riklam

فەرموو دەست پێ بکە

بیروڕا 12:40 PM - 2019-06-20
.

.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق عادل عەبدولمەهدی، بەلاغێكی ورد و ئومێدبەخشی دەركردووە لەسەر دۆخی هێزەكانی عیراق بە هی هەموو ئاراستە و ناونیشانەكانییەوە. كورتەكەی ئەوەیە دوای نەمانی داعش و نزیكەی دوو دەیە لە كەوتنی سەدام، كاتێتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رێكبخرێنەوە و وا بن كە لە هەموو وڵاتێكی سەنگین و شایاندا هەیە: سنوورداركردنی چەك بە دەست دەوڵەت و ژێر سایەی ئەمری فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی وڵات.
فەرماندەی گشتی كە بەگوێرەی دەستوور هەر خۆشی سەرۆك وەزیرانی عیراقە، دوو تێبینی جوانی لە بەلاغەكەی تۆماركردووە؛ یەكێكیان سڵاو کردنە لە هەموو ئەو هێزانەی بە ناونیشانی جیاجیاوە لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕی ئیرهاب و داعشیان كردووە و دەستخۆشییان لێدەكات.
دووەمیان: ئاماژە بەوە دەكات هەموو شتێك بە یەكجار و بە یەك هەنگاو ناكرێت. سەبر و تەگبیر و شێنەیی دەوێت.
راست دەكات، لەبەرئەوەی راست دەكات و نیەتی باشە، پێشنیازی بۆ دەكەین كە لە شوێنێكەوە دەستپێبكات: كەركوك.
كەركوك ئەو شارەیە كە جاران پێیان دەوت بەرمیلە باروتەكە و بۆ خۆشەویستی نازناوی عیراقە بچووكەكەیان لێنابوو، چونكە پڕیەتی لە ئەتنیك و گروپی جیاجیا. كەركوك شوێنێكی باشە بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە پرۆژەکەیدا
ئێستا كە پێشمەرگەی كوردستانی لێ نییە و هەنجەتی هەستیاری دۆخی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رەچاو ناكرێت، باشترین شوێنە كە بیرۆكەكانی سەرۆك وەزیرانی تێدا تاقیبكرێنەوە. فەرموون كۆتایی بە دۆخی بە سەربازگەكردنی كەركوك بهێنن، لە حەشدەوە تا سوپای هەمە بنەچە کە هیچ رەگێكی رەواییان لە شارەكە نییە، مەگەر رەگی دیفاكتۆی هێز و دەستبەسەراگرتن نەبێت. سەرۆك وەزیران دەزانێ هێزی پێشمەرگە كە دەبووایە رەواترین هێزی ئەوێ بێت، ئێستا لەوێ نییە و هەموو جومگەكان دیارە لای حكومەتی ئیتحادییە كە بەداخەوە رەفتاری وەك حكومەتی مەركەزییە.
كەركوك وەكو هەر كراوەتە نیشانی تاقیكردنەوەی جیاجیا، با بكرێتە شوێنی تاقیكردنەوەی بیرۆكەی مەدەنی و ئاشتیخوازانەش . ئەوێ تاقیكردنەوەیەكی باشە بۆ یاسا و هێز و بیرۆكەی فیدرالی.
بەوە رێگە خۆش دەبێت بۆ مادەی 140 و ئاشتبوونەوە لەگەڵ لایەنێكی هەرە سەرەكی پرۆسەی رزگاریی عیراق كە كورد و كوردستانە.
كەركوك دەبێتە تاقیكردنەوە بۆ خۆڕاگریی بیرۆكە چاكسازییەكانی سەرۆك وەزیران كە تائێستاش لە ئەدەبیاتی كورددا بە "دۆستی كورد" ناوی دێت و هیوامانە تا سەر وا بێت و وای پێبوترێت.


ستران عەبدوڵڵا

PUKmedia /كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket