riklam

سینەمای ئێران.. هەنگاونان بەرەو لوتكە

ریپۆرتاژ‌ 03:45 PM - 2018-10-27
.

.

قسەكردن لەسەر سینەمای ئێران چەندە لە ڕووی هونەری و تەكنیكی سینەمایی وە گرنگی خۆی هەیە بەهەمان شێوە لەڕوی كلتوری و فەرهەنگییەوە بۆ سینەمای كوردی گرنگی تایبەتی هەیە، لە سینەمای ئێرانی دا نزیكی كلتوری و هاوسۆزیەكی تاڕادەیەكی زۆر لە چاو میلەتانی پێشكەوتوو لە سینەمادا وەك سینەمای ئەمریكی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئیتالی بۆ كلتوری كوردی دەبینرێت، كە ئەمە دەكرێت بكرێت بە بنەمایەك بۆ بنیات نانی سینەمای كوردی و بە پیشەسازی كردنی.

مێژووی سینەمای ئێران

كاتێك موزەفەرەدین شا لە ساڵی 1900 ز سەردانی یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی دەكات لەگەڵا خۆی كامێرایەكی وێنەگرتن دێنیتەوە، وە پاش ئەوەی لە ساڵی 1904ز یەكەم هۆڵی سینەما لە ئێران بنیات دەنرێت و ئامێری سینەماتۆگراف دێننە ئەو وڵاتە ئەمە دەكرێتە خاڵی سەرەتا و دەسپێكی سینەما لە ئێران دا كە فیلمە بیانیەكان كە تەنها لە جوڵە پێكهاتبوون نمایش دەكران.. تا ساڵی 1930 یەكەم فیلمی ئێرانی بەناوی (ئابی ورابی) لە دەرهێنانی ئافانیس ئوهانیان بەهاوكاری یەكەم وێنەگری سینەمای ئێرانی خان بابا موعتەزەدی بەرهەم دەهێنرێت، كە ئەم فیلمەش تەنها لە وێنە و جوڵە پێكهاتبوو، لە ساڵی 1940 یەكەم فیلم كە گفتوگۆی تێدا تۆمار كرابێت لە لایەن ئەردەشێر ئیرانی و بە ناوی (دختر لر) بەرهەمدەهێنرێت، وە پاشان فیلمی (چراغ های نیوورك) بەرهەم دێت، ئەم دوو فیلمە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە سینەمای ئێران دا، پاشان هەریەكە لە (ساموئیل خاشیكان، هوشنگ كاوسی، فروغ غفاری، ابراهیم گولستان، مسعود كیمیای، داریوش مهرجوئی، فریدون رهنما و علی حاتمی) وە چەندین سینەماكاری تر بە تەواوی بناغەی سینەمای ئێرانی جێگیر دەكەن.. وە ناكرێت لە هاوكاریەكانی ئەشرەف پەهلەوی كچی ڕەزا پەهلەوی و خوشكی محمد رەزا شا لەبیر بكەین كە عاشقی بەرەو پێشچونی سینەمای ئێران بووە و بە هەمو هەوڵ و توانای خۆی پشتگیری هونەرمەندانی كردوە و هەوڵی داوە پردی پەیوەندی بێت لە نێوان سینەماكارانی ئێران و سینەما و سینەماكارانی ئەمریكی.. كە لەو ماوەیەدا چەندین فیلمی ئێرانی بەرهەمهاتوە.

شۆڕشی ئیسلامی و سینەما

هەرچەندە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران گۆڕانكارییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێی هێنایە كایەوە بەڵام لەسەرەتادا كاریگەری نەرێنی لەسەر سینەمای ئێران دادەنێت چونكە قۆناغی پاش شۆڕش سینەما لەو وڵاتەدا قاڵبی خۆی نادۆزێتەوە تا ساڵی 1987 كە ئەكرێت سینەمای ئێران لە پاش شۆڕش تا ئەو ڕێكەوتە بە قۆناغی مت بوون ناوبنێن وە پاش ئەو ماوەیە بنەمایەكی نوێ بۆ سینەمای ئێران دادەڕێژرێت كە لەگەڵ بارودۆخی دوای شۆڕش دا بگونجێت.. ئیتر لێرەوە و لەو كاتەدا چەندین گەنج دەردەكەون كە كاری سینەمایی ناوازە بەرهەم دێنن لەوانە (محسن مخملباف، ابراهیم حاتم كیا، مجید مجیدی و ئەبولفەزل جلیلی) كە لەگەڵا گەورە سینەماكارانی پێش خۆیان لەوانە (عباس كیا روستمی، بەهرام بەیزایی و داریوش مهرجوی) چەندین فیلم بەرهەم دێنن كە لەگەڵا بارودۆخی پاش شۆڕش و جەنگی ئێران عێراق دا بگونجێت.

فێستیڤاڵ و كاریگەریەكانی

یەكێك لە هۆكارەكانی پێشكەوتنی سینەما لە ئێران بەشداربونی هونەرمەندانی ئێرانە لە فیستیڤاڵە جیهانیە بەناوبانگەكان وە هەروەها بەڕێوەچونی فیستیڤاڵی فەجرە لە ئێران كە تا ئێستا 36 خولی خۆی بەڕێ كردوە كە كاریگەرییەكی زۆر باشی هەیە بۆ هاندان و بەردەوامی دان بە بەرهەمهینانی فیلم و دەركەوتنی خوێنی نوێ چ لە ڕووی نواندنەوە بێت یاخود لە ڕوی بەرهەمهێنان و دەرهێنان و سیناریۆ نوسینەوە، كە ئەمەش هۆكاری بەردەوامی دانە بە سینەما لەو وڵاتەدا وە هەروەها بەشداریكردنی فیلمسازانی ئێران لە فیستڤاڵەكانی وەك ئۆسكار و كان و پڵنگی ئاڵتونی ئەڵمانیا بەهەمان شێوە كاریگەری زۆر باشی لەسەر سینەمای ئێران داناوە كە وای كردوە جێگەی تایبەتی لە نێو سینەمای پێشكەوتوی جیهان هەبێت.. كاتێك ساڵی 1998 فیلمی (بچەهای ئاسمان) ی مجید مجیدی لە فێستیڤاڵی ئۆسكار دەپاڵیۆرێت بۆ باشترین فیلمی بینای وە هەروەها بەدەستهێنانی خەڵاتی كان بۆ فیلمی (تامی گێلاس)ی عباس كیا ڕۆستەمی و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی تر لە ساڵانی دواتر دا بۆ هەریەكە لە (جعفر پناهی، ئەبولفەزل جەلیلی، ئەمیر نادری و ئەسغەر فەرهادی) وە هەوەها بەخۆشحاڵیەوە گەورە سینەماكاری كوردی ڕۆژهەڵات بەهمەنی قوبادی كە چەندین جار  بە فیلمەكانی (ساتێك بۆ مەستی ئەسپەكان، كیسەڵەكانیش دەفڕن، ئاوازی سەرزەمینی دایكم، نیوە مانگ)دەبێتە براوەی خەڵاتی كان، كاریگەری باشیان دەبێت لەسەر پێشكەوتنی سینەما لە ئێران دا.

سینەمای ئێران بەرەو پیشەیی بون

یەكێكی تر لە پێشكەوتنی سینەما لەو وڵاتەدا هەبونی هۆڵی سینەمایە، پاش ئەو چەند ساڵە سینەما لە ئێران دەبێت بە كلتور بەتایبەت لە نێو خێزان دا كە گرنگی دان بەسینەما و ڕۆشتن بۆ هۆڵەكانی سینەما دەبێت بە كاری ڕۆژانە، بەرهەمی نوێی سینما و سینەماكاران لەلای ئێرانیەكان جێگی گرنگی پێدانە، تا ساڵی 2013 لە سەرتاسەری ئێران و لە 60 شاری ئەو وڵاتە 247 هۆڵی سینەما بونی هەبووە لەم هۆڵانە ڕۆژانە بەرهەمی فیلمسازانی ئێرانی نمایش دەكرێن، سەرەڕای فرۆشتنی كۆپی ڕایتی ئەو فیلمانە تەنانەت دەبینین لەم ساڵانەی دوایی دا چەندین ماڵپەڕی سینەمای كراونەتەوە بۆ نمایش كردنی تازەترین فیلمی ئێرانی كە لە ڕێگەی كارتێكی پریپەید ئاسای كۆمپانیاكانی پەیوەندی و مۆبایل كۆدێك دەكڕیت و پاش داخڵكردنی ئەو كۆدە دەتونین لە ماڵەوە و لەسەر شاشەی كۆمپیوتەرەكەت فیلمێكی پێببینیت،كە ئەمانە هۆكاری زۆر گرنگن بۆ بەردەوامی دان بە هونەری سینەما لەوەش گرنگتر هونەرمەندا گرنگی تەواو بە بەرهەم هێنان و نوسینی سیناریۆی فیلمی واقعی هەڵقوڵاوی نێو كۆمەڵگا دەدەن زیاتر لەوەی گرنگی بە فیلمی ئارت بدەن باشترین نمونە پڕ فرۆشترین فیلم لە مێژوی سینەمای ئێران كە لە ئێستادا لە نێو سینەماكاندا نمایش دەكرێت  و زیاتر لە 36 ملیار تمەنی قازانج كردوە فیلمی (هزار پا) ی ئەبولحەسەن داوودییە لە نواندنی ڕەزا عەتاران و جەواد عزتی كە فیلمێكی كۆمیدی كۆمەڵایەتیە، وە هەروەها فیلمی (فرۆشندە) لە دەهێنانی (ئەسغەر فەرهادی) و نواندنی (شهاب حوسێنی و تەرانە علی دۆستی) یەكێكی ترە لەو فیلمە واقعیە ناوازانەی تر كە داهاتێكی زۆری هەبووە.

وە بەرهەم هێنانی درامای تەلەفزیۆنی یەكێكی ترە لە پێشكەوتنی فیلم و فیلم سازی لە ئێران وە دەركەوتنی چەندین ئەكتەری بەتوانا لە كوڕان و كچان كاری گەری باشی هەبووە لەسەر بەردەوامی فیلم لە ئێران بەتایبەت هەریەكە لە میهران مدیری و ڕەزا عەتاران علی صادقی و ئاناهیتا هیمەتی و چەندین ئەكتەری تر.

لە كۆتایدا دەبێت ئەوە بزانین كە ئێستا فیلم لە ئێران لە لایەن كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانەوە بەرهەم دەهێنرێت كە لە پێش هەمو شتێك قازانج و زەرەر لە بەرچاو دەگیرێت وەك چۆن كۆمپانیاكانی هۆلیۆد بەهەمان شێوە كاردەكەن كە ئەمە دەبێت بە وەرچەرخانێك كە فیلمی باش و بەپێز بەرهەم بهێنرێت و پارە لە فیلمی ئاست نزمدا بە فیڕۆ نەدرێت.

 دەكرێت ئەم قۆناغە لە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەرەتا دابنرێت كە وەك چۆن لە ئێران و لەسەرتاكانی سینەمادا دەوڵەت پشتگیری تەواوی ئەم هونەرەی كردووە لە فەند كردنی و كردنەوەی چەندین ئاموزش و كۆلیژی هونەر و بەشی جیاواز بۆ ژانەرەكانی سینەما وە هاوكاری كردنی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم بەهەمان شێوە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان حكومەت پشتگیری كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی فیلم بكات ئەوانەی كە ئێستا هەن و ئەوانەشی كە لە داهاتودا دادەمەزرێن تا سینەما لە كوردستان دا ببێت بە پیشەسازی كە داهات و قازانجی هەبێت.

PUKmedia  ئاراز عەبدولرەحمان

 

image001.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket