژی لەدژی پێكهاتەی ئێزدی لەعیراق ئەنجامدراوەو مۆتەكەی ئەو كارەساتە بەسەر روخساری منداڵانی ئێزدیەوە دیارە. راپۆرتەكە كە لە 56 لاپەڕە پێكهاتووە باس لەوە دەكات: تائێستا هەزارو 992  منداڵ گەڕاونەتەوە باوەشی خێزانەكانیان، دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش فڕاندبونی و ئازاریدابوون و ناچاریانكردبوون بە بەشداریكردن لەشەڕدا، جگە لەلاقەو ئەتككردن و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەریان و چەندین پێشێلكاری تر كە مەترسین بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ.

لەم بارەیەوە مات ویلزی بەڕێوەبەری بەرنامەی هەماهەنگی لەگەڵ قەیرانەكان و كێشە بابەتییەكان لەڕێكخراوی لێبوردنی جیهانی دەڵێت: مۆتەكەی رابردوو لەو منداڵانە نابێتەوەو بە قورسی لەسەر روخساری منداڵان دەبینرێ و ئەو رۆژگارەو لەو تەمەنەدا كارەساتێكی گەورەبووە كە روبەڕووی بونەتەوە بۆیە پێویستیان بەچارەسەرێكی خێراو هاوكاری دەسەڵاتدارێتی عیراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە تا دواڕۆژیان بۆ بنیات بنێنەوە.

دەشڵێت: ئەو منداڵانەی لە بازنەی تاوان و ترساندن و تۆقاندنە رزگاریان بووەو بەدەست كاریگەریەكانیەوە دەناڵێنن دەبێ  لەپێشەوەی كارەكانی داهاتووبن تا ئەو مەرگەساتانەیان لەبیربچێتەوەو تێكەڵاوی كۆمەڵگەو خێزانەكانیان ببنەوە، بەشێك لەو منداڵانە كەبونەتە قوربانی تاوانەكانی داعش برینداربوون یان بەجەستەیی یان دەروونی و مۆتەكەی درێژخایەن كەزۆربەیان دەرونیەو هەندێكجاریش هەڵسوكەوتی توندوتیژیان پێوەدیارەو نائارام و دەم دەمن لە قسەو هەڵسوكەوت و هەڵچون و رۆحیەتی دوژمنكارانەدا جێگیرنین.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكاندا هۆشداری دەدات و باس لە قوربانیەكانی ناو منداڵان دەكات ئەوانەی داعش بۆ شەڕ بەكاری هێناون لەگەڵ ئەو ژنانەی كە دەستدرێژی سێكسیان كراوەتەسەر.

لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە: هەزاران ئێزدی كەوتنە بەر شاڵاوی رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوەو دوچاری برسێتی و ئەشكەنجەدان كران وبەو هۆیەشەوە ئەو منداڵانەی كەچەكداركرابوون لەڕیزەكانیاندا كێشەی تەندروستی یان كەم ئەندامیان بۆ دروست بووە ئەمە جگە لە كێشەی گەڕانەوەیان بەتایبەتی لای كچانی ئێزدی كە بۆ خێزانەكانیان قورسەو هەندێكجار دەكەونە بەر رێكارەكانی دابونەریتی ئاینیەوەو روبەڕووی پروپاگەندەی زۆر دەبنەوە، لەكاتێكدا ئەوان دوچاری زوڵم و مەشق  و راهێنان و دەستدرێژی سێكسی بونەتەوەو هەوڵدراوە ناوو شوناس و زمانی خۆشیان لەبیر بەرنەوە.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، لەكۆی 14 منداڵی ئێزدی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە نیوەی ئەو منداڵانە لەكاتی گەڕانەوەیاندا هیچ هاوكاری و یارمەتیەكیان نەدراوە بۆ نمونە پشتگیری و هاوكاری چارەسەری دەروونی و تەندروستی  و داراییان پێچەوانەكەی.هەندێك لەو منداڵانەش وتویانە بەناچاری بەشداری شەڕمان كردووە لەپێناوی ئەوەی لەژیاندا بمێنینەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە سەدان منداڵی لەدایكبووی ژێر دەستی داعش لە گەڕانەوەیاندا لەئێزدیەتی خۆیان بێبەش كراون و چەندین نمونەی تر هێنراوەتەوە لەسەر دابڕانی ئەو منداڵانەو دایكەكانیان و ئازارو كێشەی لەدایكبونیان . 

راپۆرتەكە نوسیویەتی: ئەو ژنانەی كەبەزۆر دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەروو منداڵیان لێیان بووە ناكرێ لەدوای ئەوەش ئازاربدرێن  و لەكاتێكدا خۆیان قوربانی دەستی ئەو تاوانانەن و ناكرێ لەمنداڵەكانیان دورخرێنەوە.

داوای لەڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان كردووە بەتایبەتی رێكخراوی كۆچبەرانی نێودەوڵەتی هاوكاری خێرای ئەو منداڵ و ژنانە بخەنە پێش هەركارێكی ترەوەو ژیانیان بۆ بگەڕێننەوە لەشوێنی خۆیان یان بیان گەیەننە وڵاتانی دەرەوەو لەچورچێوەی كاری مرۆڤانەدا لەگەڵ حكومەت و دەوڵەتە بیانیەكاندا كارەكانیان بۆ ڕێكخەن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە دەبێ ئەو منداڵانە دەرفەتی خوێندیان بۆ فەراهەم بكرێت و بەپێی بەرنامەیەكی پەروەردەیی دوور لەتوندوتیژی گۆشبكرێن و ترس و تۆقاندنیان لەبیر بەرنەوەو كەسایەتیان بۆ بگەڕێننەوە،ڕاپۆرتەكە باس لەو منداڵانە دەكات كەكێشەی زمانیشیان لەسایەی داعشدا بۆ دروستبووەو لەبری زمانی كوردی بەعەرەبی قسەدەكەن و كێشە بۆ خێزانەكانیشیان دروست بووەو لەپێناوی رزگاركردنیاندا هەندێكجار بە هەزاران دۆلاریان سەرفكردوە.

مات ویلز بەر لەشەشەمین ساڵیادی هێرشی تیرۆرستی داعش بۆسەر ئێزدیەكان داوایكرد حكومەتی عیراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێكیان بخەنەگەڕ بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو پێشێلكاریانەی كە كراوەتە سەر مافەكانی ئەو منداڵانەو پشتگیری تەواویان بكرێت لەهەستانەوەو دروستكردنەوەی كەسایەتیاندا.

لەكۆتایی راپۆرتەكدا هاتووە: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە 17 تا 27 ی  مانگی شوباتی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوەو چاویان كەوتووە بەچەندین منداڵ  لەقوربانیەكانی دەستی داعش  و 25 كەسی تری خێزانەكان و وەفدەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە68 پسپۆڕو بەرپرس و لەناویاندا پزیشكی چارەسەری دەروونی و كارمەندی رێكخراوە ناحكومیەكان و  بەرپرسی نەتەوە یەكگرتوەكان و بەرپرسە حكومیەكان  پێكهاتبوون و چەندین دیداریان ئەنجامداوە.

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا

س/ سایتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

 

 

Neue Bitmap.bmp

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket