riklam

سزای دوو ساڵ بەندكردن بەسەر پەرلەمانتار حەسەن ئەلخەفاجیدا سەپێندرا

عیراق 03:47 PM - 2026-07-23
لۆگۆی دەستەی دەستپاكی عیراق PUKMEDIA

لۆگۆی دەستەی دەستپاكی عیراق

عيراق

دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند: دادگا سزای دوو ساڵ بەندكردنی بەسەر حەسەن ئەلخەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیی لە كەیسێكی سەرانەسەندنی 500 هەزار دۆلاری و داواكردنی پشك لەپڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون.

دەستەی دەستپاكی عیراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە 23ی 7ی 2026، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دادگای تایبەت بە تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای بەسەر حەسەن ئەلخەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی هەستاوە بەسزادان و سەرانەسەندن لەسكاڵاكار (مستەفا فەعل مشتت)، و داوای بڕی 500 هەزار دۆلاری لێكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ناوبراو داوای تۆماركردنی رێژەی 40% ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی حەورائی بەغدادی كردووە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەناوی یەكێك لەكارمەندانی نووسینگەكەی، لەبەرامبەر بەڵێنی دەستوەردان لەڕێكارەكانی پەیوەندیدار بە كاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاكی فیدراڵی بۆ داخستنی كەیسی هەڵئاوسانی سەرمایەو هەڵگرتنی دەستبەسەرداگرتن لەسەر سامانی سكاڵاكارەكە، جگە لەدەستوەردان لەلای دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لەپڕۆژەی نیشتەجێبوونی جەوهەرەی بەغداد، بێ ئەوەی هیچ سیفەت و دەسەڵاتێكی یاسایی هەبێت.

دەستەكە روونیشی كردوەتەوە: دادگا پشتی بە كۆمەڵێك بەڵگە بەستووە، لەوانە، دانپێدانانی تۆمەتباری دووەم (ئەنوەر سەباح عەبد سادق)، كۆنووسی تۆمارە دەنگییەكان، وتەی شایەتحاڵەكان، و وێنەیەك لە گرێبەستە ئیمزاكراوەكە.

ئەوەشی خستەڕوو: پاش پێداچوونەوە بە بەڵگەكان، دادگا بەپێی ئەحكامەكانی ماددەی (452/1) لە یاسای سزادانی عیراقی، بڕیاری بەندكردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەر حەسەن ئەلخەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا سەپاند.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket