riklam

عومه‌ر شێخموس: كورد له‌ڕۆژئاوا كارتی به‌هێزی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌

ی.ن.ک‌‌ 11:42 AM - 2019-10-15
.

.

سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێت: تره‌مپ درۆی له‌گه‌ڵ كورد كرد و سیاسه‌تێكی ڕوونی به‌رامبه‌ر به‌ كورد نییه‌ و له‌بۆچوونه‌كانیدا هاوسه‌نگی نییه‌.

سه‌عات 10:30 به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15-10-2019  ساڵۆنی كوردستانی نوێ له‌درێژه‌ی چالاكییه‌كانیدا  به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی سیاسی و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و مامۆستایانی زانكۆ كۆڕێكی بۆ سیاسه‌تمه‌تداری كورد مامۆستا عومه‌ر شێخموس له‌ژێر ناویی" ڕۆژئاڤا و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ركوردی سوریا پاش په‌لاماردانه‌ی سوپای توركیا" ڕێكخست.

له‌كۆڕه‌كه‌دا مامۆستا عومه‌ر شێخموو به‌تێروته‌سه‌لی تیشكی خسته‌سه‌ر كێشه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و ڕایگه‌یاند: توركیا به‌بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی په‌لاماری ڕۆژئاوای كوردستانی داوه‌ له‌كاتێك له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌سنووری ڕۆژئاوای كوردستان ته‌قه‌یه‌ك له‌ سنووری توركیا نه‌كراوه‌ و حكومه‌تی توركیا به‌دوای بیانوودا ده‌گه‌رێت و له‌بنه‌ڕه‌تدا دژی بوونی كیانی كوردییه‌.

مامۆستا عومه‌ر شێخموس ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵه‌كانی كورد كرد و ڕایگه‌یاند: ئیتر به‌سه‌ هه‌ڵه‌كردن و ده‌بێت كورد فێری سیاسه‌ت بێت و په‌ند له‌ هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی خۆی بگرێت و قوڵتر و وردتر بڕوانێته‌ سیاسه‌ت و ناكرێت هه‌ر 10 جارێك كورد تووشی نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ بیت و پشتی تێبكرێت و ده‌بێت كوردان ڕۆژئاوا پلانی هاوبه‌ش و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتریان هه‌بێت و له‌چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆژیاییه‌كی تایبه‌تدا نه‌ڕوانه‌ شته‌كان و بیرو فیكریان به‌رفراوانتر بكه‌ن.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆڕه‌كه‌دا له‌باره‌ی ئه‌مریكا و ڕۆڵی تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی ڕۆژئاوا وتیشی: هه‌رچه‌ند ده‌زگاكانی ئه‌مریكا، ڕای گشتی و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی كورد له‌ سوریا ڕوانگه‌ی ئیجابی و باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام تره‌مپ درۆی له‌گه‌ڵ كورد كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان ڕێككه‌وت و كه‌سیش نازانێت تره‌مپ و ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر چی ڕێككه‌وتوون  و پێده‌چێت دووباره‌ تره‌مپ سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد بگۆڕێت، چونكه‌ به‌شێك له‌ڕای گشتی ئه‌مریكا دژی ڕێككه‌وتنی تره‌مپ و ئه‌ردۆگانن.

له‌باره‌ی ڕێكه‌وتنی كورد و حكومه‌تی سوریاش وتی: ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌، ڕێككه‌وتنێكی سه‌ربازییه‌ و ڕێككه‌وتنێكی سیاسی نییه‌ و كورد له‌ سوریا كارتی زۆر به‌هێزی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریادا هه‌یه‌. نه‌وت و گاز و ئاو سێ كارتی به‌هێزن كه‌ كورد له‌ گفتوگۆكانیدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا به‌ده‌سته‌وه‌ و ده‌توانێت به‌كاربهێنێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی، له‌دوای ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ ساڵی 2011 وه‌ حكومه‌تی سوریا لاواز بووه‌ و توانای سه‌ربازی ته‌واوی نییه‌ ناچاره‌ له‌گه‌ڵ كورد ڕێكبكه‌وێت.

له‌باره‌ی روسیاش وتی: روسیا هه‌ڵوێستی خراپی نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و بۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی كورد ئیجابییه‌.

له‌ كۆتاییدا ئاماده‌بوانیش ڕاوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری باسه‌كه‌ خسته‌ڕوو.

PUKmedia    باشیلا جه‌عفه‌ر

وێنه‌/ حه‌مه‌ عومه‌ر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket